لە پێشبینییەکانی کەشناسی عێراق پاییزی ئەمساڵ وەرزێکی بارانبارینی ناوازە دەبێت، بەتایبەتی لە کۆتایی پاییز و سەرەتای وەرزی زستاندا.
دەستەی کەشناسی عێراق راپۆڕتێكی بڵاوکردۆتەوە و پێشبینییە سەرەتاییەکان کە لەم ڕۆژانەدا سەرهەڵدەدەن ئاماژە بەوە دەکەن وەرزی بارانبارینی داهاتوو دەتوانێت لە وەرزەکانی پێشوو باراناویتر بێت، بەتایبەتی دوای ماوەکانی لاوازی بارانبارین و وشکەساڵی.
لە راپۆرتەکەدا روونكراوەتەوە ” لە ڕووی زانستییەوە هەر وەرزێکی بارانبارین پەیوەستە بە بەردەستبوونی توخمە تایبەتەکان: بوونی سیستەمی بەهێزی پەستانی نزم کە توانای گەیشتن و کاریگەری لەسەر بەرگەهەواکەمان هەیە؛ ڕۆیشتنی شێی پێویست لە ئاوەکانی وەک کەنداو و دەریای عەرەبی و دەریای سوورەوە؛ و پەلەقاژەی بارستە هەوا ساردەکان لە باکوورەوە تا لەگەڵ هەوای گەرم و شێداردا یەکدەگرنەوە، کە بارودۆخی کەشوهەوای باراناوی دروست دەکەن. ئەگەر ئەم مەرجانە پێکەوە جێبەجێ بکرێن، ئەگەری باران بارین باشتر و بەرچاوتر دەبێت.”
كەشناسی زیاتر پێشبینییەكانی خستۆتەڕوو” ئەو قسەیەی لەم ڕۆژانەدا سەبارەت بە وەرزی بارانبارینی لاواز دەكرێن، لەسەر هیچ بنەمایەکی زانستی تۆکمە نییە. پێشبینییەکانی کەشوهەوا پشت بە داتا و نەخشەکان دەبەستن، ڕۆژانە و هەفتانە نوێ دەکرێنەوە و ناتواندرێت پێش تەواوبوونی بارودۆخی کەشوهەوا حوکمێکی تەواو بدرێت. بۆیە ئەم جۆرە قسانە تەنیا دەنگۆیەک دەمێنێتەوە و هیچ بەهایەکی زانستی نییە. واقیعەکە ئەوەیە کە پێوەرەکان تا ئێستا ئاماژەیەکی باشن”.
راشیگەیاندووە” پێشبینییەکان ئاماژە بەوە دەکەن ڕەنگە بارانبارین وردە وردە لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی پایزدا دەستپێبکات، بەڵام پێدەچێت قورسترین چالاکیی لە کۆتا مانگی پاییزدا دەربکەوێت، هەروەها پێشبینی دەکرێت کە شاهیدی بارانبارینی زۆرتر بین، و ناوچەیەکی فراوانی وڵات بگرێتەوە. ئەمە مژدەیەکی گرنگە بۆ کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکان و تەنانەت کەشوهەوای گشتی”.

































































