ئەحمەد محەمەد هەرووتی / قوتابی زانكۆی سۆران – بەشی مێژوو
شارستانیەتی ئیسلامی، وەك یەكێك لە شارستانیەتە پێشكەوتووەكانی مێژووی مرۆڤایەتی، بەرهەمی هەوڵ و بەشداریی هاوبەشی گەلانی جۆراوجۆر بووە. زانا و بیرمەندە موسڵمانەكان، یان ئەوانەی لە ژێر سایەی دەوڵەتە ئیسلامییەكاندا ژیاون، خزمەتێكی بەرچاویان بە مرۆڤایەتی كردووە و داهێنانی گرنگیان لە سەردەمی خۆیاندا پێشكەش كردووە. لەم چوارچێوەیەدا، كورد وەك نەتەوەیەكی خاوەن كیانی سیاسی لە ناوچەكانی خۆیدا، ڕۆڵێكی كارای لە بنیاتنان و پێشخستنی شارستانیەتی ئیسلامیدا گێڕاوە، هاوشانی گەلانی تری وەك عەرەب، فارس، هیندی، تورك و ئەمازیغ.
ئەم نووسینە هەوڵێكە بۆ تیشك خستنە سەر بەشدارییە هەمەچەشنەكانی كورد لەم بوارەدا، بە دیاریكردنی میرنشینی دۆستەكی-مەڕوانی وەك نموونەیەكی بەرجەستە. لە ڕێگەی شیكردنەوەی بوارە جیاوازەكانی وەك شیعر و ئەدەب، پزیشكی، بیركاری، فەلەكناسی، فەلسەفە، هونەر و ئابووری، هەوڵ دەدرێت ئەو ژینگە لەبارە سیاسی و كۆمەڵایەتییە بخرێتەڕوو كە لە سایەی سەقامگیریی ئەم میرنشینەدا هاتە ئاراوە و بووە هۆی گەشەسەندنی بزووتنەوەیەكی زانستی و ڕۆشنبیریی زیندوو لە كوردستاندا.
دامەزراندنی میرنشینی دۆستەكی و گرنگیی سەردەمەكەی:
میرنشینی دۆستەكی كە بە ( مەڕوانی )یش دەناسرێت لەلایەن “ئەبو عەبدوڵڵا حەسەنی كوڕی دۆستەك”، ناسراو بە “میر بادی كوردی”، دامەزرێنرا. سنوری فەرمانڕەوایەتی ئەم میرنشینە كوردستانی باكوور بوو، هەریەكە لەشارەكانی نسێبین، مەلازگرد، ئامەد، جزیرە، حەسەن كێفا، ئەرزەن، بەدلیس، ڕووها و دەورووبەری دەریاچەی وانی لەخۆ دەگرت. سەردەمی ئەم میرنشینە بە قۆناغێكی جیاواز لە مێژووی ناوچەكەدا هەژمار دەكرێت، كە هۆكارە سەرەكییەكەی بۆ ئەو سەقامگیری و ئاسایشە دەگەڕێتەوە كە لە سنووری میرنشینەكەدا بەرقەرار كرا. ئەم بارودۆخە ئارامە ڕەنگدانەوەی ئەرێنیی بەرچاوی هەبوو و زەمینەی بۆ پێشكەوتنی ئابووری، پیشەسازی، بازرگانی و ژیانی ڕۆشنبیری خۆش كرد.
ڕەچەڵەكی دامەزرێنەر لە دیدی مێژوونووسانەوە :
سەبارەت بە بنەچەی میر باد، دیدی جیاواز لەلایەن مێژوونووسانەوە خراوەتەڕوو. مێژوونووسانی وەك “ئیبن شەداد”، “ڕۆزراوری”، “ئیبن ئەسیر” و “ئیبن ئەلعەجری” ئاماژە بەوە دەكەن كە ناوبراو سەر بە هۆزی “حەمیدیە” بووە. لە بەرامبەردا، “فارقی”ی مێژوونووس بە “خاربوختی” ناوی دەبات و ڕەچەڵەكی میر باد بۆ ئەم هۆزە دەگەڕێنێتەوە. ئەو سەقامگیرییە سیاسی و ئابوورییەی كە لە سایەی میرانی میرنشینی دۆستەكیدا هاتە ئاراوە، بووە هۆی گەشەسەندنی لایەنی زانستی و هزری. لە گرنگترین ئەو بوارانەی كە لەو سەردەمەدا بایەخیان پێ درا بریتین لە:
شیعر و ئەدەب:
شیعر و ئەدەب، لە مێژووی كۆنی عەرەب و دواتریش لە سەردەمی ئیسلامیدا، پێگەیەكی گرنگ و بنچینەیی هەبووە. بازاڕی عوكاز لە حیجاز وەك ناوەندێكی زیندووی كێبڕكێی شاعیران، هەروەها نەریتی هەڵواسینی شیعری شاعیرە براوەكان بە ئاوی زێڕ لەسەر دیواری كەعبە، بەڵگەی حاشاهەڵنەگری ئەم گرنگییەن. ئەم بایەخپێدانە لە سەردەمی خەلافەتی ئیسلامیشدا بەردەوامی پێدرا و بووە بەشێك لە كلتووری سیاسی و كۆمەڵایەتی. لەم چوارچێوەیەدا، میرنشینە كوردییەكانی ژێر دەسەڵاتی خەلافەتی عەباسی، بە تایبەتی میرانی دۆستەكی (مەڕوانی)، ڕۆڵێكی بەرچاویان لە پەرەپێدانی ئەم بوارەدا گێڕاوە.
ڕۆڵی میرانی كورد لە پشتیوانیكردنی شاعیران :
میرە كوردەكان، بە درككردن بە گرنگیی شیعر وەك ئامرازێكی كاریگەری سیاسی و كۆمەڵایەتی، دەرگای كۆشك و دیوەخانەكانیان بە ڕووی شاعیراندا كردبووەوە. ئەوان بە ڕێزگرتن، نزیككردنەوە و سازكردنی كۆڕی شیعری، ژینگەیەكی لەباریان بۆ داهێنانی ئەدەبی دەڕەخساند. میر “نصرالدولە”، میری میرنشینی دۆستەكی، نموونەیەكی دیاری ئەم سیاسەتە كلتوورییەیە. ناوبراو گرنگییەكی تایبەتی بە شاعیران دەدا و پشتیوانییەكی زۆری لێدەكردن. لە نێو ئەو شاعیرانەی كە لە ژێر چاودێری و نزیكیی ئەودا بوون، “عەلی ئیبن محەمەد توهامی” یەكێك بوو لە هەرە بەناوبانگەكان. توهامی دیوانێكی شیعریی گەورەی هەیە كە تێیدا قەسیدەیەكی درێژی بۆ وەسفكردن و پیاهەڵدانی كار و دەستكەوتەكانی میر نصرالدولە تەرخان كردووە.
شیعر وەك میدیای سەدەكانی ناوەڕاست :
بەبڕوای خۆم ؛ خۆنزیككردنەوەی میر و دەسەڵاتداران لە شاعیران، هەنگاوێكی سیاسی ژیرانە بوو. لە سەردەمێكدا كە ئامرازەكانی ڕاگەیاندنی مۆدێرن وەك تەلەفزیۆن، ڕادیۆ و ئینتەرنێت بوونیان نەبوو، شیعر باشترین و كاریگەرترین ڕێگە بوو بۆ گەیاندنی پەیامی دەسەڵات و وروژاندنی هەستی جەماوەر. شاعیران لە ڕێگەی هونەری وشەوە، دەستكەوت و سیاسەتەكانی میرانیان دەگەیاندە خەڵك لە بازاڕ و شوێنە گشتییەكاندا. بەمەش، شیعر ڕۆڵی پردێكی پەیوەندی لەنێوان دەسەڵات و كۆمەڵگادا دەگێڕا و شەرعییەتی سیاسیی میرەكانی پتەوتر دەكرد.
زمانی شیعر و پاراستنی ناسنامەی كوردی :
شایەنی باسە كە بەهۆی باڵادەستیی زمانی عەرەبی وەك زمانی ئایین و زانست لەو سەردەمەدا، زۆربەی بەرهەمە شیعرییەكانی شاعیرانی ئەو كاتە بە زمانی عەرەبی بوون و لە سەرچاوە مێژووییەكاندا بەم زمانە تۆماركراون. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەمە بەو مانایە نییە كە كوردەكان زمانی دایكی خۆیان پشتگوێ خستبێت. بەڵگەی مێژوویی هەیە كە زمانی كوردی لە ژیانی ڕۆژانە و تەنانەت لە ئاستی فەرمانڕەواییشدا بەكارهاتووە. بۆ نموونە، بنەماڵەی ئەیوبییەكان، كە بنەچەیەكی كوردیان هەبوو و لە دەرەوەی كوردستان حوكمڕانییان دەكرد، لە میسر و شام، نەك هەر بە زمانی كوردی قسەیان دەكرد، بەڵكو نامە و پەیوەندییەكانی نێوان سەركردە سیاسی و سەربازییەكانیشیان بە زمانی كوردی بووە. هەروەها، پابەندبوونیان بە پۆشینی جلوبەرگی كوردی، نیشانەی پارێزگاریكردنیان بووە لە ناسنامە و كلتووری ڕەسەنی خۆیان.
زانستی پزیشكی :
زانستی پزیشكی یەكێكە لەو بوارە زانستیانەی كە لە مێژووی كوردستاندا بایەخێكی بەرچاوی پێدراوە. گەشەسەندنی ئەم زانستە لەسەر بنەمای سوودوەرگرتن لە سروشتی دەوڵەمەندی كوردستان و دواتر لە ڕێگەی دامەزراندنی ناوەندی زانستی و دەركەوتنی پزیشكی پسپۆڕ و نووسەری گەورەوە بووە، كە كاریگەرییان نەك تەنها لەسەر ئاستی ناوخۆیی، بەڵكو لەسەر جیهانی ئیسلامی و ئەوروپاش هەبووە.
قۆناغی سەرەتایی و گەشەی دەرمانسازی:
لە قۆناغە سەرەتاییەكاندا، پزیشكەكان خۆیان ڕاستەوخۆ دەچوونە ناوچە شاخاوییەكانی كوردستان بە مەبەستی كۆكردنەوەی گژوگیا دەرمانییەكان و دروستكردنی داودەرمان. نموونەی ئەم پزیشكانە، (ئیبن دینار)ە كە لە شاری میافارقینی كوردستانی باكور (سلێڤانی ئێستا)، شروبی بۆ چارەسەری نەخۆشی دروست دەكرد. دواتر، بە پەرەسەندنی پیشەیی، پسپۆڕی “دەرمانسازی” سەریهەڵدا. ئەم كەسانە ئەركی كۆكردنەوەی گژوگیا دەرمانییەكانیان لە ئەستۆ گرت، ئەمەش وایكرد پزیشكەكان بتوانن سەرنجی خۆیان بە تەواوی لەسەر دەستنیشانكردن و چارەسەركردنی نەخۆشییەكان چڕ بكەنەوە. بێگومان سروشتی دەوڵەمەند و هەمەجۆریی ڕووەكیی كوردستان، هۆكارێكی سەرەكی بوو بۆ گەشەسەندنی خێرای زانستی دەرمانسازی لە ناوچەكەدا.
دەركەوتنی پزیشكە ناودارەكان و پشتیوانیی میرنشینەكان :
لە دیارترین پزیشكەكانی ئەو سەردەمە ، (جبرائیل كوڕی بەختیشوع) بوو. ناوبراو لە بەغدادی پایتەختی خەلافەتی عەباسیدا خزمەتێكی زۆری پێشكەش كرد و پزیشكی تایبەتی هەردوو خەلیفە (هارون ئەلڕەشید) و (مەئمون) بوو. ناوبانگ و لێهاتوویی ئەم پزیشكە لە سەرانسەری هەرێمەكانی جیهانی ئیسلامیدا بڵاوبووەوە، تا ئەو ڕادەیەی كە میری میرنشینی دۆستەكی، (مومەهەد ئەلدەولە)، بانگهێشتی كوردستانی كرد. بەختیشوع بانگهێشتەكەی قبوڵ كرد و ڕووی لە پایتەختی میرنشینەكە كرد. لەوێ بۆ ماوەی چەندین ساڵ خزمەتی خەڵكی ناوچەكەی كرد و قوتابخانەیەكی تایبەتی بۆ فێركردنی زانستی پزیشكی دامەزراند. هەروەها چەندین بەرهەمی نووسراوی گرنگی لەدوای خۆی بەجێهێشت، كە یەكێك لەوانە كتێبی (رسالە فی عصب العین) بوو.
كاریگەریی پزیشكانی كوردستان لەسەر زانستی جیهانی :
كاریگەریی زانستی پزیشكی لە كوردستان تەنها لە چوارچێوەی ناوخۆدا قەتیس نەما. بۆ نموونە پزیشكێكی وەك (ماسۆیەی ماردینی)، كە هەرچەندە لە بنەماڵەیەكی مەسیحی بوو بەڵام لە چوارچێوەی دەوڵەتی ئیسلامی و كوردستاندا خزمەتی دەكرد، نموونەیەكی درەوشاوەی ئەم كاریگەرییەیە. ماسۆیە خوێندنی پزیشكی و دەرمانسازی لە شاری قاهیرە تەواو كردبوو، وە خاوەنی چەندین كتێبی گرنگ بوو. وەك كتێبی (الاقرابادین)، كە لە ١٢ بەش پێكدێت، ئەم بەرهەمەی ئەوكات وەرگێڕدرایە سەر زمانەكانی لاتینی و ئیتاڵی. هەروەها كتێبێكی دیكەی بە ناوی (الجراحە) كە بەپێی گێڕانەوەی (تۆماس ئاڕنۆڵد)، تا ساڵی ١٨٣٠ی زایینی لە قوتابخانە پزیشكییەكانی ئەوروپادا وەك سەرچاوەیەكی سەرەكی دەخوێندرا.
پسپۆڕییە جۆراوجۆرەكان و ناوەندە زانستییەكان :
بواری پزیشكی لە كوردستان چەندین پسپۆڕی جیاوازی لەخۆ گرتبوو. (ئەبو نەسڕ یەحیا) كتێبێكی دەربارەی سوودەكانی وەرزش نووسی و پێشكەشی وەزیری میرنشینی دۆستەكی، (محەمەد كوڕی جەهیر)ی كرد. (ئیبن بوگلان) ئەمیش یەكێكی دیكە بوو لە پزیشكە ناودارەكانی كوردستان و ناوچەكە. شایەنی باسە شاری ” میافارقین ” وەك پایتەختی دۆستەكییەكان، بووبووە ناوەندێكی زانستیی گرنگ. (مەنسوڕ)، ناسراو بە (زاهد العلماو)، مامۆستای زانستگە پزیشكییەكانی ئەم شارە بوو و لە هەمان كاتدا پسپۆڕی نەخۆشییەكانی چاویش بوو.
بە كورتی، زانستی پزیشكی لە كوردستاندا لە سەدەكانی ناوەڕاستدا قۆناغێكی زێڕینی بەخۆیەوە بینیوە. ئەم پێشكەوتنە بەرهەمی تێكەڵاوبوونی سامانە سروشتییەكانی ناوچەكە، پشتیوانیی سیاسیی میرنشینە كوردییەكان، و هەوڵ و داهێنانی پزیشك و زانایانی لێهاتوو بوو كە توانییان كاریگەرییەكی قوڵ نەك هەر لەسەر ئاستی ناوچەیی، بەڵكو لەسەر ئاستی جیهانیش دابنێن.
زانستی بیركاری :
زانستی بیركاری، بەهۆی سروشتە پراكتیكییەكەیەوە، یەكێك بووە لەو زانستانەی كە لە ژیانی ڕۆژانە و كارگێڕیی كۆمەڵگاكانی سەدەكانی ناوەڕاستدا پێگەیەكی گرنگی هەبووە. لە كوردستاندا، ئەم زانستە نەك هەر لەلایەن زانایانەوە گرنگی پێدەدرا، بەڵكو لە بواری بازرگانی و بەڕێوەبردنی كارگێڕیشدا ڕۆڵێكی سەرەكی دەگێڕا.
بەكارهێنانی سەرەكیی زانستی بیركاری لە بواری حساباتی بازرگانیدا بوو. لە پڕۆسەی كڕین و فرۆشتنی كاڵا و شمەكی بازرگانیدا، شارەزایی لە ژمێریاری و حساباتدا پێویستییەكی حەتمی بوو بۆ بازرگانەكان. ئەمەش وایكردبوو كە زانستی بیركاری ببێتە بەشێكی دانەبڕاو لە ژیانی ئابووری و بازاڕی شارەكانی كوردستان.
لە پاڵ بەكارهێنانە پراكتیكییەكەیدا، چەندین زانای كورد لە بواری بیركارییدا دەركەوتن و بەرهەمی بەنرخیان نووسی. یەكێك لە بەناوبانگترین زانایانی كورد لەم بوارەدا بریتی بوو لە (محەمەد كوڕی یەحیای سوراقە)، كە خەڵكی شاری ئامەد بوو. ناوبراو خاوەنی چەندین بەرهەم بوو، لەوانە كتێبی (اڵاعداد). شایەنی باسە كە شارەزایی سوراقە تەنها لە بیركاریدا نەبوو، بەڵكو زانایەكی بواری شەرعیش بوو.
لێهاتوویی لە زانستی بیركاریدا دەیتوانی ببێتە هۆی بەدەستهێنانی پلە و پۆستی كارگێڕی. بۆ نموونە، (عەبدوڵڵا كوڕی عومەر كوڕی سامعی ئەربیلی) بەهۆی شارەزاییەكی زۆری لە حسابات و بیركاریدا، لەلایەن دەسەڵاتدارانی سیاسیی ناوچەكەوە پۆستی كارگێڕی پێ سپێردرا. ئەمەش دەریدەخات كە زانستی بیركاری نەك تەنها وەك زانستێكی تیۆری، بەڵكو وەك پیشەیەكی گرنگ و پێویست بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەت سەیر دەكرا.
زانستی فەلەكناسی :
زانستی فەلەكناسی یەكێكە لەو بوارە زانستییە گرنگانەی كە لە سەدەكانی ناوەڕاستدا لە كوردستان گەشەیەكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی. پسپۆڕانی ئەم بوارە، كە بە فەلەكناس ناسرابوون، لە ڕوانگە تایبەتەكانەوە بە وردی چاودێریی جوڵەی تەنە ئاسمانییەكان، ئەستێرە و هەسارەكانیان دەكرد.
پشتیوانیی سیاسی ڕۆڵێكی گرنگی لە پەرەپێدانی ئەم زانستەدا هەبوو. بەتایبەتی میرانی میرنشینی دۆستەكی، و لە سەرووی هەموویانەوە (میر نصرالدولە)، بایەخێكی زۆریان بەم بوارە دەدا و ڕێزێكی تایبەتیان لە زانا و فەلەكناسەكان دەگرت. ئەم گرنگیدانە تەنها لە ڕێزگرتندا كورت نەكرابووەوە، بەڵكو میر نصرالدولە چەندین جار فەلەكناس و ئەستێرەناسانی لە وڵاتی هیندستانەوە بانگهێشتی میرنشینەكەی دەكرد و میوانداری دەكردن، كە ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئاڵوگۆڕی زانستی و كرانەوە بەڕووی ناوەندە زانستییەكانی دیكەی جیهاندا.
شایەنی باسە، كوردەكان لەو سەردەمەدا خاوەنی ئامێری پێشكەوتوو بوون بۆ كاری ڕوانگە و توێژینەوەی فەلەكی. ئەم ئامێرانە بۆ دیاریكردن و بەدواداچوونی جوڵەی وردی هەسارەكان، تەنە ئاسمانییەكان و ئەستێرەكان بەكاردەهاتن، كە ئاستی پێشكەوتووی تەكنەلۆژیای زانستیی ئەو كاتەی ناوچەكە نیشان دەدات.
یەكێك لە زانا هەرە بەناوبانگەكانی ئەم بوارە بریتی بوو لە (ئەبو حەنیفەی دینەوەری). ناوبراو خاوەنی چەندین بەرهەم و توێژینەوەی تایبەت بوو بە بواری فەلەكناسی. ئەبو حەنیفە لە ڕوانگە فەلەكناسییەكەی خۆیدا، كە لە شوێنێكی بڵند و دوور لە ژاوەژاوی شار دروستی كردبوو، بە شێوەیەكی سیستماتیك چاودێریی جوڵەی هەسارەكانی دەكرد و ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانی تۆمار دەكرد، كە ئەمەش بەشداربوو لە پەرەپێدانی بنەماكانی زانستی فەلەكناسی لە كوردستاندا.
زانستی فەلسەفە و لۆژیك :
هاوشێوەی زانستەكانی دیكە، فەلسەفە و لۆژیك (مەنتیق) لە ناوچە كوردنشینەكانی سەردەمی خەلافەتی عەباسیدا گرنگیی تایبەتیان پێدرا و قۆناغی گەشەسەندنی بەرچاویان بەخۆوە بینی. ئەم بزووتنەوە فیكرییە بە هەوڵی وەرگێڕان و لێكۆڵینەوە دەستی پێكرد و دواتر بە دەركەوتنی فەیلەسوفی گەورەی كورد گەیشتە لووتكە.
قۆناغی وەرگێڕان و ڕۆڵی فەیلەسوفە مەسیحییەكان:
سەرەتای گەشەی فەلسەفە لە كوردستاندا قەرزاری هەوڵی زانستیی فەیلەسوفە مەسیحییەكانی شاری ئامەد بوو. ئەم زانایانە ڕۆڵێكی پێشەنگانەیان بینی لە وەرگێڕانی كتێبە فەلسەفییەكانی فەیلەسوفە كلاسیكەكانی یۆنان لە زمانی یۆنانییەوە بۆ سەر زمانی ناوچەكە. لە ڕێگەی ئەم وەرگێڕانانەوە، بنەما سەرەكییەكانی بیری فەلسەفیی یۆنانی گواسترایەوە و بووە بنەمایەك بۆ لێكۆڵینەوە و شرۆڤەكردنی زیاتر. لە دیارترین ئەو زانا و فەیلەسوفانەی ئەم سەردەمە، (یوحەننا كوڕی شوشان) و (دیونوسیوس) بوون، كە خاوەنی چەندین وتاری فەلسەفی بوون و وەك دوو ناوی دیاری قۆناغەكە دادەنرێن.
پەرەسەندنی بیری فەلسەفی و دەركەوتنی فەیلەسوفە موسڵمانەكان :
دوای قۆناغی وەرگێڕان، وردە وردە بیری فەلسەفی لەنێو كۆمەڵگەی كوردستاندا بڵاوبووەوە و موسڵمانانیش خولیای خوێندن و قووڵبوونەوەیان لەم زانستەدا بۆ دروست بوو. ئەمەش زەمینەی بۆ دەركەوتنی نەوەیەكی نوێی فەیلەسوف خۆشكرد.
لەم ماوەیەدا، یەكێك لە بەناوبانگترین و درەوشاوەترین فەیلەسوفەكانی نەك هەر كورد، بەڵكو تەواوی جیهانی ئیسلامی، دەركەوت. ئەم كەسایەتییە مەزنە (عەلی كوڕی عەلی) بوو، كە بە (سەیفەدینی ئامەدی) ناسراوە. ئامەدی هەر لە منداڵییەوە لە شاری ئامەد خوێندنی دەستپێكردبوو و بە كەسێكی دانا، زیرەك و خاوەن توانایەكی لەڕادەبەدەر ناسرابوو. مێژوونووسە موسڵمانەكان بە ڕێز و شكۆوە باسیان لێوە كردووە و وەك كەسایەتییەكی مەزن و درەوشاوەی مێژووی فیكری ئیسلامی ناویان بردووە.
لەلایەكی دیكەوە، كەسایەتییەكی تری دیاری ئەم بوارە بریتی بوو لە (عومەر كوڕی شەهابەدین ئەلسوهرەوەردی)، كە ئەویش بە هەمان شێوە یەكێك بوو لە زانا و بیرمەندە دیارەكانی ئەو سەردەمە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەم نموونانە، بۆمان دەردەكەوێت كە هەرێمە كوردنشینەكان لە سەدەكانی ناوەڕاستدا ناوەندێكی زیندووی ڕۆشنبیری و زانستخواز بوون. ژمارەیەكی زۆر لە زانا و بیرمەندان سەرقاڵی نووسین، لێكۆڵینەوە و داهێنان بوون و چەندین كەسایەتیی مەزن و ناوداریان پێشكەش بە شارستانییەت كردووە. لەم چوارچێوەیەدا، كوردەكان ڕۆڵێكی سەرەكی و گرنگیان لە بەرەوپێشبردن و گەشەسەندنی شارستانیەتی گشتیی ئیسلامیدا بینیوە.
ڕەهەندە هونەری و ئابوورییەكان لە میرنشینی دۆستەكیدا :
لەپاڵ گرنگیدان بە بوارە زانستییەكان، میرنشینی دۆستەكی لە سەردەمی خۆیدا ناوەندێكی گرنگی گەشەسەندنی هونەر و ئابووری بووە. سیاسەتی سەقامگیری و ئاسایش كە لەلایەن میرانی دۆستەكییەوە پەیڕەو دەكرا، زەمینەیەكی لەباری بۆ بوژانەوەی ئەم دوو كەرتە سەرەكییە ڕەخساندبوو.
١. هونەری گۆرانی و مۆسیقا :
كوردانی دۆستەكی خاوەن كلتوورێكی دەوڵەمەندی ئاواز و گۆرانی بوون. هەرچەندە زانیاریی ورد و تۆماركراو لەسەر شێوازی ئاواز و مۆسیقاكان كەمە، بەڵام گریمانە دەكرێت كە ئەو شێوازە گۆرانی و هەڵپەڕكێیەی ئەمڕۆ لە ناوچەكانی ماردین و دیاربەكر باوە، ڕەگ و ڕیشەیەكی مێژوویی قووڵی هەبێت و بۆ سەردەمی دۆستەكییەكان بگەڕێتەوە.
ئەوان خاوەنی چەندین ئامێری مۆسیقا بوون و شارەزاییان لە بەكارهێنانیاندا هەبووە. لەو ئامێرانەی لە سەرچاوە مێژووییەكاندا ئاماژەی پێكراوە، ئامێری (عود) بووە. هەروەها، مۆسیقا و گۆرانی بەشێكی دانەبڕاو بوون لە بۆنە كۆمەڵایەتی و سیاسییەكان، وەك ئاهەنگەكانی كۆمەڵگەی مەسیحی و مەراسیمی دەستبەكاربوونی میری نوێ، كە بە گۆرانی و سەما و ئاهەنگگێڕان بەڕێوە دەچوو.
٢. دۆخی ئابووری :
ئابووریی میرنشینی دۆستەكی لەسەر بناغەی سەقامگیری و ئاسایش گەشەیەكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی. سیاسەتی میرانی دۆستەكی، كە لەسەر بنەمای خۆپاراستن لە شەڕ و ململانێ دامەزرابوو، زەمینەیەكی لەباری بۆ دانیشتووان ڕەخساند تا لەبری سەرقاڵبوون بە جەنگەوە، وزەی خۆیان لە بوارەكانی كشتوكاڵ، پیشەسازی و بازرگانیدا بەگەڕ بخەن.
ئەم خۆشگوزەرانی و سەقامگیرییە لە نووسینەكانی چەندین مێژوونووسی ئەو سەردەمەدا ڕەنگی داوەتەوە:
مێژوونووس (فارقی) ئاماژە بەوە دەكات كە خەڵك لە سەردەمی (میر نصرالدولە)دا ڕوویان لە میرنشینەكەی كردووە و سەرقاڵی كار و كەسابەت بوون.
(ئیبن جەوزی) دەڵێت كە لە سەردەمی ئەودا نرخی كاڵا و كەلوپەل هەرزان بووە و خەڵكی شانازییان بە سەروەت و سامانیانەوە كردووە.
(ئیبن ئەسیر) هەمان بۆچوونی دووبارە كردووەتەوە.
(ئیبن كەسیر) بە شێوەیەكی ڕوونتر دەیگێڕێتەوە و دەڵێت: “وڵاتی دۆستەكی سەقامگیرترین و خۆشترین وڵاتی سەردەمی خۆی بوو، هەروەها لەهەموو شوێنێك زیاتر دادپەروەری لێ پەیڕەوكراوە.”
كەرتی پیشەسازی:
لەپاڵ بواری كشتوكاڵدا، كە بەهۆی بوونی سیستەمی ئاودێری، باخ و بێستان، و بەرهەمی هەمەچەشنی سەوزە و میوەوە پێشكەوتوو بوو، پیشەسازییش وەك كۆڵەكەیەكی سەرەكیی ئابووریی میرنشینەكە هەژمار دەكرا. پیشە دەستییەكان بەربڵاو بوون و چەندین بواریان لەخۆ دەگرت، وەك پیشەسازییەكانی لۆكە و خوری، دروستكردنی دەستەسڕ، قوفڵی دەرگا، بۆن و بەرامەی خواردن، و قاپ و قاچاغ.
شاری دیاربەكر وەك ناوەندێكی گرنگی پیشەسازی ناسرابوو، بەتایبەتی لە بواری چنین و دروستكردنی جلوبەرگدا، كە بەرهەمەكانی هەناردەی وڵاتان و هەرێمەكانی دراوسێ دەكرا، بەتایبەت پیشەسازیی حەریر. لە گرنگترین پیشەسازییەكانی دیكە دەتوانین ئاماژە بەمانە بكەین: دروستكردنی ڕانك و چۆغە، سابوون، گوڵاو، پێڵاو، و قاپ و قاچاغی مس. سەرەڕای ئەمانە، ڕاوكردنی ماسی لە دەریاچەی ورمێ و پاشان خوێكردن و وشككردنەوەی، یەكێكی تر بوو لە چاڵاكییە ئابوورییەكان كە بەرهەمەكەی لە بازاڕەكانی شارەكانی وەك میافارقین، ئامەد، ماردین و جزیرەدا دەفرۆشرا.
دەرەنجام :
۱- لە كۆتاییدا، دەتوانین بڵێین كە میرنشینی دۆستەكی (مەڕوانی) تەنها قەوارەیەكی سیاسیی كوردی نەبوو، بەڵكو ناوەندێكی گرنگی شارستانی بوو كە لە سایەی سەقامگیری و سیاسەتی ژیرانەی میرەكانیدا، بووارێكی بەرفراوانی بۆ گەشەی زانستی، هونەری و ئابووری ڕەخساند.
ئەم میرنشینە بە پشتیوانیكردنی شاعیران و بەكارهێنانی شیعر وەك میدیایەك بۆ گەیاندنی پەیام، خزمەتێكی بەرچاوی بە ئەدەب كرد.
٢- لە بواری پزیشكیدا، بووە لانكەی دەركەوتنی پزیشكی گەورە و دامەزراندنی قوتابخانەی پزیشكی و بەرهەمهێنانی كتێبی پزیشكی كە كاریگەرییان تا ئەوروپاش درێژ بووەوە.
٣- هاوكات، زانستەكانی بیركاری، فەلەكناسی، فەلسەفە و لۆژیك بایەخی تایبەتیان پێدرا و زانایانی وەك “سەیفەدینی ئامەدی” بوونە ئەستێرەی درەوشاوەی ئاسمانی فیكریی جیهانی ئیسلامی.
٤- لە پاڵ ئەم بزووتنەوە زانستییەدا، ژیانی ئابووری بەهۆی گەشەسەندنی كشتوكاڵ و پیشەسازییەوە بوژایەوە و خۆشگوزەرانی بۆ دانیشتووانەكەی فەراهەم كرد، كە ئەمەش لە گێڕانەوەی مێژوونووساندا بە ڕوونی ڕەنگی داوەتەوە. هەروەها، هونەری مۆسیقا و گۆرانی بەشێكی زیندووی كلتووری كۆمەڵگەكە بووە.
٥- بەم شێوەیە، ئەزموونی میرنشینی دۆستەكی بەڵگەیەكی حاشاهەڵنەگرە لەسەر ڕۆڵی كارا و بەشداریی ڕاستەقینەی كورد لە بنیاتنان و دەوڵەمەندكردنی شارستانیەتی گشتیی ئیسلامیدا، كە نیشانی دەدات كورد تەنها بەشێك نەبووە لە مێژوو، بەڵكو یەكێك بووە لە دروستكەرە سەرەكییەكانی.
سەرچاوەكان :
۱- ئاكۆی، ئاكۆ بورهان محەمەد.(٢٠٢٤) شارستانیەتی كوردستان لەڕۆژگاری خیلافەی ئیسلامی دا، چاپی یەكەم، نوسینگەی تەفسیر. هەولێر.
۲- یوسف، عبدالرقیب. و، علی ابوبكر (١٩٩٨) دەوڵەتی دۆستەكی لەكوردستانی ناوەڕاستدا، چاپی یەكەم ، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە.
۳- عەبدوڵڵا، كامەران عەزیز (٢٠١٢)، هۆكارەكانی سەرهەڵدان و ڕووخانی میرنشینە كوردیەكان لەسەردەمی عەبباسیدا. چاپخانەی حاجی هاشم، هەولێر.

































































