کوروش ئەحمەدی، دیپلۆماتکاری پێشووی کۆماری ئیسلامی لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لێدوانی بەرپرسانی حکوومەتی و سەربازی سەبارەت بە داخستنی گەرووی هورمز لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پێگەی (ئەنتیخاب) بە نابەرپرسیارانە وەسف کرد و ئەو سیاسەتەی کە لە لایەن دەسەڵاتەوە لە ژێر ناوی “نەوت بۆ هەمووان یان بۆ هیچ کەسێک” دەخرێتەڕوو، بە ناجێبەجێ زانی. ئاماژەی بەوەشکرد، بە لەبەرچاوگرتنی بڕیارنامەی تێپەڕبوونی سەلامەت بە هەموو ئەو گەرووانەی کە دوو دەریای ئازاد بەیەکەوە دەبەستێتەوە، ئەگەر کۆماری ئیسلامی گەرووی هورمز دابخات، پێش هەموو شتێک چین لە دژی خۆی دەخاتە چاڵەوە و ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەتوانن بە خێرایی بڕیارنامەیەک لە دژی تاران لە ئەنجومەنی ئاسایشەوە بەدەستبهێنن. بە گوتەی ئەحمەدی، لە هەلومەرجێکی لەو جۆرەدا، ڕەنگە ڕووسیا خۆی بەدوور بگرێت بەڵام پێدەچێت ڤیتۆی لەسەر نەکات.
ئەحمەدی لە درێژەی قسەکانیدا لە ئەگەری وەڵامدانەوەی سەربازی لەلایەن ئەمریکاوە تاوتوێ کرد و گووتی: “ئەوان دەتوانن وەک جاری ڕابردوو فڕۆکەی بۆمبڕێژکراو لە ئەمریکاوە بنێرن یان هەموو سەروەت و سامانەکانمان لە دوورگەی دیێگۆ گارسیاوە بکەنە ئامانج”.


































































