” سەرۆك بارزانی هەمیشە لە كاتی نائومێدی دا ئومێدی بۆ گەلەكەی دروست كردووە “
راپۆرت-زاری كرمانجی
چین و توێژەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە ڕاپۆرتێكی زاری كرمانجیدا، دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە گرینگ ناودەبەن و دەشڵێت: دروستبوونی ئەو حیزبە لە كات و ساتێكدابوو، كە كورد بە هەموو شێوەیەك دەچەوسایەوەو مافەكانی پێشێل دەكرا.
محەمەد نەسڕولڵا، چالاكوانی مەدەنی لە سنووری ئیدارەی سۆران، بە زاری كرمانجی گووت: پارتی دیموكراتی كوردستان، یەكێكە لە حیزبە كاریگەر و مێژووییەكانی باشووری كوردستان، وەك یەكەم حیزبی سیاسی شۆڕشگێڕ هەمیشە بەرگری لە پیرۆزییەكانی گەلی كورد و كوردستان كردووە، دروستبوون و هێنانە كایەی زەروورەتێكی زۆر پێویست بوو، چونكە پێش هێنانە كایەی ئەم حیزبە هەمیشە گەلی كورد لە باشووری كوردستان دەچەوسێنرایەوە لە لایەن نەیارانەوە، بێ ئەوەی هیچ حیزب و لایەنێكی سیاسی بەهێز هەبێت بەرگری لە مافی كوردستانیان بكات، هەمیشە بڕیارەكانی (تەعریب) كردنی (زمان، كەلتوور، نەتەوە، …. هتد) لەلایەن حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق، ببووە لە حاڵەتەوە دەرچوو بوو بببووە دیاردە، وە مۆركێكی كەلتووری وەرگرتبوو لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەو سەردەمی عێراق تا ئێستاشی لەگەڵ بێت بە هەزار جۆر (تەعریب) دەكرێین، بۆیە لەلایەن هەر تاكێكی گەلی كورد دامەزراندنی پارتێكی سیاسی كە بەرگری لە مافەكانی گەلەكەی بكات پێویستییەك بوو.
ئاماژەی بەوەشدا: گەلی كورد بە گەڕانەوە بۆ مێژوو ئەم ئەزموونە ناخۆشەی بینی بوو كە چەندین كەس هەوڵیان داوە حیزبی سیاسی و كۆمەڵایەتی و جەماوەری دروست بوون، بەڵام هیچ كام لە حیزبەكان بە شێوەیەكی ورد نەدەپرژانە سەر پرسە نیشتمانی و نەتەوەیییەكان، بۆیە كاتێك ژەنەراڵ (مەلا مستەفا بارزانی) بڕیاری دامەزراندنی حیزبێكی سیاسی دەدات بە ناوی (پارتی دیموكراتی كوردستان) لەبەر بیر و هزری بەڕێزیان و بە تەواوی پرژانە سەر پرسە نیشتمانی و نەتەوەیییەكان وە دڵنیابوونەوە لە نیەتی بنەماڵەی بارزانی لە پێشتر و لەو كاتدا زۆربەی چالاكوانانی كوردستان لە هەموو ناوچەكان پەیوەندییان بە ڕیزەكانی حیزبەكەوە كرد و توانیان كار لەسەر ئەوە بكەن بەرگری لە هاووڵاتییانی كوردستان بكەن و بەرگری لەو پرسە نەتەوەیی و نیشتمانیانە بكەن كە دەسەڵاتدارانی عێراق كاریان دەكرد لەسەر نەهێشتن و نەمانیان وە لە ڕێگای ڕێكخستنەكانییەوە حیزبەكە توانیان كاریگەری زۆر لەسەر حكوومەتی ئەو كاتی عێراق دروست بكەن و كۆمەڵێك ئامانجی نەتەوەیی بە دەست بهێنن.
دەشڵێت: لە سەرەتای دروست بوونەیەوە تا ئەو كاتەی ئێستاشی لەگەڵ بێت (پارتی دیموكراتی كوردستان) ڕێبازی بارزان پەیڕەو دەكەن كە هەمیشە بەرگری كردن لە مافەكانی كورد و خاكی پیرۆزی كوردستان لە پێشینەی كارەكانی ئەم حیزبە سیاسییە تێكۆشەرەن، كە لە ئێستادا (سەرۆك بارزانی) و (مەرجەع)ی كورد ڕابەریەتی حیزبەكە دەكات و كوردانی باشوور و كوردانی هەر چوار پارچەی كوردستان هەموو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژئاوا پێیان وایە كە چارەسەری كێشەكانی كورد تەنیا بەو كەسایەتییەك دەكرێت.
كەریم كاوە كەریم، بەڕێوەبەری گشتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی سۆران، بەزاری كرمانجی ڕاگەیاند: پارتی دیموكراتی كوردستان، لەسەردەمی قەیرانی ئازادی و نەبوونی مافی كورد دا دامەزرا و بەڕووی مەترسییەكانی ئەوسا لە سەر كورد، لە تاریكترین سەردەمی میژوویی نەتەوەی كورد دا، لە كاتی قەیرانی ئازادی و نەبوونی سەرەتاییترین ماف بۆ كورد دا، لە خەون و خوێنی و فیداكاریی میللەتەوە دروست بوو. پارتی لە ڕێگای خەباتی خۆیدا بەڕووی مەترسیە گەورەكان وەستاوەتەوە و بە هەڵوێستەكانی و تێكۆشان و خۆنەچەماندنی توانیویەتی لە هەموو قۆناغەكاندا بەسەر ئاستەنگەكاندا سەركەوێت و كورد و كوردستان لە مەترسی رزگار بكات و سەختیەكان تێپەڕێنێت.
ئەوەش دەخاتەڕوو: دامەزراندنی پارتی لە سەر دەستی جەنابی بارزانی نەمر بۆ ئەوسا و ئێستاش میپاقێكی نوێیە بۆ بەردەوامبوون لە ڕێگای سەركەوتنی كوردستان و پاراستنی ئەزموونەكەمان. ئەم میپاقە بۆ ئێمە و بۆ نەوەكانمان، گەرەنتییەكی مەزنە بۆ پاراستنی ئازادی و مافە نەتەوەییەكانمان و دوورخستنەوەی مەترسی لەناوبردنی گەلەكەمان و ئاشتی و تەبایی و پێكەوەژیان.
لەدوا قسەكانیدا دەڵێت: سەرۆك بارزانی، هەمیشە بە هەڵوێستە نەتەوەییەكانی توانایەتی بەرگری لە خاك و نەتەوە و مافەكانی گەلەكەمان بكات و رووبەڕووی گەورەترین دوژمنەكان بوەستێتەوە و لە كاتی نائومێدی دا ئومێد بە بەر گەل و نیشتیماندا بكاتەوە. پارتی هەمیشە بەرپرسیاریەتی خۆی بە شێوەیەكی بەرچاو لە پاراستنی سەروەری و دەستكەوتە نیشتمانییەكان بەجێهێناوە و تا دوا قۆناغی گەیشتن بە كەناری ئارام، بەردەوام دەبێت لە ڕێگای خەبات و هەڵوێست، بۆ پاراستنی ئەزموونەكەمان و ناوەستێت لە بەرامبەر هەموو مەترسییەكان، بۆ گەیشتن بە ئامانجی گەورەی نەتەوەییمان و یەكڕیزی و تەبایی و پێشخستن و پەرەپێدانی زیاتری كوردستان.
































































