موڕشید برادۆستی – سۆران :
هاووڵاتییان لە نرخی سەموون و نانی نانەواخانەکان نیگەرانن و ئاماژە بەوە دەکەن، هەر شوێنە و بە جۆرێک گۆڕانکاری لە ژمارەی نان دەکەن، لیژنەی ئابووری قەزای ناوەندی سۆرانیش لەو بارەوە هۆشداری دەدات.
سانع ستار سەرۆکی لیژنەی ئابووری سۆران، بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند:” هەر سەموونخانە و نانەواخانەکان دەبێت کێشی” ئەنگووتک”یان لە ” 650 “گرام کەمتر نەبێت، ئەوجا ئەگەر سەموونەکان 8 یان 10ی لێ دروست بکرێت، هەروەها لە نانیش ئەگەر چوار نان یان شەشی لێ دروست بکرێت، دەبێت کێشی ئەنگووتک هەر ئەوەندە بێت کە دیاری کراوە و نرخیشی بە هەزار دینارە .
سەرۆکی لیژنەی ئابووری سۆران، ئهوهش دهڵێ : هەر شوێنێک جیاوازی لە کێشی ” ئەنگوتک “ی هەویری نانەکەی بکات، بە دڵنیایەوه سزا دهدرێت، هەر هاووڵاتییەکیش تێبینییەکی لەسەر سەموونخان و فڕنەکان هەبێت، پێویستە ئاگاداری لیژنەکەمان بکاتەوە.
گووتیشی:” ژمارەیەک سەموونخانە بە هۆکاری جیاواز سزا دراون، بەشێکیان پابەندی ڕێنمایەکانمان نەبوونە، هەندێکیشیان قەبارەی سەموونی گەس فرۆشانیان بە مەبەست بچووک کردبووەوە، لە نزیکەوە چاودێریمان کرد و سزامان دان.