زاری كرمانجی-خەلیفان
قائیمقامی قەزای خەلیفان، دەڵێت: پڕۆژەی ماستەرپلانی گەشتیاری ئیدارەی سۆران لە دەروازەی قەزای خەلیفان دەستی پێكردووە، كە خۆی دەبینێتەوە لە تاڤگەی گەلی عەلیبەگ و دروستكردنی تەلەفریك، ئەمەش جگەلەوەی سیمایەكی پێشكەوتوو بە دەڤەرەكە دەبەخشێت، لە هەمانكاتیشدا بە جێبەجێكردنی هەلی كار بۆ هاووڵاتییان و گەنج و لاوانی سنوورەكە دەڕەخسێنێت.
مەغدید عەریف ئەحمەد، قائیمقامی قەزای خەلیفان، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: یەكێك لە دەسكەوتنەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كاركردنە لەسەر جێبەجێ كردنی ماستەرپلانی گەشتیاری، كە یەكێكە لە پڕۆژە گرینگەكان كە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، كە بەشێكی ئەو ماستەر پلانە، دەكەوێتە سنووری قەزای خەلیفان، ئێستا قۆناغی یەكەمی دەستكراوە بە جێبەجێ كردنی لە تاڤگەی گەلی عەلیبەگ، هەروەها قۆناغەكانی دیكەش جێبەجێ دەكرێت.
گووتیشی: ” بە جێبەجێكردنی ماستەرپلانی گەشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، خەلیفان پێدەنێتە قۆناغێكی پێشكەوتووتر، چونكە قەزای خەلیفان دەكەوێتە دەروازەی ئیدارەی سۆران، پڕۆژەی ماستەرپلانەكەش بە هەمان شێوە لە دەروازەی قەزای خەلیفانە كە خۆی دەبینێتەوە لە تاڤگەی گەلی عەلیبەگ و دروستكردنی تەلەفریك، ئەمەش جگەلەوەی سیمایەكی پێشكەوتوو بە دەڤەرەكە دەبەخشێت، لە هەمانكاتیشدا بە جێبەجێكردنی هەلی كار بۆ هاووڵاتییان و گەنج و لاوانی سنوورەكە دەڕەخسێنێت، هەروەها گەشتیارێكی زیاتر ڕوو لە سنوورەكە دەكات.
































































