
بە تۆمەتی” ناوزڕاندن” دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی بانگهێشتنامەیەکی فەرمی ئاراستەی سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی جووڵانەوەی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق کردووە، بۆ ئامادەبوون لە دادگا.
دادگاکە نووسراوێکی فەرمی بۆ ئامادەبوونی سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ، ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق کردووە.
سورێن ئەبوبەکر عارف، نوێنەری یاسایی، سكاڵاكەی تۆمار کرادووە.
دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی داوای لە سروە عەبدولواحید کردووە ڕۆژی سێشەممە، 23ـی کانوونی یەکەمی 2025، لە دادگای کەتنی سلێمانی/2 ئامادە بێت.
ئەم بانگهێشتنامەیە لەسەر بنەمای ماددەی 433ـی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ـی ساڵی 1969 دەرچووە، کە تایبەتە بە تاوانەکانی ناوزڕاندن. بانگهێشتنامەکە لەلایەن دادوەر کەمال رەزا ئەحمەدەوە واژۆ کراوە و لە ڕۆژی 01ـی تەمموزی 2025 دەرچووە.
دادگا هۆشداریداوە کە بەپێی یاسا، لە حاڵەتی ئامادەنەبوونی تۆمەتبار لە وادەی دیاریکراودا، ڕێوشوێنی یاسایی پێویست لە دژی دەگیرێتەبەر.
ماددەی 433ـی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ـی ساڵی 1969، یەکێکە لەو ماددانەی کە بەشێوەیەکی بەربڵاو لە دۆسیەکانی “ناوزڕاندن” و “سووکایەتیکردن” بەکاردێت. ئەم ماددەیە ڕێگە بە هەر تاکێک یان دامەزراوەیەک دەدات کە هەست بکات ناوزڕاندنی لێکراوە، سکاڵا تۆمار بکات.

































































