زاری کرمانجی – سۆران :
یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە هاوبەشی سەرەکی پێکهێنانی کابینەی نۆی حکومەتی هەرێمە، بەڵام وەک ئۆپۆزیسیۆنێک ڕۆڵ دەبینێت، ئەمە لە کاتێکدایە سەرکردەکانی ئەو حزبە سۆشیاڵ میدیاکانییان خستووەتە خزمەت دژایەتی کردنی پارتی و حکومەت، چاودێرێکی سیاسیش دەڵێت:” هیوادارین سەرکردە و کادیرە دڵسۆزەکانی یەکێتی قبووڵی ئەو جۆرە جووڵە و سیاسەتە چەواشەکارانەی گرووپە توندڕەوەکەی سەرکردایەتییان نەکەن.
محیەدین بادلی چاودێری سیاسی بە زاری کرمانجی گووت:” هەرچەندە لە ڕابردوودا یەکێتی بەشداربووە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام بە ئەدایەکی سست و لاواز، جار جارە هەوڵیاندا و ڕۆڵی ئۆپۆزیسیۆنبوون بگێڕن و کەموکورتییەکان بخەنە ئەستۆی پارتی، بەتایبەتی لەم دوایانەدا سەرکردایەتی یەکێتی ڕووبەڕووی کوتلە کاری و دەستەیی بووەتەوە، ناڕەزایی بەشێک لە سەرکردە و کادیران و جەماوەرەکەیان وای کردووە لە ناوخۆیاندا بکەونە ململانەو تەسفیەکردنی یەکتر.
بە گوتەی ئەو چاودێرەی سیاسی، ئەم کارانەی بەشێک لە سەرکردەکانی یەکێتی بۆ لابردنی چاوی جەماوەر و جیهان لەسەر خۆیان، پەنایان بردووەتە بەر هەڵچوونی میدیایی و پەلاماردانی حکومەت و پارتی دیموکراتی کوردستان، بە هۆنینەوەی بوختان و تۆمەت بەخشینەوە، لە کاتێکدا خۆیان بەشێکی گرنگی حکومەت و حوکمڕانین لەم وڵاتەدا. محێدین بادلی دەشڵێت:” لە بوونی هەر لاوازییەک لە کاری حکومەت، بەشێکی دیاریش بەر یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەکەوێت، بەتایبەتی لە سنووری سلێمانی کە لەوێ خۆیان بە باڵادەست دەزانن، کەچی کردوویانە بە مەیدانی کێشە و گرفت و بە سەربازگە کردن و هەڵکوتانە سەر خەڵک و تێکدانی ئاسایش و نەهێشتنی ئەمن و ئەمان لەو شارەدا، ئەوەش لە بەرەنجامی بەرنەدانی فۆبیای سەرنەکەوتنی کاندیدی سەرۆککۆمارەکەیان و سوێبوونەوەیە لە بینینی پێشکەوتنە بەرچاوەکانی حکومەت و ئەدای دروست و سەردەمیانەی پارتی، کە بەو یاریکردنە خواروخێچەکانی ئەوان پارتی، لە خزمەتکردن بە خەڵک و نیشتمان ناوەستێت .
هیواشی خواست، کە سەرکردە و کادیرە دڵسۆزەکانی یەکێتی قبووڵی ئەو جۆرە جووڵە و سیاسەتە چەواشەکاریانی گرووپە توندڕەوەکەی سەرکردایەتییان نەکەن، لە کاتێکدا کە کورد زیاتر پێویستی بە یەکگرتوویی و یەکڕیزی هەیە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی سەر کوردستان و هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی مافی گەلی کورد لە کابینەی تازەی حکومەتی عێراقی فیدراڵ.