شەهلا ڕەشید- زاری کرمانجی :
ڕەحمی سوڕاو شێوازێکی ڕەحمی ئافرەتانە کە شتێکی ئاساییە لە ئافرەتاندا، ڕەحم بۆ لای دواوە دەچێت لە جیاتی ئەوەی بۆ پێشەوە بێت کە پێی دەڵێن ڕەحمی وەرگەڕاوە، زۆر لە ئافرەتان بە شێوەی سروشتی خۆیان ڕەحمیان سوڕاوە .
هۆکارەکانیشی سکپڕی، ڕاوەستانی سووڕی مانگانە، شل بوونی ڕەحم کە زۆر لە ئافرەتان خۆیان ڕەحمیان شلە، زۆر جاریش دەگونجێت ڕەحمی بسووڕێت کە پێشتر تووشی ئەو حاڵەتە نەهاتبێت، هەندێک جار هەبوونی گرێ یان سکپڕی دەبێتە هۆی سووڕانی ڕەحم و هەبوونی ڕووشان لە شانەکانی ناوپۆشی ڕەحم دەبێتە هۆی سووڕانی ڕەحم، ئەویش بەهۆی هەوکردنی حەوز یان بۆڕی ڕەحم .
هەروەها سووڕانی ڕەحم هیچ نیشانەیەکی جیاکەرەوەی نییە کە تایبەت بێت بۆ ئەم حاڵەتە، بەڵام هەندێک جار دەبێتە هۆی بێزار بوون یان ئازار لە کاتی سەرجێیکردن و ئازار لە کاتی سووڕی مانگانە، هەبوونی ئازار لە کاتی پەنجە خستنە سەر ڕێکە، کەم جاریش دەبێتە هۆی ئازار لە خوارەوەی پشت و دووبارە بوونەوەی هەوکردنی بۆڕییەکانی میز، چرکە میزە و نەزۆک، ئەو حاڵەتە لە کاتی پشکنینی ناوچەی حەوز دەردەکەوێت، بەڵام جاری واش هەیە لەگەڵ حاڵەتی هەبوونی گرێ لە ناوچەی حەوز یان فراوان بوونی گرێ لیمفاوییەکان تێکەڵ دەبێت .
چۆن ڕەحمی سوڕاو دەستنیشان دەکرێت ؟
له رێگهى پزیشک و بە پشکنینی سۆنەر دەتوانرێت زۆر بە وردی شوێنی ڕەحم دیاری بکرێت لە کاتی پێویستدا .
چارەسەرییەکەی چییە ؟
حاڵەتەکە زۆر پێویستی بە چارەسەر نییە، هەر گرژیەک لە پەردەکانی ناو پۆشی ڕەحمدا هەبێت دەبێت لە کاتی پێویستدا چارەسەر بکرێت، ڕەحمی سوڕاو بە شێوەیەکی ئاسایی نابێتە هۆی گیروگرفت، چەند ڕاو بۆچوونێکیش هەیە لەو بارەیەوە وەک
- وەرزش کردن ڕێخۆشکەرێکە بۆ هێنانەوەی ڕەحم بۆ شوێنی خۆی .
- نەشتەرگەری بۆ جێگیرکردنی ڕەحم لە شوێنی خۆی، سووڕانی ڕەحم دەگونجێت هۆکارەکەی بریتی بێت لە چەند جارێک هەوکردنی بەدوای یەکدا، یان پەستانێکی زۆر بەهۆی گرێ، یاخود ڕووشانی پەردەی ناو پۆشی ڕەحم، پێویستە دڵنیا بیت لەوەی ئەو هۆکارانەی باسمان کرد بوونیان نەبێت بەتایبەتی ئەوانەی ئازار یان نیشانەکانی ئەو حاڵەتەیان تێدایە .
س/ سایتی زانیاری