دادگای سلێمانی لە دانیشتنێکدا سزای پێنج مانگ زیندانیکردنی بەسەر شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێدا سەپاند، سزاکە بەهۆی سکاڵای پەرلەمانتارێکی پێشووی ئەو حیزبەوە بووە.
رۆژی سێشەممە 2ـی ئەیلوول، لە سێیەمین دانیشتنی دادگاییکردنی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ، دادوەر بڕیاری دا بە پێنج مانگ زیندانیکردن سزای بدات.
شاسوار عەبدولواحید رۆژی 12ـی ئاب لەسەر سکاڵای شادی نەوزاد، کە پەرلەمانتاری پێشووی نەوەی نوێ بوو، دەستگیر کرا، دوای دەستگیرکردنی دادگای سلێمانی رایگەیاند کە چەند سکاڵایەکی دیکەش لە دژی تۆمار کراون.
لە دانیشتنی دووەمی دادگاییکردنی سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێدا، دادوەر بڕیاری شەش مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپاند، بەڵام ئەمڕۆ دادوەر بڕیاری کۆتایی لەسەر دۆسیەکە دا و سزاکەی بۆ پێنج مانگ بەندکردن کەم کردەوە.
شاسوار عەبدولواحید، شەوی 12ـی ئاب، بە بڕیاری دادوەر دەستگیر کرا و یەکەم دادگاییکردنی لە 21ـی ئاب لە دادگای سلێمانی بەڕێوەچوو.

































































