و / ماهان جەواد عادل
لە كتێبی (مكاشفات یوحنا) باس لەوە كراوە، كە (یاجوج و ماجوج) ڕۆژێك لە لایەن شەیتانەوە ئازاد دەكرێن و هێرش دەكەنە سەر جیهان، زۆرێك لە ئەورووپییەكان لە سەدەی(١٣ز)ەوە كاتێك هەواڵی لەشكركێشی مەغۆلەكانیان بیست، باوەڕیان بۆ دروستبوو كە ئەو ڕۆژە گەیشت، ترس و دڵەڕاوكێ باڵی بەسەر ئەورووپادا كێشا.
نامەیەكی كونت هێنری لۆرینی١٣ فەرەنسی بۆ باوكی لە ساڵی ١٢٤١ز، ترس و ئەو باوەڕەی كە مەغۆلەكان سزای (خودا)ن لە نامەكەدا بەدی دەكرێت: ئەو مەترسییانەی كە لە كتێبی پیرۆزدا پێشبینی كراون، ئێستا بەهۆی گوناهەكانمانەوە خەریكە سەر هەڵدەدەن، هۆزێكی بێبەزەیین، لە ژمارەیەكی زۆری سەرباز پێكهاتوون، بەبێ یاسا و دڕندە، لە ئێستادا هێرشیان كردووە سەر سنوورەكانمان و داگیری دەكەن و دوای تێپەڕین بە زۆر وڵات و كۆمەڵكوژكردنی خەڵك، لە ئێستادا گەیشتوونەتە خاكی پۆڵەندا.
ماتیۆ پاریس مێژوونووسی ئینگلیزی :
ماتیۆ پاریس مێژوونووسی ئینگلیزی كە هەرگیز ڕووبەڕووی هیچ مەغۆلێك نەبووبویەوە، ئەم وەسفەی خوارەوەی لە بارەی مەغۆلانەوە كردووە: سەركردەی مەغۆلان لەگەڵ میوان و ئەوانی تر (مرۆڤخۆرەكان) بۆ ژەمی ئێوارە تەرمی مردووەكانیان دەخوارد وەك ئەوەی ژەمێكی تایبەت بێت و لە كۆتایی جگە لە ئێسك بۆ داڵەكان هیچی تریان نەدەهێشتەوە… ئافرەتە پیر و ناشیرینەكان وەكوو بەشە خۆراكی ڕۆژانە دەدران بە مرۆڤخۆرەكان، ئافرەتانی جوانیان نەدەخوارد، بەڵكوو بە زۆری دەستدرێژی سێكسیان دەكرد سەر و ئەوانیان لە كاتی گریاندا دەخنكاند.
ئەوەندە دەستدرێژییان دەكردە سەر كچان كە لە تاوی ئازار و ماندوویەتی گیانیان لەدەستدەدا، پاشان مەمكیان دەبڕییەوە بۆ ئەوەی ببێتە خواردنێكی چێژبەخش بۆ سەركردەكان، جەستەیان بووە كەرەستەیەك بۆ چێژ، گەمە و گاڵتەی وەحشییەكان.
قەشە ویلیام ڕۆبرۆك :
قەشە ویلیام ڕۆبرۆك بە درێژایی گەشتەكانی بە نێو مەغۆلاندا لە ساڵی ١٢٥٣-١٢٥٥ز، بانگەشەی ئایینی مەسیحی دەكرد وە ڕووبەڕووی هەر كەسێك بوایە هەوڵی دەدا تۆوی مەسیحیەت لە دڵیدا بچێنێت بە تایبەت منگوخان. ڕوبرۆك باسێكی وردی دەربارەی گەشتەكەی نووسیتەوە، كە لە كتێبی ((Mission to Asia كە لەلایەن كریستوفر داوسون نووسراوە، بڵاوكرایەوە”كاتێك ئێمە گەیشتینە نێو ئەو دڕندانە، هەر وەك پێشتر وتم، پێم وابوو كە هەنگاو دەنێمە ناو جیهانێكی دیكە، چونكە ئەوان ناچاریان كردین بۆ ماوەیەكی زۆر لە ژێر سێبەری عەرەبانەكانمان دابنیشین، بە ئەسپەوە دەورەیان داین، و یەكەم پرسیاریان ئەوە بوو كە ئایا پێشتر لە نێو ئەوان بووین یاخود نا؟ ئەوان بە بیستنی وەڵامی نەخێر بێ شەرمانە داوای بەشێك لە ئازووقەی ئێمەیان كرد! ئێمە بەشێك لە بسكیتەكان و ئەو شەرابەی كە لە شارەوە هێنابوومان پێماندا، كاتێك ئەوان گۆزەیەكی شەرابییان خواردەوە، داوای گۆزەیەكی تری شەرابییان كرد و گوتیان پیاوێك بە یەك پێ ناچێتە ناو ماڵێكەوە، گۆزەیەكی تر پێمان دا و داوای لێبوردنمان كرد، كە بەشی ئەوان ناكات، پاشان پرسیاریان كرد لە كوێوە هاتووین و دەمانەوێت بەرەو كوێ بچین ؟ من بەو زمانەی كە پێشتر قسەم پێدەكرد لەگەڵیان پەیڤیم و گوتم: گوێمان لە سرتاش(سەركردەیەك) بووە كە مەسیحییە و حەز دەكەم بچمە لای، چونكە دەبێت نامەی سەرۆكەكەم بگەیەنمە دەستی، پاشان بە پێداگیرییەوە پرسیاریان دەكرد، كە ئایا بە ئارەزووی خۆم دەڕۆم یان نێرراوم! لە وەڵامدا گوتم: كەس ناچاری نەكردم بچم، ئەگەر نەمویستایە نەدەچووم، بۆیە من بە ویستی خۆم و هەروەها ویستی سەرۆكم ئەم گەشتە دەكەم. زۆر وریا بووم لەوەی نەڵێم كە من باڵیۆزی (لویسی نۆیەمم١). پاشان پرسیاریان كرد چی لەناو عەرەبانەكاندا هەیە؟، ئایا! زێڕ، زیو یان جل و بەرگی گرانبەها بۆ سرتاش دەبەم..
ئەمە ڕاستە! كە ئەوان هیچ شتێكت بە زەبری هێز لێ ناستێنن، بەڵام هەرچییەك ببینن بە خراپترین و بێ شەرمنانەترین شێوە داوای دەكەن و ئەگەر كەسێك شتومەكیان پێ بدات تەنیا زیانی بەردەكەوێت، چونكە ئەوان بێ ئەمەكن. بە بۆچوونی خۆیان، ئەوان سەروەرانی جیهانن و داوای هەر شتێك بكەن دەبێت پێشكەشیان بكرێت، ئەگەر كەسێك هیچیان پێ نەدات و دواتر پێویستی بە هاوكاری ئەوان بێت، ئەوان بە خراپی مامەڵەی لەگەڵ دەكەن. ئەوان بڕێك لە شیری مانگاكانیان پێداین بۆ خواردنەوە، شیرەكانیان زۆر سوێربوو شتەك بوو كە ناویان لێنابوو ئەیران(دۆ). بەم شێوەیە ئەوانمان بەجێهێشت، بەڵام لە ڕاستیدا پێم وابوو لە دەستی شەیتان ڕزگارمان بووە .”
لیستی سەرچاوە:
ئیمپراتۆری مەغۆل نووسەر(مری هال) وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە بۆ سەر زمانی كوردی (ماهان جەواد).

































































