” هەر كەس و لایەنێك داوای پێدانەوەی ئاژەڵەكە بكات پێویستە خۆی پێبژاردنی لە جیاتی خاوەنەكەی بدات “
راپۆرت-زاری كرمانجی
هاووڵاتییان نیگەرانن لەو كەسانەی لە سەنتەری شارو شارۆچكەكان ئاژەڵ بەخێودەكەن و بەڕەلڵای گەڕەك و كۆڵانەكانیان دەكەن، شارەوانی سۆران هەڵمەتی فرەوانی دەستبەسەرداگرتنی ئاژەڵی ماڵی سەر شەقامەكان دەستپێدەكات و دەستبەسەر ئەو ئاژەڵانەدا دەگیرێت كە لە ناو گەڕەكەكان و سەر شەقامەكان بەرەڵا دەكرێن.
سەردار یاسین، هاووڵاتییەكی دانیشتووی شاری سۆران، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: بەداخەوە كەسانێك بەبێ هەست كردن بە بەرپرسیارییەتی لەسەنتەری شارو شارۆچكەكان ئاژەڵی ماڵی وەك مانگا و بزن بەخێودەكەن و بەڕەلڵای ناو شەقام و گەڕەكەكانی شاریان دەكەن، وابیر دەكەنەوە كە لەوەڕگای ئاژەڵان بێت، ئەوەش وادەكات كە زیان بە درەخت و سەوزایی شار بگەیەنن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو خەشاك و پاشماوانەی لەبەردەم دەرگای ماڵەكان دادەنرێن، هەمووی پەرت و بڵاوی دەكەنەوە، ئەوەش دوورە لە سیمایی شارستانی.
ئەو هاووڵاتییە داواكارە لەو جۆرە ئاژەڵدار و هاووڵاتییانە، هەست بە بەرپرسیارییەتی بكەن و بەو شێوەیە ئاژەلڵاكانیان بەڕەلڵای سەر شەقام و كۆڵان و گەڕەكەكان نەكەن، چونكە هەم زیان بە ژینگەی شارەكە دەگەیەنن، هەمیش بوونەتە هۆی بێزار كردنی هاووڵاتییان، ڕاستە بەخێوكردنی ئاژەڵداری كارێكی باشە، بەڵام ئەگەر بەشێوەیەكی تەندروست بێت، بۆ نمونە دەتوانن لە دەرەوەی شارەكان شوێنی تایبەت بە بەخێوكردنی ئاژەڵیان هەبێت، نەك سەنتەری شارو شارۆچكەكان.
ئەسعەد حاجی قادر، هاووڵاتییەكی دیكەی دانیشتووی سنووری ئیدارەی سۆران، نیگەرانی خۆی دەربڕی لەو كەسانەی ئاژەڵەكانیان بەڕەلڵای ناو شەقام و گەڕەكانی شار دەكەن و گووتی: گرنگی دان بە ژینگەو سەوزایی سەرچاوەی تەندروستی مرۆڤە، بۆیە ئەركە هەر تاكێكی ئەو وڵاتە لەم ڕووەوە هەست بە بەرپرسیارییەتی بكات و ژینگەی دەوروبەری بپارێزێت، بەڵام بەداخەوە لە بری ئەوە كەسانێك ئاژەڵەكانیان بەڕەلڵای كوڵان و شەقام و شۆستەكانی شار دەكەن، ئەمەش دەبێت هۆی زیان گەیاندن بە سەوزایی و دارو درەختەكان.
دەشڵێت: جگەلەوەش پەرتوبڵاوكردنی پاشماوەی خواردن و خاشاكی بەردەم ماڵەكان، هۆكاریكی دیكەیە بەهۆی ئەو ئاژەڵانە، دواجار بۆنی ناخۆش لە شوێنەكە بڵاودەبێتەوە، هەروەها ئەركی دانیشتووانی ئەو شوێنەو كارمەندانی پاككەرەوە قورستر دەكات بۆ كۆكردنەوەی ئەو پاشماوانە، لەڕووی تەندروستیشەوە خواردنی ئەو جۆرە پاشماوانە بۆ ئاژەڵەكان شیاونییە، هەم مەترسییە بۆ مردن و نەخۆشكەوتنیان بەهۆی خواردنی نایلۆن و ئەو جۆرە شتانە، لە هەمانكاتیشدا كاریگەری دەبێت لەسەر ناتەندروستی شیر و گۆشتی ئاژەڵەكە لە ڕووی خواردنی هاووڵاتییانەوە.
خوازیاریش بوو لە تیمەكانی شارەوانی، سزاكانیان توندتر بكەن بۆ ئەو كەسانەی ئاژەڵەكانیان بەڕەلڵای ناو گەڕەك و شەقامەكان دەكەن، بە دەستبەسەر كردنی ئاژەڵەكانیان و پێبژاردنی دارایی، هەروەها هاووڵاتییانیش لە هەرشوێنێك ئاژەڵی بەڕەلڵا ببینن بە زوویی تیمەكانی شارەوانی ئاگادار بكەنەوە، بۆ ئەوەی دەستیان بەسەر دابگرن و بیانگوازنەوە بۆ شوێنێكی دیاریكراو، ئەمەش لە بەرژەوەندی هەموو لایەكەوەیە.
دەربارەی ئەو دیاردەیە شارەوانی سۆران هاووڵاتییان ئاگادار دەكاتەوە: هەڵمەتی فرەوانی دەستبەسەرداگرتنی ئاژەڵی ماڵی سەر شەقامەكان دەستپێدەكات و دەستبەسەر ئەو ئاژەڵانەدا دەگیرێت كە لە ناو كۆڵان و گەڕەكەكان و سەر شەقامەكان بەڕەلڵا دەكرێن و دەبنە هۆی لە ناوبردنی دار و سەوزایی سەر شەقام و شۆستەكان و هاوكات پیشاندانی سیمایەكی ناشارستانی.
لە ئاگادارییەكەدا ئەوەش خراوەتەڕوو: ڕێكاری یاسای توند دەگیرینەبەر بەرامبەر بە خاوەن ئاژەڵەكان و دەست بەسەر ئاژەڵەكانیان دەگیرێت و سزا دەدرێن، هۆشداری ئەوەش دراوە كە چاوپۆشی لە كەس ناكرێت و هەر كەس و لایەنێك داوای هاوكاری بۆ ئەم بابەتە بكات پێویستە خۆی ئامادە بێت پێبژاردنی لە جیاتی خاوەن ئاژەڵەكە بدات.

































































