ئەحمەد ئەلشەراع سەرۆکی سوریا ڕۆژێک پێش واژۆکردنی ڕێککەوتننامەکە لە 25ی ئەیلول لە نیویۆرک لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان وتارێك پێشكەش دەكات
سەرچاوە سوورییەکان لە چاوپێکەوتنە تایبەتەکاندا بە ڕۆژنامەی (ئیندیپێندنت عەرەب نیوز)یان ڕاگەیاندووە کە سوریا و ئیسرائیل لە ٢٥ی ئەیلولدا ڕێککەوتنێکی ئەمنی بە نێوەندگیری ئەمریکا واژۆ دەکەن.
ڕوونیشیکردەوە، ڕۆژێک پێش ڕێککەوتنەکە، ڕۆژی 24ی ئەیلول، ئەحمەد ئەلشەرع سەرۆکی سوریا لە کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک وتار دەدات.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، تەلئەبیب و دیمەشق لە ئایندەیەکی نزیکدا ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنەی ئاشتی واژۆ ناکەن و ئەو ڕێککەوتنە سنووردار دەبێت بە ڕەهەندی ئەمنی بۆ ڕاگرتنی گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
پێشتر دوو سەرچاوەی سوری بڵاویان کردبووەوە کە ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا لەگەڵ ڕۆن دێرمر وەزیری کاروباری ستراتیجی ئیسرائیل لە پاریس کۆبووەتەوە و تاوتوێی ڕێککەوتنە ئەمنییەکان لە باشووری سوریا دەکەن.
کاربەدەستانی سوریا و ئیسرائیل بە نێوەندگیری ئەمریکا لە دانوستاندان بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی باشووری سوریا. خولی پێشووی دانوستانەکان لە کۆتایی مانگی تەمموزدا لە پاریس بەڕێوەچوو، بەڵام بەبێ گەیشتن بە ڕێککەوتنی یەكلاكەرەوە کۆتایی هات.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی سوریا (سانا) بڵاویکردەوە، ئەلشەیبانی ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو لەگەڵ شاندێکی ئیسرائیلی کۆبووەتەوە.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، گفتوگۆکان لەسەر “کەمکردنەوەی گرژییەکان، دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی سوریا، گەیشتن بە لێکتێگەیشتنەکان بۆ پشتگیریکردن لە سەقامگیری ناوچەکە و چاودێریکردنی ئاگربەست لە پارێزگای سویدە” بووە.
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پرسی زیندووکردنەوەی ڕێککەوتننامەی جیابوونەوە لە نێوان ئیسرائیل و سوریا لە ساڵی ١٩٧٤ کرا کە ناوچەیەکی پارێزراوی بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەرزاییەکانی جۆلان دامەزراند.
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ئەحمەد ئەلشەرع جەختی لەوە کردەوە کە شەڕی یەکخستنی وڵاتەکەی دوای چەندین ساڵ شەڕ “نابێت بە خوێن و هێزی سەربازی بێت”. هەر جۆرە دابەشبوونێکی ڕەتکردەوە و ئیسرائیلی بە دەستوەردان لە باشوور تۆمەتبار کرد.


































































