سەردار محەممەد: ئەو گەنجانەی دەیانەوێت كەسایەتییەكی كاریگەریان هەبێت، دەبێت سەرەتا خودی خۆیان بناسن
كارێز عەبدولڕەحمان: كەسایەتی سەرنجڕاكێش پێویستی بە دڵێكی فراوان و لێبوردە و بەخشین و هاوكاری هەیە
ئازاد كەیوان: دەبێ زمانی دەم و جەستەت وەك یەك بێت
مەهدی محەممەد – سۆران :
گەنجان هەمیشە حەز و ئارەزووی ئەوە دەكەن كەسایەتییەكی بە هێز و كاریگەر و سەرنجڕاكێشیان هەبێت لە نێو كۆمەڵگەدا، گەنجێك دەڵێ “ڕەوشت و ئاكاری باش، بنەمایەكی دروستە بۆ كەسایەتی بەهێز و كاریگەر”، یەكێكی تریش دەڵێ”بوون بە كەسێكی سەرنجڕاكێش كارێكی ئەوەندە ئاسان نییە و ماندووبوونی زۆری دەوێت”.
سەردار محەممەد پێی وایە بۆ ئەوەی ببێت بە كەسێكی خۆشەویست و سەرنج ڕاكێش، دەبێ بەر لە هەر شتێك خودی خۆت بناسیت و ڕاستگۆ بیت و دەڵێ “هیچ سەركەوتنێك، بێ خود ناسی بەدی ناهێت، بۆیە هەر گەنجێك ئەگەر بیەوێت سەرنج ڕاكێش بیت، دەبێت سەرەتا خودی خۆی بناسێت و ڕاستگۆ و دروست بێت لەگەڵ خۆی و دەوروبەری و هەمیشە دەم بە خەندە بیت”،
زیاتر دەڵێ”كەسایەتی سەرنجڕاكێش بە ڕاستگۆیی و گرتنە بەری ڕێگایەكی ئارام لە هەڵسوكەوتكردن و قسەكردن و گوتنی ڕاستییەكان بەبێ ترس دەردەكەوێت، كاتێك قسە دەكات ئارامی لە هەڵبژاردنی وشەكانی هەبێت و دوور بێت لە بەكارهێنانی وشەی زەبر، بۆ ئەوەی كار لە سەر هەستی ئەوانی تر دروست نەكات.”
هاوكار حەمەدەمین باس لەوە دەكات “گەنجی سەرنج ڕاكێش حەز دەكات لە ژینگەیەكی كۆمەڵایەتی هاوبەشدا، پەیوەندی لەگەڵ ئەوانی تردا دروست بكات لە ڕێگەی خۆشەویستی و هاوڕێیەتییەوە، تێ دەكۆشێت بۆ سەلماندنی خۆشەویستی خۆی بۆ ئەوانی تر بە پتەوكردنی پەیوەندی و بەشداریكردن لە كۆڕ و كۆبوونەوەیی هاوڕێیانە و بە پەرۆشە كە لە كەسایەتییە نزیكەكان تێ بگات و ورد بێت لە ناسینی بیروباوەڕ و بیرۆكە و ئاشنابوونی كەسانی زیاتر،”
دەشڵێت “گەنجانی سەرنجڕاكێش بە باوەڕبوونێكی لەڕادەبەدەر بە خۆیان و بە توانای ڕاستگۆیی و ناسینی ناسنامەی كەسی و جیاكردنەوەی و هێز و لاوازییەكان و، لە ڕێگەی باوەڕكردن بە متمانە خۆی هەنگاو دەنێت و هیچ شتێك نایوەستێنێت و وەك پاڵەوانێك دەردەكەوێت لە ڕوانگەی كەسانی تر.”
كارێز عەبدولڕەحمان گیانی هاوكاری و بەخشین بە پێویست دەبینێت بۆ كەسایەتی سەرنجڕاكێش و دەڵێ “كەسایەتی سەرنجڕاكێش پێویستی بە دڵێكی فراوان و لێبوردە و بەخشین و هاوكاری هەیە، چونكە ئەم كارانە وا دەكات گەنجەكە كاریگەر دەربكەوێت و پێگەی لە نێو كۆمەڵگایەكەی بەهێز و جێگەی متمانەی دەوروبەر بێت، دەبێ هەمیشە بە وریایەوە مامەڵە لەگەڵ خەڵكی بكات و دڵێكی میهرەبان و بەخشندەی هەبێت و توانای قبووڵكردنی دڵشكاندن و قسەی ڕەق بگرێت و لە هەمانكات بەخشەر بێت و هیچ ڕك و كینەی نەبێ بۆ كەس”.
سەنار ئەحمەد پێی وایە ناكرێت كەسانی كاریگەر و سەرنجڕاكێش خۆیان بەراورد بكەن بە كەسانی تر و یان هەوڵ بدەن گیانی زاڵبوون لە ناخیاندا گەشە پێ بدەن بۆ شكاندنەوەی لایەنی بەرامبەر و دەڵێ “یەكێك لەو سیفەتە جوانانەی كە گەنجانی سەرنجڕاكێش پەیڕەوی دەكەن خۆ دوور گرتنە لە بەراوردكاری نێوان خۆیان و دەوروبەر و مافی ئەوە بە خۆیان نادەن ئاست و توانا و لێهاتوویی خۆیان زاڵ بكەن بەسەر كەسانی تر دا و لووت بەرز و خۆ هەڵكیشەر بن، ئەوان هەمیشە بە سادەیی دەژن و هیچ بەراوردكاری ناكەن لەنێوان مرۆڤەكان”، لەهەمانكات سەنار ئەوەش دەڵێ”كەسانی لاواز هەرگیز ناتوانن سەرنجڕاكێش دەربكەون و ئەوان لەو مەجالەدا سەركەوتوو نابن، چونكە سەرنجڕاكێشی پێویستی بە ڕۆحی ئازا و ئیرادەی بەرز هەیە”.
سەنار باس لە دوو سیفەتی تری كەسی سەرنجڕاكێش دەكات و دەڵێ”پلاندانانی باش و دانانی ئامانجە خوازراوەكان، سیفەتی كەسایەتی سەرنجڕاكێشن، كە وا دەكات مرۆڤ كامل و تەواو بێت و ژیانكردنی بە بێ پلان و ئامانج نەبێ، ئەمە قۆناغێكی تری سەركەوتنی كەسانی سەرنجڕاكێشە”.
ئازاد كەیوان یش هێما بۆ كۆنترۆڵی زمانی جەستە دەكات كە پێویستە گەنجان كاری لەسەر بكەن تا بتوانن ببن بە كەسانی سەرنجڕاكێش، ئەو دەڵێ”بۆ بەدەستهێنانی كەسایەتییەكی سەرنجڕاكێش پێویستە زمانی جەستە پەرە پێ بدرێت، كە بە شێوەیەك لە شێوەكان كاریگەری لەسەر خودی كەسایەتی یا هونەرەكانی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەوانی تردا هەبێ و وەك پێناسەی ڕاست و دروست و باش لەگەڵ ئەوانی تر”، ئەوەش دەڵێ”جەستە بێ ئەوەی قسە بكات، بە جووڵاندن هەموو شتێك دەڵێ، بۆیە پێویستە زۆر ئاگاداری ئەندامانی جەستە ببین و كارێكی وا نەكەین بە زمان قسەیەك بكەین و جەستەش قسەیەكی تر بكات”.
ئەوەش دەڵێ “كەسایەتی سەرنجڕاكێش لە قووڵایی تاكەكانەوە دێت و توانای كار لێك كردن لەگەڵ كۆمەڵگا و ڕاكێشانی ئەوانی تر و دروستكردنی دۆستایەتی و پەیوەندی جیاواز لەگەڵ تاكەكاندا دەدات، بە پێچەوانەی زاڵبوونی باوەڕەكان سەبارەت بە نەتوانینی بەدەستهێنانی كەسایەتییەكی سەرنجڕاكێش و كاریگەر، مرۆڤ دەتوانێت بە تێگەیشتنێكی باش كە كەسایەتیی سەرنجڕاكێش و سیفەتەكانی چییە و دەست دەكات بە بەدواداچوونی پێشكەوتنی كارامەیی و توانای جیاواز بۆ بەدەستهێنانی ئەمانە، تۆی گەنجیش ئەگەر دەتەوێت كەسایەتییەكی سەرنجڕاكێش و كاریگەرت هەبێ لە نێو كۆمەڵگەدا پێویستە سەرەتا خۆت بیت و دوور بكەویتەوە لەو شتانەی ناشیرینت دەكەن و لە نێو كۆمەڵگەدا جێگەی بایەخ و گرنگیدان نین.”


































































