مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :

نەبوونی سیگناڵی مۆبایل، دانیشتووانی گوندێكی كوردستانی ناچار كردووە بۆ پەیوەندی تەلەفۆنی بچنە سەر منارەی مزگەوتی گوندەكەیان .
لە گوندی پنارڵی سەر بە شارۆچكەی ئەردیشی پارێزگای وانی باكووری كوردستان، تاك شوێن تۆڕی پەیوەندییەكانی مۆبایلی تێدا چالاك بێت و سیگناڵی هەبێت، منارەی مزگەوتی گوندەكەیە، بۆیە دانیشتووانی گوند بە نۆرە دەچنە سەر منارەی مزگەوتەكە و پەیوەندییەكانی خۆیان ئەنجام دەدەن.
ئەكرەم تاشدەمیر دانیشتووی گوند، بێزاری خۆی دەربڕی و دەڵێت “من تەمەنم ٥٥ ساڵە و ٣٠ ساڵە لەم گوندەدا دەژیم، لەبەر ئەوەی تۆڕەی پەیوەندی كار ناكات، بۆیە بە ناچاری دەچمە سەر منارەكە و قسە دەكەم،”
دەشڵێت “شەرمە ساڵی 2025 بیت و سیگناڵی مۆبایل لە گوندەكان نەبێت.”






























































