وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی بڕیارەکەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق هاتە دەنگ و پەیامێک ئاراستەی حکوومەتی عێراق دەکات.
لە راگەیاندراوێکدا وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە: “لە پێشهاتێکی نا دەستووری و دژ بە مافە سەرەتاییەکانی هاووڵاتیان، لێژنەی باڵای ئیغاسە و بە سەرپەرشتی وەزیری کۆچ و کۆچبەران، دەستی داوەتە گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکانی پێکهاتەکانی مەسیحی و ئێزدی، کە خەڵکە ڕەسەنەکەی بە ناچاری لە کەمپەکان دەژین.”
ئەوەش خراوەتە روو: “بە هۆی شەڕی داعشەوە، ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیان، بە تایبەت لە پێکهاتەی مەسیحی و کوردانی ئێزیدی، بە پاڵپشتی خەڵک و حکومەتی هەرێمی کوردستان و هاوکاری ئاژانس و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە کەمپەکان گیرساونەتەوە و تاوەکو ئێستا ١٨ کەمپی تایبەت بە ئاوارەکان لەهەرێمی کوردستانن و زیاتر لە ٦٠٠ هەزار ئاوارە نەیاتوانیووە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و چاوەڕێی دۆخێکی ئارام دەکەن بۆ ئەوەی بە سەلامەتی و سەربەرزانە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان. لە بری پاڵپشتیکردنی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە و بەشداریکردن لە زەمینە خۆشکردن بۆ دۆخێکی سەقامگیر، وەزیری کۆچ و کۆچبەران و لێژنەی باڵای ئیغاسە کۆبوونەوە دەکەن بۆ ئەوەی ئاوارەکان لە گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان بێ بەش بکەن و بێ دیراسە و راوێژکردن لەگەڵیان ناچاریان دەکەن وەکو نیشتەجێی دەرەوەی زێدی خۆیان بمێننەوە.”
ئاماژە بەوەش دراوە: “ناچارکردنی ئاوارەکان بە تێکەڵبوونی زۆرەملێ لە ناوچەکانی دەرەوەی زێدی خۆیان، دۆخی دیموگرافی نوێ دروست دەکات کە دژی دەقەکانی دەستوور دەبێت و جۆرێکە لە جۆرەکانی گۆڕینی دیمۆگرافی بە شێوەی نایاسایی. ئەمەش لەسەر ئاستی ناوخۆیی پێچەوانەی دەقەکانی دەستووری عێراقە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش پێچەوانەی بنەماکانی ڕەفتاری نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی کۆچی ناوخۆیی دەبێت و هەروەها دژ دەبێت بە یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی و ڕێکەوتننامەکانی ژنێڤ کە پشتگیری لە گەڕانەوەی ئاوارە و پەنابەران بە شێوەی خۆبەخشانە و سەلامەت و کەرامەتمەندانە دەکەن، نەک بە بڕیارە ئیدارییەکان یان بە خشتەی کاتی سەخت و ناواقیعی.”
هەروەها وەزارەتی ناوخۆ روونیشی کردووەتەوە کە بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە، داوا دەکەین بەپەلە:
یەکەم: حکوومەتی فیدراڵ ئەو بڕیارانەی وەزیری کۆچ و کۆچبەران ڕابگرێت و جێبەجێ نەکرێت.
دووەم: نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ کار بکەن بۆ ڕاگرتنی ئەو بڕیارانە.
سێیەم: داوا دەکەین پەلە بکرێت لە جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی شنگال، و دیاریکردنی قائیمقامێکی نوێ، و دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە و ئاساییکردنەوەی بارودۆخ و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان.
جەختیش کراوەتەوە: “حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە لە چارەسەری یاسایی کێشەکان کە بەستراوەتەوە بە گەڕانەوەی خۆبەخشانە و سەربەرزانەی ئاوارەکان وبە ویست و ئازادی خۆیان و دڵنیا بوون لە ئێستا و ئایندەیان لە رووی ئاسایش و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان و پاراستنی موڵک و ماڵیان. چارەسەری ئەو دۆخە بە خۆدزینەوە لە ڕێگاچارەی دروست و مامەڵەکردن لە گەڵ هۆکارەکان ناکرێت و ئەوەی لە کۆبوونەوەکە بڕیاری لێ دراوە، خۆدزینەوەیە لە واقیع و بەرپرسیارێتی بنەڕەتی چارەسەرکردنی کێشەکان.”

































































