بەرەی گەل لە بارەی دەستگیرکردنی ئەندام و لایەنگرانیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سلێمانیەوە راگەیاندنێکیان بڵاوکردەوەو ئاماژە بەوە دەدەن: ماوەی دە رۆژە میلیشیا لە یاسا دەرچووەكانی یەكێتی نوێ بەردەوامن لە رەشبگیری لایەنگرانمان”.
لە راگەیاندنەکەدا داوا لە سەرۆكی هەرێم دەكەن بەزوترین كات دەستوەردان بكات و ئەو كردەوە نامرۆڤانە رابگرێت.
بەرەی گەل نووسوویانە ” میلیشیا لە یاسا دەرچووەكانی یەكێتی نوێ، رۆژی (٢٢) ئاب بەبێ بوونی هیچ پاساوێكی سیاسی و یاسایی هەڵیانكوتایە سەر ماڵی لاهور شێخ جەنگی، سەرۆكی قەوارەی بەرەی گەل و ئەندامی هەڵبژێردراوی پەرلەمانی كوردستان و ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایش، دوای شەهیدكردنی چەند پاسەوانێكی تایبەتی ماڵەكەی، خۆی و ژمارەیەك لە هەڤاڵەكانی دەستگیركراون، كە تائێستا چارەنوسیان نادیارە”.
زیاتر روونكراوەتەوە ” ماوەی دە رۆژە میلیشیا لە یاسا دەرچووەكان بەردەوامن لە رەشبگیری و هەڵیانكوتانە سەر ماڵی لایەنگرانی بەرەی گەل، لێرەوە داوا لە حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێم دەكەین، بەتایبەت سەرۆكی هەرێم كە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانە، بەزوترین دەستوەردان بكات و ئەكردەوە نامرۆڤانە رابگرێت”.
لە کۆتایی راگەیاندنراوەکەدا بەرەی گەل داوا دەكات،” یاسا بەبێ هەژمونی حزبی و كەسی كاری خۆی بكات، نەك هێزی میلیشیایی و ویست و رقی كەسی.”
بەرەبەیانی رۆژی22-8-2025 هێزێکی زۆری ئەمنی هێرشیان کردە سەر ماڵ و بارەگای لاهور جەنگی لە گردی سەرچنار و دوای چەند کاتژمێر شەڕ و پێكدادان بارەگا و ماڵەکەیان کۆنترۆڵکرد.
































































