مستەفا دۆڵەمەری-مێرگەسۆر:
لە پێناو خزمەت گەیاندن بە خەڵك و ڕەخساندنی هەلی كار بۆ هاووڵاتییان و برەودان بە بەرهەمی ناوخۆی وڵات، كارگەی زۆم لە سنووری قەزای مێرگەسۆر، لەسەر راسپاردەی سەرۆك بارزانی، و لە ژێڕ سەرپەرشتی راستەوخۆی مەلا مستەفا بارزانی دامەزراوە .
شەهرام سەعید ناوخۆش، بەڕێوەبەری كارگەی زۆم، بە زاری کرمانجی گووت:” ئەم كارگەیە زۆر پێویست بوو بۆ خەڵكی دەڤەری بارزان، چونكە لە رابردوودا خەڵكێكی زۆر كێشەی ساغكردنەوەی بەرهەمەكانیان هەبوو و بۆیە كارگەی زۆم بووە هۆكارێك بۆ ئەوەی كە چیتر ئاژەڵدار و گوندنیشینانی ئەو ناوچەیە گلەیی ساغبوونەوەی شیرەكەیان نەكەن.
بەڕێوەبەری كارگەی زۆم، دەشڵێت: لە پێناو كەمكردنەوەی تێچووی گواستنەوەی شیر و ئەركی سەر شانی ئاژەڵداران، هەڵساین بە دامەزراندنی تۆڕێكی بەرفراوانی بنكەكانی كۆكردنەوەی شیر لە سنووری هەردوو پارێزگاری هەولێر و پارێزگای دهۆك و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، كە بریتین لە ٢٥ بنكە كە بەپێی سنووری جوگرافی و لەسەر داواكاری ئاژەڵداران دامەزراون و ٣ بنكەی دیكەش لە دەڤەری باڵەكایەتی و دەشتە هێرت و ڕواندز، تا كۆتای مانگی هەشت دەكەونە خزمەت هاووڵاتییان و لە ڕێگەی ئەم بنكانەوە كۆمپانیای زۆم ڕۆژانە شیری تازەی مانگا لە ئاژەڵداران دەكرێت و لەم پرۆسەیەدا ٢،٧١٢ دوو هەزار وحەفت سەدو دوانزە، خانەوادەی گوندنشین و ئاژەڵدار سوودمەند بوونە و بۆتە سەرچاوەیەكی داهات بۆیان و بەرهەمەكانی ئەو كارگەیە بریتین لە ماست و ماستاو، قەیماغی لولپێچی خۆماڵی و پەنیری سپی، پەنیری كەم چەوری و ماستی سروشتی كەم چەوری.
بەڕێوەبەری کارگەی زۆم، ئاماژەی بەوەشدا:” كارگەی زۆم بۆتە هۆی كەمكردنەوەی ڕێژەی بێكاری و بەرزكردنەوەی هێزی كاری ناوخۆیی بە شێوەیەك كە هەلی كاری بۆ ٣٢٨ هاوڵاتی رەخساندووە وەكو كارمەندی خۆماڵی كاردەكەن، لە هەموو شتێك گرینگتر و جیاوزتر لە پڕۆژەكانی تر ئەوەیە كە داهاتی ئەم كارگەیە بۆخزمەتگوزاری و پێداویستیەكانی دەڤەرەكەیە و بۆ دروستكردنی چەندین كارگەی دیكە لە داهاتوودا.
گووتیشی: لە پێناو پارێزگاریكردن لە تەندروستی هاووڵاتییانی كوردستان، كارگەی زۆم لە سەرەتای پڕۆسەی كۆكردنەوەی شیر تا گواستنەوەی بۆ ناو كارگە و دروستكردنی بەرهەم و ناردنیان بۆ بازاڕ، پابەندە بە هەموو ڕێنماییە تەندروستیەكان بۆ بەرهەمهێنانی بەرهەمی %١٠٠ سروشتی و خۆماڵی، كارگەی زۆم مۆڵەتی لە لایەن وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەدەست هێناوە و هەموو بەرهەمەكانی زۆم بە شێوەیەكی بەردەوام لە تاقیگەكانی بەشی چاودێری تەندروستی و سەلامەتی خۆراك پشكنینی تەندروستیان بۆ دەكرێت و دوای دەرچوونیان لە پشكنین دەخرێنە بازار و دەگەنە دەست هاووڵاتییان و كارمان لەسەر ئەوە كردووە كە بەرهەمەكانی ئەو كارگەیە هەناردەی وڵاتانی دەرەوە بكەین و تەواوی ئامادەكاریكانمان كردوون و سەرجەم رێكارەكانمان ئەنجام داون و لە ماوەیەكی نزیكدا بەرهەمەكانی كارگەی زۆم هەناردەی وڵاتانی دەرەوە دەكرێن.
لە كۆتای قسەكانیدا، شەهرام سەعید ناوخۆش، بەڕێوەبەری كارگەی زۆم، گووتی: بە پێویستی دەزانین سوپاسی مەلا مستەفا بارزانی بكەین بۆ دروستكردن و دامەزراندنی ئەو كارگەیە، كە خزمەتێكی زۆری بە گوندنشینان و جوتیاران و ئاژەڵدارانی دەڤەرەكە گەیاندووە و تاكە كارگەی قازانج نەویستە، واتە تاكە كارگەیە كە زۆرترین هاووڵاتی لێی سوودمەند بووە.


































































