ئەندامێکی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دەڵێت، لە عێراق پێدانی پڕۆژە لەدەرەوەی ڕێنماییەکان، دامەزراندن و بەخشینەوەی پارە بۆ کاندیدەکان هەیە ئەوەش مانای وایە هەڵبژاردنی داهاتوو پاک و بێگەرد نابێت، بۆیەش داوا دەکات ڕێکاری تووند دژی سەرپێچیکاران بگیرێتەبەر.
هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ئاماژەی بەوەکردووە، بەکارهێنانی تواناکانی دەوڵەت لە هەڵبژاردن ئەویش لەڕێگەی پێشکەشکردنی پڕۆژەکان بە بەڵێندەران و بەدەرکردنیان لەڕێنماییەکان، دامەزراندنی لیستی چاودێری کۆمەڵایەتی، دابەشکردنی پارە بە ملیاران لەسەر کاندیدەکان و کڕینی کارتی دەنگدان، جەخت لەوە دەکەنەوە کە هەڵبژاردنی داهاتوو پاک و بێگەرد نابێت.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، بۆیە پێویستە داوا لە دادگا، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمیسیۆن بکەن ڕێکاری توند دژی سەرپێچیکاران بگرنەبەر، ئەویش بە ئامانجی گەرەنتیکردنی پاک و بێگەردی هەڵبژاردنی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق.


































































