ڕاپۆرتە ڕۆژئاواییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئێران خۆی ئامادە دەکات بۆ لەسێدارەدانی نزیکەی 100 کەس بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل، ئەمەش لە دوای هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر زیندانی (ئێڤین) لە 23ی حوزەیرانی ڕابردوو لە ماوەی ئەو شەڕەی کە 12 ڕۆژی خایاند.
ڕۆژنامەی (سەندی تایمز) لە زمانی پارێزەرێكەوە كە رۆژنامەی (شەرق ئەلئەوسەت) وەرگێڕانی بۆ كردووە، ئاماژەی بەوە داوە کە دەسەڵاتدارانی ئێران هەڵمەتێکیان دژی زیندانییەکان دەستپێکردووە و هەندێک لە دادوەرەکان پێیان وایە پێویستە ئێران تۆڵەی کوژرانی سەرکردەکانی بکاتەوە، لە کاتێکدا دەسەڵاتی دادوەری بە خێراییەکی پێشبینینەکراو سزاکانی لەسێدارەدان پەسەند دەکات بەبێ پەیڕەوکردنی ڕێکارە یاساییەکان كە ژمارەیان گەیشتووە بە 100 كەس.
هەروەها پارێزەرەکە دەڵێت: “هەندێک لە تۆمەتباران بە سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل لە بنەڕەتدا بەهۆی بەشداریکردنیان لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی دژی ڕژێمی ئێران دەستگیرکرابوون، بەڵام ئێستا بە دۆسیەی هەڵبەستراو و دانپێدانانی وەرگیراو لەژێر ئەشکەنجەدا سزا دەدرێن.”































































