ئەمڕۆ سیشەمە 26-8-2025، ماڵپەڕی ئەندیپیندێت، بڵاوی كردەوە ئەنتۆنی ئەلبانیز، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا، ڕۆژی سێشەممە، باڵوێزی کۆماری ئیسلامیی لە وڵاتەکەی دەرکرد، ئەمەش لە هەنگاوێکدا کە لە دوای جەنگی جیهانی دووهەمەوە لە ئوسترالیادا وێنەی نەبووە و تارانی بە ڕێکخستنی “کردەوەی تێکدەرانەی شەڕانگێزی” لەسەر خاکی ئوسترالیا تۆمەتبار کرد.
لە هەواڵەكەدا هاتووە ” ڕێکخراوی ئیتلاعاتی ئاسایشی ئوسترالیا لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی بەرپرسە لە زنجیرەیەک هێرشی دژە جوولەکەکان لە ئوسترالیا. ئەحمەد سادقی، باڵوێزی کۆماری ئیسلامی لە ئوسترالیا، 30 خولەک پێش کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی ئاگادارکرایەوە کە خۆی و سێ دیپلۆماتکاری دیکە لەو وڵاتە دەرکراون”.
ئەمە یەکەمجارە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە ئوسترالیا باڵیۆزێکی بیانی دەربکات. لەسەر زاری ئەلبانیز بڵاو كراوەتەوە: هەواڵگری ئەمنی ئوسترالیا ئێستا زانیاریی باوەڕپێکراوی تەواویان کۆکردۆتەوە بۆ ئەوەی بگاتە ئەنجامێکی قووڵی نیگەرانکەر، حکومەتی ئێران لانیکەم دوو لەو هێرشانەی ئاراستە کردووە.
سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا زیاتر دەڵێت: ئێران هەوڵی داوە ڕۆڵی خۆی بشارێتەوە، بەڵام دەزگای هەواڵگری و ئاسایشی ئوسترالیا مەزەندە دەکات کە لە پشت هێرشی سەر چێشتخانەی لویس کۆنتینێنتاڵ لە 20ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو لە سیدنی و هێرشی سەر کەنیسەی ئەداس ئیسرائیل لە مێلبۆرن لە ٦ی کانوونی دووەمدا بووە، هەروەها ئەگەری ئەوە هەیە کۆماری ئیسلامی هێرشی دیکەی ئاراستە کردبێت.

































































