ئەمڕۆ چوارشەممە لە سەلاحەدین سەرۆك مەسعود بارزانی، پێشوازیی لە باڵیۆز ستیڤن فەیگن هەڵسووڕێنەری كاروباری باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە عێراق كرد، لە دیدارەكەدا كە گویندەلن گرین، كونسوڵی گشتیی ئەمریكا لە هەولێریش ئامادەی بوو، بیروڕا لەبارەی دوایین پێشهات و رووداوەکانی ناوچەکە، پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و هەناردەکردنەوەی نەوت ئاڵوگۆڕ کران، پاڵپشتیی کۆمپانیاکانی نەوتی ئەمریکی کە بەپێی یاسا و دەستوور ڕێکكەوتنیان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجام داوە، دووپات کرایەوە.
هەردوولا هاوڕابوون کە پێویستە چارەسەری پرسی کێشەی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی كوردستان بکرێت و مووچەی هاووڵاتییان نەبێتە بەشێک لە ناکۆکی و ململانێ سیاسییەكان.
لەلایەکی دیکەوە، وێڕای جەختکردنەوە لە بەهێزترکردنی پەیوەندی دوولایەنەی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا، باس لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بارودۆخی سووریا و پێشوەچوونی هەنگاوەکانی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە، بەردەوامیی هەنگاوە ئەرێنییەکان سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.

































































