لە دوایین شەوی گواستنەوەی هاوینەی یاریزاناندا یانەی لیڤەرپوول کۆتایی بە چاوەڕوانیی هاندەرانی هێنا و گەورەترین گرێبەستی لە مێژووی تۆپی پێی بەریتانیادا راگەیاند.
لیڤەرپوول دوای ماوەیەکی زۆر لە هەوڵدان، لە کۆتاییدا لەگەڵ یانەی نیوکاسڵ گەیشتە رێککەوتن و گواستنەوەی ئەلیکساندەر ئیساک، هێرشبەری سوێدیی بۆ ریزەکانی یانەکەی راگەیاند.
ئیساک سەرلەبەیانی رۆژی دووشەممە چووە لیڤەرپوول پشکنینی پزیشکیی ئەنجامدا و درەنگانی شەو بەفەرمی گرێبەستەکەی راگەیێنرا و ئەو یاریزانە بەرامبەر 125 ملیۆن پاوەند لە نیوکاسڵەوە بۆ ماوەی شەش ساڵ پەیوەندیی بە ریزەکانی یانەی لیڤەرپوولەوە کرد.
دوای راگەیاندنی گرێبەستی یاریزانەکە، هێرشبەرە سوێدییەکە بووە گرانترین یاریزان لە مێژووی گواستنەوەی پرێمەرلیگدا و پێشتر هیچ یاریزانێکی دیکە بەو نرخە نەگواستراوەتەوە.

































































