ڕۆژنامەی فەرهیختەگانی دەوڵەتی سەر بە زانکۆی ئازادی ئیسلامی لە تاران دەردەچێت، ئاماژەی بە دەرئەنجامەکانی دەستپێکردنی ڕێڕەوی زەنگزور بۆ ئێران کردووە و داوای ڕووبەڕووبوونەوەی “هەڕەشە ئەگەرییەکانی سنووری دراوسێکانی باکوور” کردووە و نووسیویەتی کە ئەمە بە مانای ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەوان نییە.
فەرهیختگان ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئازەربایجان و ئەرمینیا لە پرسی ڕێڕەوی زەنگزور بەراورد کرد بە هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە قەتەر و نووسیویەتی کە دەبێ هەمان ڕێباز لە دۆسیەی زەنگزوریشدا بەکاربهێنرێت.
لە ماوەی شەڕی ١٢ ڕۆژەی لەگەڵ ئیسرائیل، کۆماری ئیسلامی بە مووشەک هێرشی کردە سەر بنکەی ئەلعودەیدی ئەمریکا لە قەتەر لە کاردانەوە بە هێرشی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی.
فەرهیختگان نووسیویەتی: ئێران دەبێ بە وردی چاودێری جموجۆڵە ئەمنییەکان بکات و دراوسێکانی باکووری خۆی لە هەر ڕێوشوێنێکی ئەمنی لەدژی خۆی ئاگادار بکاتەوە، هەروەها ئەو تێگەیشتنە دروست بکات کە ئەگەر ئێران لە خاکی ئەوانەوە هەڕەشەی لێ بکرێت، پەیوەندییە ئەمنییەکان بەسەر پەیوەندییە دیپلۆماسییەکاندا زاڵ دەبن و ئێران سەرچاوەی هەڕەشەکان لە لیستی ئامانجە شەرعییەکانی خۆیدا تۆماریان دەكات.































































