ئەژین غەفار-سۆران
بە سەرپەرشتی سەنتەری پەرەپێدانی زانكۆی سۆران و هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای خێرخوازی بارزانی؛ خولێك بەڕێوەدەچێت لە ژێر ناوونیشانی (ئاڕاستەكردنی تواناكان بەرەو بازاڕی كار).
ڕێبەر عەبدولغەفار، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی زانكۆی سۆران، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: لەپێناو پێگەیاندنی قوتابیان بۆ بازاڕگەری، خولێكی ڕاهێنانی پیشەیی لە نێوان زانكۆی سۆران و دەزگای خێرخوازی بارزانی بەڕێوەدەچێت.
گوتیشی: ” خولەكە لە ڕۆژی دووشەممە، بەرواری ۱ـی ئەیلولی ۲۰۲٥ دەست پێ دەكات بۆ ماوەی یەك هەفتە درێژە دەكێشێت. ئامانج لەم خولە بەرزكردنەوەی ئاستی توانای قوتابییانە بۆ بازاڕی كار و ڕاهێنانییان لەسەر خۆبەڕێوەبەری لە قەیرانەكان و چەندین كارامەییتر.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی زانكۆی سۆران، ئاشكراشی دەكات: ژمارەی كورسییەكان سنووردارن و تەنیا توانای وەرگرتنی ۱٤۰ فێرخوازییان هەیە لە خولەكە.

































































