
عەزیز ناسرزادە، وەزیری بەرگریی کۆماری ئیسلامی ئێران، بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەو مووشەکانەی لە شەڕی ١٢ ڕۆژەدا بەکارهێنران، کۆن بوون و ئەگەر شەڕێکی دیکە هەڵگیرسا، کۆماری ئیسلامی ئێران مووشەکی نوێ بەکاردەهێنێت. بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی خوێندکاران، ناسرزادە بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ئەم مووشەکانە “توانای باشتر”یان هەیە. ناوبراو جۆری مووشەکەکانی دیاری نەکردووە و بۆچی لە کاتی جەنگی ١٢ ڕۆژەدا بەکارنەهێنراون.
زۆرێک لە مووشەکەکانی کۆماری ئیسلامی لە کاتی شەڕی ١٢ ڕۆژەدا ڕێگرییان لێکرا، یان لە ڕێگادا کەوتنە خوارەوە یان لە کاتی هەڵدانیدا تەقینەوە. ژمارەیەک مووشەکی دیکە کە گەیشتوونەتە ئیسرائیل هەموویان خۆیان بەر ناوچەکانی نیشتەجێبوونی کێشاوە. لەم هێرشانەدا هیچ دامەزراوەیەکی سەربازی و ژێرخانی ئیسرائیل زیانیان بەرنەکەوتووە و سەرجەم کوژراو و بریندارەکانی هێرشەکانی سەر ئیسرائیل خەڵکی مەدەنی بوون.
































































