وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەبارەی ڕووداوەکانی سلێمانی ڕایگەیاند، دژایەتی هەر توندوتیژییەک دەکەن کە مەترسی لەسەر سەقامگیری گشتی دروست بکات و داوای دانبەخۆداگرتن دەکات.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەبارەی رووداوەکانی دوێنیی سلێمانی ڕایگەیاندووه، ئیدارەی ئەمریکا دژایەتی هەر توندوتیژییەک دەکات کە مەترسی لەسەر سەلامەتی و سەقامگیری گشتی دروست بکات.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەش کردووە، داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین دانبەخۆیاندا بگرن و لە توندوتیژی دووربکەونەوە.
هەروەها گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت، بەردەوام دەبن لە چاودێریکردنی ڕووداوەکانی ناوچەکە و دووپاتیشی دەکاتەوە کە هیچ گۆڕانکارییەک لەبوونی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستاندا نییە.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی دوای دەرچوونی بڕیاری دادگا بۆ دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی سەرۆکی بەرەی گەل، هێزێکی گەورەی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بە چەکی سووک و مامناوەند و قورسەوە چوونە سەر هوتێل لالەزار، کە بارەگای سەرەکی لاهور شێخ جەنگییە لە گەڕەکی سەرچناری سلێمانی، دوای خۆ بەدەستەوە نەدانی شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزەکانی یەکێتی و هێزەکەی سەر بەلاهور جەنگی ڕوویدا. دوای نزیکەی سێ کاتژمێر لە شەڕ و پێکدادانەکان و کوژرانی سێ ئەندامی هێزەکانی یەکێتی و برینداربوونی 19 کەسی دیکە، لاهور شێخ جەنگی و پۆڵاد و ئاراسی برای لەگەڵ فەرماندەی هێزەکەیان دەستگیرکران


































































