
کرێملین قسە و باسەکانی سەبارەت بە کۆبوونەوەی ڕاستەوخۆی نێوان ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا و ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا بە هەند وەرنەگرت، ئەمەش لەکاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ بانگەوازەکەی نوێکردەوە بۆ ئەوەی هەردوو سەرکردە کۆببنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا.
گوشارەکان بۆ کۆبوونەوەی دوو قۆڵی زیادی کرد، دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو سەرۆکی ئەمریکا لە ئەلاسکا چاوی بە پوتین کەوت و ڕۆژی دووشەممە لەگەڵ زێلینسکی لە کۆشکی سپی میوانداری حەوت سەرکردەی ئەوروپای کرد.
ترەمپ دانی بەوەداناوە کە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکە “زۆر قورس” دەبێت و پێشنیاری کردووە کە ڕەنگە سەرۆکی ڕووسیا ئارەزووی کۆتاییهێنان بە دوژمنایەتییەکان نەکات.


































































