خەڵات زرار
ئەفسانەترین بەسەرهاتم
نیگاری دونیای دڵڕەق دەکێشم
بەیانی تابلۆی خۆرە
ئێوارە دواین گوللەیە
ژەندرمەکان کابوسی شەوگار
چۆن ڕوونی بکەمەوە ؛
کتوپڕ شتەکان ئاوەژوو بوون
ئەوەی بەردەبێتەوە دڵی منە
بە ئەستێرەی ڕژاو ناوی دەبەن
نەیزەکێکی کشاو نییە،
کاکێشانێکی تاریکە .
شەقامەکان بۆنی غەریبیان لێ دەڕژێ
بیرەوەری ئەم شارە نەخۆشیەکی نادیارە،
بیمارستان ئارامگەی ڕۆحێکی شەکەتە
بچنە دۆزەخ بێ گوناهان.
ژاوەژاوێک بەخەبەرم دێنێ
ناهێڵێ لەم خەونەدا دەستت بگرم
میلی کاژمێر لە جێی خۆی دەوەستێ
ناچێتەوە سەر یازدەی شەو،
ئەوە دەنگی پۆستاڵی سەربازەکانە
هاواری ترسناکی ئەفسەرەکانە
قیژەی منداڵە بێ گوناهەکانە
ئیتر گوێچکەم دەبێتە ئۆردوگایەک
لۆکەش سودی نامێنێ و چیتر
ناسۆر هەڵنامژێ ،
دەنگ پلەی یەکەم و دووەم دەبڕێت
ئیتر پەنجەرەی ماڵەکان دەشکێنێ
دەنگی خوار بیستنی مردووەکان دێت
دەنگی سەروو بیستن پەردەی گوێیەکانم
دەدڕێنێ و دەگەمە لێواری ئازار !
ڕۆحم دەشڵەژێ وەک هەواڵگرێکی بەعسی
هەواڵگرێکی مۆساد ، لە دین وەردەگەڕێ و
دەبێتە جولەکەیەک و دەیەوێ قودس داگیر بکات،
دەیەوێ تاریکی ئەم کەونە داگیر بکات،
دواتر دێتەوە سەر خۆی و
تێدەگات لە بنەڕەتدا خۆی بێ ناسنامەیە
دەبێتەوە فەڵەستینیەک ،
بەدوای خۆیا ئەگەڕێت
شەوێک لەبەر چراکانی ئورشەلیم
دەبێتەوە منداڵێکی ئەرمەنی و
بەدوای دایکیا ئەگەڕێ
دواجار دەبێتە کوردێکی گەڕیدە
لە کۆڕەوی 1991 بێدار ئەبێتەوە !
دەمەوێ ببمە شەرڤانێک لە دڵی قەندیل بنووم
ببمە شاهینێک گۆیژە تەی بکەم
ببمە سوارچاکێک و بگەڕێمەوە دیاربەکر
زۆر لە کۆڵانەکانی غەریبم
زۆرێکی تریش !
من موشتاقی ئەو عەردەم کە
دووبارە لێی لە دایک دەبمەوە،
سروشت چەندە لە من ئەگات
وا لەگەڵ ئازارەکانم ڕایهێناوم ،
ڕقم لە مێژووە ، بەزەیی بە هەژاران نایەتەوە
تەنیا ناوی خانەدانەکان ئاوزێر دەکات .
ئەم شارەی من لە دڵی خۆمدا هەڵمگرتووە
جەستەیەکی سوتاوە دوکەڵی لێ هەڵدەستێ.
ناسیۆنالیستەکان ، پەڕۆ لە دار دەدەن
بەراوردکاری دەکەن ،
لە کاتێکدا مۆمسازەکان،
دەبنە سیاسی و مرۆڤ دەتوێننەوە
لە بەرامەی کۆسمۆپۆڵی دا دروستی دەکەنەوە.
دواتر شار بەدەریان دەکەن !
ئەو مۆمسازانەشی دەبنە شاعیر
حەز دەکەن دونیا بکەنە گورزەیەک لە ڕووناکی !
شانازی بە ستالینەوە ناکەن
بۆ نازیەکان شیوەن ناگێڕن
لە کاتێکدا کۆمۆنیستەکان پلانگێڕی ئەکەن
شاعیرەکان ، بەو کۆڵانانەدا پیاسە دەکەن
کە دوکەڵی لێ هەڵدەستێ ،
دەستی منداڵە ونبووەکان دەگرن
دەیبەنەوە لای دایکیان ،
ئەوان دونیای خۆیان هەیە
خۆشەویستەکانیان لە جەنگ خۆشتر دەوێ
دار زەیتونەکانیان لە تفەنگ لا بەنرخترە
ماسی لە دەریا دانابڕن ،
ئەوان دەبنە ئینجانەی گوڵە پەنابەرەکان
چونکە وجودیان لا جوانە ؛
دژایەتی قەدەریش ناکەن !
کاشکی ، جەلادەکان خوێنیان نەدەخواردەوە
سیاسیەکان خوێنی منداڵیان لەخۆیان نەدەکرد
تا گەنجتر دەربکەون ،
کاشکی ئەوان ماڵیان لەم هەسارەیە نەدەبوو،
با من لەسەر بەرد ژیابام و
لە چاوەڕوانی یەکەم نێرگزی بەهار پیر بووبام
سەری گوڵالە سورەم نەدەبڕی تا گەنج ببمەوە !
شاعیرەکان گوێ بە زانست نادەن،
پێیان وایە کاتێک یار دەمرێ
کەون هاوسەنگی لەدەست دەدات
هەسارەکان دەکەونە خوارەوە..
ئەی چی ئەگەر جەنگ هەڵگیرسێ ؟
قفڵی زمانی من لەخۆیەوە ناکرێتەوە
جار و بار گۆرانیەک دەڵێمەوە
کە وشەکان بیرم ناکەونەوە ئەوسا
تێدەگەم ، کە چەندە لە خۆم غەریبم .
بەم نیوە شەوە چرا ئەنێرم بەدوای وشەکان
ناگەڕێنەوە ، ناچار بێدەنگ دەبم ..
وجود دەبێتە کارخانەی ئەم سکوتە.
دواتر خۆم ڕادەستی خامەیەک دەکەم،
شیعرێک دێتەگۆ ،
ژنەفتنی لێم دەوێ ، بیانو ناگرێ
بە چ زمانێکی دونیا دەنوسم !
ئەو دەزانێ من سندوقێکی ڕەشم پڕم لە ئافات..































































