مستەفا دۆلەمەری – سۆران:
یەكپۆشی قوتابییان لە زۆربەی قوتابخانەكانی جیهان پەیڕەو دەكرێت، مەبەستیش لەو بڕیارە نەهێشتنی جیاوازی چینایەتییە لە نێوان قوتابییان، جگە لەوەش بۆ ئەوەی قوتابی لە جیاتی گرنگیدان بە جلوبەرگ زیاتر گرنگی بە خوێندنەكەی خۆی بدات. بەڕێوەبەری دڵنیای جۆری و سەرپەرشتیكردنی پەروەردەی سۆران، دەڵێت: بڕیاری وەزارەتی پەروەردە بۆ یەكپۆشی بەلەبەرچاوگرتنی باروگوزەرانی قوتابییانە.
محەممەد سەروان، قوتابی لە قۆناغی ئامادەیی، بە زاری كرمانجی گوت: یەكپۆشی جلوبەرگی قوتابییان شتێكی باشە، چونكە جیاوازی دارایی لە نێوان ئێمەی قوتابییان كەمدەكاتەوە، بەڵام بە مەرجێك نرخەكەی گونجاو بێت و بارگرانی نەخاتە سەر خێزانەكانمان.
قوتابی سالار ئەحمەد، بۆ زاری كرمانجی ڕوونیكردەوە: من وەكو خۆم حەزم لە جلوبەرگێكی ئازادە نەك وەزارەتی پەروەردە بۆمان دیاری بكات، گەر جلوبەرگێك بۆمان دیاری بكرێت پێموایە ئازادیمان لێ زەوت دەكرێت و ناتوانین بە دڵی خۆمان ئەو جلە لەبەر بكەین كە دەمانەوێت، لەگەڵ ئەوەش گەر هەموومان یەكسان بین، كەس ناتوانێت بە جلوبەرگەكەی خۆی كە جیاوازە خۆ لەسەر قوتابییان فەرز بكات.
حیكمەت سەلمان، بەڕێوەبەری دڵنیای جۆری و سەرپەرشتیكردنی پەروەردەی سۆران، بۆ زاری كرمانجی دەڵێت: وەزارەتی پەروەردە بڕیاری یەكپۆشی داوە، ئەوەش لەبەر چەند هۆكارێكە، وەكو لە بەرچاوگرتنی باروگوزەرانی قوتابییان كە ئەم جلوبەرگە تێچوویەكی زۆری نییە و نابێتە بارگرانی لەسەر كەسوكاری قوتابییان، لە هەمان كاتدا لەڕووی دەروونی كێشە بۆ قوتابییان دروست نابێت، چونكە هەموویان وەكو یەكن و جیاوازیەكی ئەوتۆ نییە، لەڕووی ئەمن و ئاسایشەوە ئەو یەكپۆشیە زۆر گرنگە، چونكە قوتابی بەو جلوبەرگە دەناسرێتەوە و سەلامەت و ناسراون، بە پێچەوانەوە گەر قوتابی هەر ڕۆژە و جلوبەرگێك لەبەر بكات دەبێتە مەترسی بۆیان.
بەڕێوەبەری دڵنیای جۆری و سەرپەرشتیكردنی پەروەردەی سۆران، دەشڵێت: زۆرجار بارودۆخی دارایی قوتابییان وەكو پێویست نییە، بۆیە دەسەڵاتمان داوە بە بەڕێوەبەرەكان كە زۆری لە قوتابییان نەكەن، قوتابی هەیە كابۆی هەیە دەگونجێت لەگەڵ ئەو ڕەنگەی كەبۆی دیاریكراوە دەتوانێت بەكاری بهێنێت، واتە زۆری لە قوتابی نەكات بۆ كڕینی جلێكی نوێ، بەڕێوەبەری قوتابخانەكان قوتابی كچیان ئاگادار كردۆتەوە كە نابێت پانتۆڕ بەكاربهێنن، چونكە لەڕووی كۆمەڵایەتییەوە باشترە تەنوورە لەبەر بكەن و تەنوورەی درێژ بەو شێوەیەش قوتابی زیاتر خەریكی خوێندنەكەی دەبێت و دووردەكەوێتەوە لە جوانكای جلوبەرگ.
ئاماژەی بەوەشدا:جلوبەرگی قوتابییانی باخچەی ساوایان بۆ كوڕان قەمیسی نیلی و پانتۆڕی ڕەساسی، بۆ كچان كراسی پەمەیی و پانتۆڕ یان تەنوورەی ڕەساسی، بۆ قۆناغی ١ تا ٩ بنەڕەتی، كوڕ قەمیسی سپی و پانتۆڕی ڕەساسی، بۆ كچانیش قەمیسی سپی، پانتۆڕ یان تەنوورەی ڕەساسی، قۆناغی ئامادەیی، كوڕەكان قەمیسی سپی و پانتۆڕی ڕەش، كچ، قەمیسی سپی و پانتۆر یان تەنوورەی ڕەش.
مامۆستا پەروین جەلال، گوتی: سیستەمی پەروەردە لە هەموو جیهان یەكێك لە گرنگترین دامەزراوەكانی دروستكردنی نەوەی داهاتووە، لە هەرێمی كوردستان وەزارەتی پەروەردە هەوڵ دەدات بۆ دامەزراندنی سیستەمێكی پەروەردەیی كوالیتیدار كە لەگەڵ ستاندارە نێودەوڵەتیەكاندا بگونجێت، ئامانجی وەزارەتی پەروەردە لە دیاریكردنی ڕەنگی جیاواز بۆ جلوبەرگی قوتابییان لە قۆناغە جیاوازەكاندا گرنگی خۆی هەیە، وەك ناسینەوەی قۆناغی خوێندن، ڕەنگە جیاوازەكان یارمەتیدەر دەبن بۆ ناسینەوەی ئاسان و خێرای قوتابییان لە قۆناغە جیاوازەكاندا، كاتێك قوتابییانی قۆناغی سەرەتایی كراس و پانتۆڕی ڕەساسی لەگەڵ قوتابییانی قۆناغی ناوەندی كراس و پانتۆڕی نیلی دەبینیت، دەتوانیت بە ئاسانی جیایان بكەیتەوە ئەم سیستەمە یارمەتی بەڕێوەبەرانی قوتابخانە و مامۆستایان دەدات كە بەشێوەیەكی ڕێكخراوتر كاروبارەكانیان بەڕێوەببەن و هەڵەی كەمتر ڕووبدات لە جیاكردنەوەی قوتابییاندا هەرچەندە ڕەنگەكان جیاوازن، بەڵام بەردەوامبوونی كراسی سپی وەك بنەڕەت بۆ هەموو قۆناغەكان هەستی یەكگرتوویی و هاوبەشی لە نێوان هەموو قوتابییاندا دروست دەكات، گۆڕینی ڕەنگ لە قۆناغێكەوە بۆ قۆناغێكی تر پەیامێكی دەروونی بۆ قوتابییان دەنێرێت كە ئێستا لە ئاستێكی نوێدایە و پێویستە بەرپرسیارێتی زیاتریان هەبێت، ئەم بڕیارە بە گشتی وەك هەنگاوێكی باش دادەنرێت كاریگەر و هاوكات ڕێكخراوەیی باشتر بۆ سیستەمی پەروەردە دروست دەكات و ئەم شێوە پۆشاكە لەگەڵ نەریتی پۆشاكی فەرمی كوردی گونجاوە و هاوكات مۆدێرن و گونجاوە لەگەڵ پێوەرە جیهانییەكان، ئەگەر جلوبەرگی دیاریكراو بەشێوەیەكی ڕێكخراو جێبەجێ بكرێت، لەگەڵ گونجاوی دارایی و لێكدانەوەی هاووڵاتییان دەتوانرێت بڕیارێكی باش بێت.
مامۆستا پەروین، گوتیشی: یەكپۆشی گرنگە بەتایبەتی لە كۆمەڵگەیەكی وەك هەرێمی كوردستان كە جیاوازی ئابووری و كۆمەڵایەتیی تیایدا هەیە و پاراستنی منداڵان لە فشاری هاوەڵان كاتێك هەموو قوتابییان هەمان جۆرە جلوبەرگ دەپۆشن، ئەمە كار لە كەمكردنەوەی فشاری كۆمەڵایەتی دەكات كە لەوانەیە منداڵان لەڕووی هەبوون یان نەبوونی جلوبەرگی گرانبەها تووشی بن، لێكۆڵینەوەكان دەری دەخەن كە جلوبەرگی یەكگرتوو دەتوانێت كاری لەسەر سەندنەوەی سەرنجی قوتابییان بۆ خوێندن بكات بەجێگای سەرنجدان بە جلوبەرگ، زۆربەی قوتابخانەكان كە سیستەمی جلوبەرگی یەكگرتوویان جێبەجێ كردووە، گەیاندوویانە كە ڕەفتاری قوتابییان باشتر بووە و كێشەی یاخیبوون كەمتر بووەتەوە و جلوبەرگی یەكگرتوو كارێكی گرنگ دەكات لە ناسینەوەی قوتابییان و جیاكردنەوەیان لە كەسانی دیكە، هەندێك لێكۆڵینەوە دەری دەخەن قوتابخانەكانی خاوەن جلوبەرگی یەكگرتوو كەمتر تووشی كێشەكانی تاوان و ناڕەزایی دەبنەوە.
مامۆستا لەیلا عوزەیر، لە قوتابخانەی مێرگەسۆری هاوڕێی بنەرەتی تێكەڵاو، بۆ زاری كرمانجی گوتی: سەبارەت بە بڕیاری یەكپۆشی قوتابییان لە قوتابخانەكان بۆ ئێستای وڵاتەكەمان زۆر باشە، چونكە ئێمە لە بارودۆخێكی سەختی دارایی و ئابووریی داین، ئەم یەك پۆشیە دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی جیاوازی نێوان منداڵانی دەوڵەمەند و هەژار، بۆیە هیوادارم یەكپۆشی لە هەموو قوتابخانەكان جێبەجێ بكرێت.
































































