بەڕێوەبەری پەیوەندی و ڕاگەیاندنی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند کە بڕیارە گەورەترین شاندی بازرگانیی ئەمریکا سەردانی ھەرێمی کوردستان بکات بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی ئابووریی و بازرگانی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان.
عەبدولخالق محەمەد، بەڕێوەبەری پەیوەندی و راگەیاندنی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی (پارتی دیموکراتی کوردستان)ی ڕاگەیاندووە: “پڕۆژەیەک ھەیە بە ناوی دارستانی کونسوڵخانەکان لە شاری ھەولێر، ئەمە بیرۆکەی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە و پێشنیازی کردووە و قسەش لەگەڵ شارەوانی و لایەنی پەیوەندیدار کراوە و زەوی دابین کراوە و کاردەکرێت بۆ بەدواداچوونی زیاتر و ئامادەکردنی دیزاینی باشتر، بۆ ئەو مەبەستەش قسە لەگەڵ کۆنسووڵخانەکان دەکرێت بۆ ئەوەی بزانین کامەیان ئامادەن بەشداری لەو پڕۆژەیەدا بکەن، ئەمەش بۆ ئەوەی ڕێژەی سەوزایی لە ھەرێمی کوردستان زیاتر بێت، چونکە کونسوڵخانەکانیش ئەم پڕۆژەیەیان پێ باشە و وڵاتی چین بڕیارە حەوت پارک دروست بکات، یەکێک لەوانە تەواو کراوە، بۆیە کونسوڵخانە و نوێنەرایەتیی وڵاتان لە ھەرێمی کوردستان ھەمیشە ھاوکار و پاڵپشتن لەگەڵ ئێمە.”
گوتیشی: “لە ھەرێمی کوردستان 35 وڵات بە ئاستی جیاواز بوونیان ھەیە، بەشێکی کۆنسووڵخانەی گشتی، بەشێکیان کونسوڵخانە، بەشێکی دیکە نووسینگەی باڵوێزخانە و بەشێکیش کۆنسووڵخانەی فەخرین و نوێنەری وڵاتان بە گشتی ژمارەیان 35 وڵاتە، کە وڵاتانی دەورووبەری وەکوو تورکیا، ئێران، وڵاتانی کەنداو سعوودیە، قەتەر، ئیمارات، کوێت، میسر، وڵاتانی ئەورووپا و ئەمەریکا لە ھەرێمی کوردستان ھەن.”
بەڕێوەبەری پەیوەندی و ڕاگەیاندنی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئەوەشی خستە روو: “زۆر وڵاتی دیکەش بەنیازن بێن نوێنەرایەتی لە ھەرێمی کوردستان بکەنەوە، سەرۆکی فەرمانگەش لە ھەموو دیدار و سەردانەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە و ھانیان دەدات نوێنەرایەتی لە ھەرێم بکەنەوە و کۆمپانیاکانیان بێن لە ھەرێمی کوردستان وەبەرھێنان بکەن، کە ئەوە سیاسەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە و لە پێناو بەرژەوەندیی ھەردوو لایەنە.”
ئاماژەشی بەوە دا: “لە ماوەیەکی نزیکدا گەورەترین شاندی بازرگانیی ئەمریکا سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکات بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی ئابووریی و بازرگانی لەگەڵ ھەرێمی کوردستاندا.”































































