وێڕای ئەوەی هێشتا دیار نییە كەی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان هەڵدەبژردرێت، بەڵام سكرتێری پێشووی پەرلەمانی كوردستان دەڵێ، پێشبینی دەكرێت، سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكێتی دەبێت.
ئەمڕۆ دووشەم، 18ی ئابی 2025، مونا قەهوەچی، پەرلەمانتار و سكرتێری پێشووی پەرلەمانی كوردستان، قسەی بۆ ماڵپەری “وشە” كردووە و راگەیاندووە، تا ئێستە دیار نییە دابەشكردنی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان چۆنە، بەڵام پێشبینی دەكرێت، سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكێتی و جێگرەكەی بۆ پارتی بێت.
لەبارەی پۆستی سكرتێری پەرلەمانیش گووتی” خولی پێشوو لای پێكهاتەكان بووە، ئەوەیش بە بڕیاری سەرۆك بارزانی و وەك رێزێك بۆ پێكهاتەكانی كوردستان، بەڵام لەم خولەدا هێشتا ئەوە روون نەبووەتەوە”.
ئاماژەی بەوەش كردووە” پۆستی سكرتێری پەرلەمان بەگوێرەی یاسا و بەركەوتە بۆ پێكهاتەكان یەكلا نەبووەتەوە، بەڵام تێكگەیشتن هەیە كە جارێكی تر پێكهاتەكان وەری بگرنەوە”.


































































