زاری كرمانجی-سۆران:
وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، پڕۆژەی قوتابخانەكەم پڕۆژەیەكی گرنگی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، بەپاڵپشتی سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی جێگیركراوە، ئامانجی پڕۆژەكە بە دیجیتاڵیكردنی سیستمی خوێندنە، ئێستا كتێبی پۆلی یەك، دوو و سێی سەرەتاییمان بە دیجیتاڵیكردووە و كار لەسەر پۆلی چوارەم دەكرێت.
د.ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دەڵێت: لە نێو پلاتفۆڕمی قوتابخانەكەم هەموو ئاسانكارییەك بۆ فێربوونی قوتابی كراوە و پشت بە ژیری دەستكرد بەستراوە، هەروەها شێوەزاری سۆرانی و كرمانجی بەردەستە.
بەوتەی وەزیری پەروەردە، وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كار لەسەر ئەوە دەكات خۆی لەگەڵ نەوەی نوێ بگونجێنێت و لەماوەی 10 ساڵی داهاتوو بەكارهێنانی قەڵەم لە پرۆسەی خوێندن گۆڕانكاری بەسەردا دێت.
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێم، جەختی لەوەشكردەوە: تا ئێستا ڕۆژی ساڵی نوێی خوێندن دیاری نەكراوە، هەر كاتێك ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردە كۆبوونەوەی ئەنجامدا و ساڵنامەی خوێندن دانرا ئەو كاتە بڕیار لەسەر دیاریكردنی دەستپێكردنەوەی یەكەم رۆژی خوێندنی ساڵی نوێ دەدرێت.
ئاماژەی بەوەكرد، بۆ ئەمساڵی خوێندن جلوبەرگی قوتابییان هەمان جلوبەرگی ساڵی پار دەبێت، بەڵام بۆ ساڵی خوێندنی 2026-2027 جلوبەرگی قوتابییان دەگۆڕێت و بۆ ئەو كاتە دیزاین و ڕەنگەكەی بڵاودەكرێتەوە.
لە بارەی خانەنشینبوونی مامۆستایان و دروستبوونی گرفت بۆ ناوەندەكانی خوێندن، ئالان حەمەسەعید، ئەوەی خستەڕوو، لیژنەی میلاكاتی وەزارەتی پەروەردە سەرقاڵی ڕێكخستنەوەی میلاكاتی مامۆستایانن، دەشڵێت، لە 1ـی 1ـی 2025ـەوە تا ئێستا زیاتر لە حەوت هەزار و 500 مامۆستا خانەشینبوون، بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەكان سەرقاڵی ڕێكخستنەوەی میلاكاتی خۆیانن و بۆ ئەو بابەتە دەستەڵاتی تەواویان پێدراوە.

































































