“گەشە پێدانی هۆشیاری كۆسپەكانی سەركەوتن دەبەزێنێت”
ئا/ گولستان بەهجەت
بوون بە ژنێکی سەرکەوتوو لە کۆمەڵگایەکدا کە یاساکان پشتیوانی ژنان ناکەن، پرسێکی تەحەدایە. نەبوونی یەکسانی نێوان ژنان و پیاوان لە سودوەرگرتن لە دەرفەت و ئاسانکارییەکانی پیشەیی وەک کێشەیەک لە هەندێک کۆمەڵگەی پیاوسالاریدا دەناسرێتەوە. بە پێی بیرکردنەوەیان پیاوان بەتواناترن لە ئافرەتان. زۆرێک لە ژنانی سەرکەوتوو لە جیهاندا، سەرەڕای لەدایک بوونیان لەو کۆمەڵگایانەدا، بەڵام بە ماندووبوون بە ئامانجەکانیان گەیشتوون. بەڵام ئەمە تاکە تایبەتمەندی پێویست نییە. لەم راپۆڕتەدا لە دیارترین تایبەتمەندییەکان دەکۆڵینەوە کە ژنانی سەرکەوتوو لە کەسانی دیکە جیا دەکەنەوە، بۆ ئەمەش هۆكارەكان پۆلین دەكەین بۆ ئەوەی باشتر بگاتە خوێنەر .
خۆراگری
ڕەنگە هیچ کەسێکی سەرکەوتوو لەگەڵ ئەوەدا ناکۆک نەبێت کە سەختترین و گەورەترین ئارەزووەکان لە ڕێگەی هەوڵدان و خۆڕاگرییەوە بەدەست دێت. ئەو کەسانەی کە گەیشتوونەتە شوێنی دڵخوازی خۆیان زۆرجار بەهرە و توانای تایبەتیان نییە. بەڵکو تەنها جیاوازییان لەگەڵ مرۆڤەکانی تر ئەوەیە کە لەبەرامبەر سەختی و ئاستەنگەکاندا کۆڵ نادەن و بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان زۆر کاردەکەن. لە هەموو ڕێگایەکدا کە دەیگرینە بەر ئاستەنگ بوونیان دەبێت، بەڵام مرۆڤی ئیرادەدار بە ئاسانی دەستبەرداری ئامانجەکانی نابێت، تەنانەت ئەگەر ڕێگایەکی سەخت و پێچاوپێچ چاوەڕێی بکات.
بیرکردنەوەی ئەرێنی
دوورکەوتنەوە لە بیرکردنەوە نەرێنییەکان، فەزای دەروون دەکاتەوە بۆ دروستکردنی بیرۆکە و ئامانجی نوێ و پاک. هەروەها هەڵوێستی ئەرێنی مرۆڤەکان خێراتر دەکات لەسەر ڕێگای گەیشتن بە ئامانجەکانیان. هیچ فاکتەری دەرەکی ناتوانێت لەبەردەم کەسێکدا بوەستێت کە پاڵنەرەکەی بەهێزتر بکات بۆ بەردەوامبوون لەسەر ڕێگاکە بە تێڕوانینێکی ئەرێنی. هەروەهائافرەتانی سەرکەوتوو بەزۆری خاڵە پاڵنەرەکان دەخوێننەوە بۆ بەهێزکردنی بیرکردنەوەی ئەرێنی خۆیان و خۆیان بە کەسانێک دەورە بدەن کە بیرکردنەوەی ئەرێنییان هەیە و هانیان دەدەن” بۆ ئەمەش یەکەم هەنگاو بۆ هەبوونی هەڵوێستێکی ئەرێنی ئەوەیە کە مێشکت لە بیرکردنەوە نەرێنییەکان بەتاڵ بکەیتەوە. ستراتیجی کاریگەر هەیە بۆ پاککردنەوەی مێشکت لە بیرکردنەوە نەرێنییەکان و کۆنتڕۆڵکردنی فرێکوێنسیی لێكدانەوەكان.
خۆ بەكەم نەبینین
خۆ بە گەورە زانین بناغەی سەركەوتنی هەموو مرۆڤێکە. لە ڕاستیدا ئەوە هەستکردن بە بەها و شایستەیی بوونگەراییە کە مرۆڤ باوەڕی بە خۆی هەیە، بەبێ گوێدانە هەر دەستکەوتێکی دەرەکی. خۆبەگەورەزانین ئەو دەنگەیە کە پێت دەڵێت: “تۆ شایەنی ئەوەیت!”
هاوسۆزی
هاوسۆزی لەگەڵ مرۆڤەکان یەکێکی ترە لە تایبەتمەندییەکانی ژنانی سەرکەوتوو. هەروەها یارمەتیدان و کارلێککردن لەگەڵ کەسانی دیکە دەبێتە هۆی گەشەکردن و گۆڕانی تاک. مرۆڤی سەرکەوتوو دەزانێت سەرکەوتنی خۆی پەیوەستە بە سەرکەوتنی کەسانی دەوورووبەری و کۆمەڵگەکەی. بەهەمان شێوە ئافرەتی سەرکەوتوو كەمتەر ناکات لە هیچ کارێک بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتنی خۆی و هەوڵدەدات جیهان ببێتە شوێنێکی باشتر بۆ ئەوەی مرۆڤەکانی تر تێیدا بژین.
ڕاستگۆیی
کەس متمانەی بە درۆزن نییە و قسەکانی بە هەند وەرناگیرێت. توانای بەدەستهێنانی پێگە و متمانەی کەسانی دیکە، بەبێ گوێدانە ڕەگەزی کەسەکە، هۆکارێکی سەرەکییە بۆ پێشکەوتن. بۆ هەمووان ڕوونە کە یەکجار درۆکردن بەس نییە بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان و درۆزن دەبێت بەردەوام هەوڵی ئەوە بدات کە ناڕاستییەكانی پێشووی ئاشکرا نەبن. لە ئەنجامدا تەرکیز و گرنگییەکی زۆر کە دەکرا لەسەر ڕێگای سەرکەوتن خەرج بکرێت، لە شتی لاوەكی بەفیڕۆ دەچێت و لە بەرامبەردا هیچ شتێکی بەسوود بەدەست ناهێنرێت.
بوێری
ڕەنگە زۆر کەس لە دەوورووبەرت بینیبێت کە بەهۆی ترسی شکست و حوکمدانی خەڵک و هتد وازیان لە ئامانج و خەونەکانیان هێناوە، دیارترین تایبەتمەندی ژنانی سەرکەوتوو بوێری و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ترسانەیە. بەڵام ئازایەتی بە مانای نەترسان نییە! ترس هەستێکی غەریزەییە کە لە جۆری مرۆڤدا دادەنرێت بۆ پاراستنی لە مەترسییە ئەگەرییەکان، بەڵام بوێری واتە گرتنەبەری ئەو کردارەی پێویستە بۆ سەرکەوتنت سەرەڕای بوونی ترس. ستراتیژییەکانی خۆت یارمەتیت دەدات بە ئازایانە قبوڵی بکەیت تۆ کێیت و چیت هەیە و واز دڵڕاوكێ و ترس بهێنیت.
تامەزرۆی فێربوون
ئافرەتانی سەرکەوتوو هەمیشە هەوڵ دەدەن بۆ فێربوونی کارامەیی و زانیاری نوێی جۆراوجۆر” ئەمەش وا دەكات هەمیشە خاوەن بیركردنەوە و دونیا بینینێكی بەرفرەوانتر بی لە هەر كەسێكی دیكەی ئاسایی.
خۆپاراستن
گرنگیدان بە جەستە و ڕۆح فشاری دەروونی کەمدەکاتەوە، پاڵنەر و متمانە بەخۆبوون بەهێز دەکات، تەندروستی و زیندوویی و دڵخۆشی. لە ئەنجامدا مرۆڤی سەرکەوتوو سەرەتا دەبێت جەستە و ڕۆحێکی تەندروست بێت بۆ ئەوەی تەنانەت لە ئاساییترین ئەرکەکانیشدا سەرکەوتوو بێت. ئەم تایبەتمەندییە گرنگە شتێکە کە زۆربەی خانمان لە ژێر پەردەی قوربانیدان لەبەرچاوی دەگرن و لەبیریان دەکەن. لە کاتێکدا پێویستە بزانیت تەندروستی روحی و جەستەت تاکە هۆكارە دەبێت زیاتر لە هەموو بوارەكانی دیكەی ژیان ئاگاداری بی.
دانانی ئامانج
ئەگەر سەردانی ژووری کەسانی سەرکەوتوو بکەیت، بێ گومان نووسینەکانی لەسەر ئامانجەکانیان دەبینی. ئامانجە کورتخایەنەکان یا درێژخایەنەکانی ژنێکی سەرکەوتوون لە بوارەکانی خێزان، پیشە، پەروەردە و تەندروستی.
بەڵام چۆن دەبێت ئامانج بۆ ژنێکی سەرکەوتوو دابنێین؟ لە کێ دەتوانین یارمەتی وەربگرین و چۆن بزانین ئەو ئامانجەی هەڵمانبژاردووە بۆ ئێمە گونجاوە؟ چی ڕێگەیەکی باشتر هەیە بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە لەوەی کە وەڵامەکان لە ژنێکی سەرکەوتووەوە ببیستن؟ بۆ ئەمەش جگە لەوەی بە شیوەی پراكتیكی سەیری ئەزموونی ئافرەتان سەركەوتووی دەورووبەرت دەكەی، لە هەمانكاتدا باشترین خواردن بۆ مێشکی هەرکەسێک خوێندنەوەیە، چونکە خوێندنەوە دەروون بەڕووی بڕیاردا دەکاتەوە و زانیاری و هۆشیاری زیاد دەکات. لە ڕاستیدا خوێندنەوە سەرەکیترین ئامرازەکانی پێویست بۆ سەرکەوتن دابین دەکات. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش خانمانی سەرکەوتوو چەند کاتژمێرێک لە ڕۆژەکەیان بە خوێندنەوەی کتێب و بابەت و نووسینی پاڵنەر بەسەر دەبەن. ئەگەر بەهۆی سەرقاڵی کارەکەتەوە کاتت نییە بۆ خوێندنەوە، دەتوانیت لە کاتی هاتووچۆ یان ئەنجامدانی هەندێک ئەرکی ڕۆژانەدا پوختەی دەنگی کتێبە بەنرخ و نوێکان بەکاربهێنیت. بەم شێوەیە بە باشترین شێوە سوودت لە کاتە مردووەکان وەرگرتووە، وەک چاوەڕوانی لە ڕیزدا یان لێخوڕین.


































































