ئەحمەد گەرمیانی سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان راگەیاند، نزیكەی 150 مامۆستای وانەبێژی دوورخراوە هەن، بۆ ئەم مەبەستە كۆبوونەوەیەكی فراوان ئەنجام دراوە و لەبارەی كێشەكەیان گفتوگۆمان كردووە.
سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایان ئاماژەی بەمەشدا ” هەوڵەكانمان دەست پێ كردووە و مامۆستایانی وانەبێژ ئەوانەی دوور خراونەتەوە، تا بگەڕێنەوە سەر كارەكانیان وەك مامۆستای وانەبێژ یا بەشێوەی گرێبەست خزمەت بكەن”.
گەرمیانی زیاتر گووتی ” بۆ ئەم مەبەستە تەواوی داواكارییەكانی مامۆستایانی وانەبێژی دوورخراوە كرا بە یاداشتێك. لەلایەن یەكێتیی مامۆستایانی كوردستانەوە بۆ ئەم پرسە، بەڵێن و پاڵپشتی تەواو بە مامۆستایانی وانەبێژی دوورخراوە دا، بەجۆرێك پشتگیریی لە داواكارییەكان بكات و لە رێگەی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی پەروەردە، كار لەسەر ئەم پرسە بكرێت”.
ئەحمەد گەرمیانی گووتیشی ” وەزیری پەروەردە پێی راگەیاندووین وەزارەتی پەروەردە هاوسۆزە لەگەڵ داواكاریی ئەو مامۆستایانە، بەڵام بەهۆی بارودۆخی دارایی و كێشەكانی نێوان حكوومەتی عێراق و حكوومەتی هەرێم، رێگرە لە بەردەم دامەزراندنی ئەو مامۆستایانە، بەڵام هەوڵی رژد دەدرێت تا كێشەكەیان چارەسەر بكرێت.
لای خۆشیەوە زانا فەتاوی نوێنەری ئەو مامۆستایانە، راگەیاند، رۆژی چوارشەمە 150 مامۆستای وانەبێژی لادراو لەگەل سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان کۆبوینەوە دوای گەڕانەوەی سەرجەم وانەبێژە لادراوەکان دەکەین کە ژمارەمان 1500 تا 2000 لادراوە.
زیاتر گوتی، ئامادەین لە شوێنی خانەشینی تەمەن درێژ کراوە دەوام بکەین بە فرمانی وەزاری گرێبەست بوونی هەمیشەیمان و تا31\12 بەبێ فرمانی دارایى دەوام بكەین.


































































