سەنار شێرۆكی – ماستەر لە یاسای گشتی
ئەو دۆخەی ئەمڕۆ شاری سلێمانی پێدا تێپەڕدەبێت، وێنەیەكی ڕوونی قەیرانی حوكمڕانییە، كە تێیدا چەمكەكانی یاسا و سەقامگیری بوونەتە قوربانیی ململانێی سیاسی و بەرژەوەندیی تەسكی حیزبی. جوڵاندنی هێزی ئەمنی بەربڵاو، گەمارۆدانی بارەگایەكی سیاسی، و دەركردنی فەرمانی گرتن بۆ كەسایەتییەكی دیار لە كاتێكی هەستیاردا، پرسیاری جددی لەبارەی سەروەریی یاسا و بێلایەنیی دامەزراوە دادوەری و ئەمنییەكان درووست دەكات.
كاتێك چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی حیزبێك لە ڕێگەی بەكارهێنانی هێزی چەكدارەوە دەبێت، ئەمە ئاماژەیە بۆ داڕمانی بنەماكانی كاری سیاسیی مەدەنی. لەم حاڵەتەدا، یاسا وەك ئامرازێك بۆ یەكلاكردنەوەی ناكۆكییەكان بەكار دەهێنرێت نەك وەك بنەمایەك بۆ دادپەروەری. دەركردنی فەرمانی گرتن بەپێی ماددەیەك كە باس لە “ڕێككەوتن بۆ ئەنجامدانی تاوان” دەكات، هاوكات لەگەڵ هەڕەشەی “سافكردنەوەی” نەیارەكان، وێنەكە ئاڵۆزتر دەكات و وا دەردەكەوێت كە بڕیارەكان زیاتر سیاسی بن نەك یاسایی.
لەلایەكی دیكەوە، كاتێك بەرپرسێكی باڵای پێشوو ئاشكرای دەكات كە “خۆی فەرمانی بە دادگە كردووە”، ئەمە بەڵگەیەكی حاشاهەڵنەگرە لەسەر قەبارەی دەستوەردان لە كاری دادگاكان و لاوازكردنی سەربەخۆییان. لە دۆخێكی وەهادا، هاووڵاتی ئاسایی چۆن دەتوانێت متمانەی بە سیستمی دادوەری هەبێت؟
ئەنجامی ئەم شێوازە لە حوكمڕانی، پێكدادانی چەكداری، كوژران و برینداربوونی هاووڵاتییان و كارمەندانی ئەمنی، و بڵاوبوونەوەی ترس و دڵەڕاوكێیە لەنێو خەڵكدا. گۆڕینی شەقامەكانی شار بۆ گۆڕەپانی جەنگی نێوان باڵە سیاسییەكان، خیانەتە لەو ئارامییەی كە دەبوو دامەزراوەكانی حكومەت بیپارێزن. ئەم ڕووداوانە دەریدەخەن كە حوكمڕانی لەم شارەدا لەبری ئەوەی خزمەتی هاووڵاتییان بكات، بووەتە ئامرازێك بۆ پاراستنی دەسەڵات و پاوانكردنی، تەنانەت ئەگەر بەهایەكەی خوێنی گەنجی ئەم وڵاتە و تێكدانی ئاساییشی كۆمەڵایەتیش بێت.
































































