ئيسماعيل ئيبرِاهيم
دوابەدوای راگەیاندنی پڕۆژەی ستراتیژی رووناكی لەلایەن رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، بە شێوەیەكی چڕ و مەیدانی دەستكرا بە جێبەجێكردنی پڕۆژەكە، بێ گومان ئەم پڕۆژەیە لە خۆڕا و هەرەمەكی بڕیاری لەسەر نەدراوە و تەواوی بوارەكانی پەیوەندار بەم بابەتە لەلایەن پسپۆڕان و شارەزایانی ئەم بوارە لێكدانەوەی بۆ كراوە، ئەم پڕۆژە تەنها گەیاندنی كارەبا نییە بە ماڵان و هاوبەشانی بەڵكو لە زۆر بواری دیكەوە خزمەتی بەرچاوی نیشتمان دەكات و دەشێ بە دەستكەوتێكی نیشتمانی درێژ مەودا و ژێرخانی بەهێز كردنی دەوڵەتداری هەژمار بكرێت، لە پەنای ئەمەشەوە كلتووری بەكار هێنانی كارەبا بە پێی پێویست دەچێتە هەموو ماڵ و دامەزراوەیەك، جگە لەمانەش خزمەتێكی بەرچاوی ژینگە دەكات، بە كوژانەوەی دەیان هەزار موەڵیدە.
ماوەی چەند رۆژێكە ئەم پڕۆژەیە گەیشتە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئەمەش بە هیمەتی جەنابی مەلا مەستەفا بارزانی و بەڕێوەبەرانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە كۆتایی هاتنی ئەم پڕۆژەیە هەنگاوێكی گرینگ بۆ پلانی گەشە پێدانی سنووری ئیدارەی سۆران دەهاوێشترێت، بوونی كارەبای هەمیشەیی هەم بۆ ماڵان تایبەتمەندی و پێداویستییەكی هەرە سەرەكییە هەمیش بۆ شوێنە بازرگانی و گەشتیارییەكان.
ئەوانەشی لێرە و لەوێ دژایەتی ئەم پڕۆژەیە دەكەن لەبەر دوو هۆكار زیاتر نییە، یا هیچی لێ نازانن و تەنها دەیانەوێت كارەكانی حكومەت و كابینەی نۆیەم بێ بایخ بكەن، كە تا ئێستا نەك نەیانتوانیوە بەڵكو لەگەڵ سەركەوتنی هەر پڕۆژەیەك تەنها قسەی بێ ناوەڕۆكیان بۆ ماوەتەوە، بۆ نموونە پرۆژەی (هەژمار من) كە سەرەتا هەموو ئەوانەی قین لەدڵ بوون لە ئاست كابینەی نۆیەم بەرگێكی سیاسییان بە بەرداپۆشی و كەوتنە دژایەتی كردنی و هەڵخەڵەتاندنی شەقام، بەڵام بەخۆیان بەر لە فەرمانبەران ناوی خۆیان تۆمار كرد و مووچەیان لە رێگەی (هەژماری من)ەوە وەرگرت، سەرەتای راگەیاندنی پڕۆژەی ستراتیژی گەیاندنی ئاو بۆ پایتەختی هەرێمی كوردستان، زۆرێك لە قەڵەم بەدەستانی دژە كابینەی نۆیەم ئەم هەنگاوەی حكومەتیان بە بێ سوود لە قەڵەمدا، بەڵام ئێستا كە قۆناغی یەكەمی پڕۆژەكە بە سەركەوتوویی بە ئەنجام گەیشت، نازانن چۆن خۆیان لێ بكەنە خاوەن و لە نێو هاووڵاتییان وەبەرهێنانی سیاسی و حیزبی پێ بكەن.
بەشی دووهەمی ئەو كەسانەی رەخنە لە پڕۆژەی رووناكی دەگرن، لە چوارچێوەی ڕقی سیاسی و حزبی ناچێتە دەر، كاتێ ئەوان تەنها قسەیان پێیە و توانای هەنگاو نانیان نییە و ناتوانن یەك پڕۆژەی ستراتیژی بۆ نیشتمانسازی بكەن، تەنها شتێك بۆیان دەمێنێتەوە دژایەتی كردنی خزمەتە بەرچاوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
كابینەی نۆیەم بەو هەموو كۆسپانەی بۆی دروستكرا، هەنگاوی مەزنی هاوێشت، بێ ئەوەی گوێ بداتە ناحەزانی، كاروانی ئاوەدانی بەرەو پێش برد، خۆی بە وەڵامدانەوەی تۆمەت و قسەی ناڕەوا سەرقاڵ نەكرد، بەڵكو بە كردنەوەی هەر پڕۆژەیەك وەڵامی هەژێنەری دانەوە .
رێگاو بانەكان، پرۆژەی گەشتیاری، هەژمار من، رووناكی، گەشەی كەرتی پیشە سازی، بە دامەزراوەیی كردنی دامەزراوە حكومییەكان، دروستكردنی چەندین بەنداو پۆیند، بەسە بۆ ئەو كەسانەی بیانەوێت تێبگەن، ئەوانەشی نەیانەوێت تێبگەن دەشی كێشەی دەروونیان هەبێت، دەنا (شوكور هۆشیارە مەحوی).
































































