تەواوی ئاماژەكان نیشاندەری ئەوەن كە محەمەد شیاع سوودانی چەند مانگێكی لەسەر كوورسی سەرۆكایەتی حكومەتی عێراقی فیدڕال ماوە، بە تایبەتی كە هەم لە نێو شیعەكان رووبەڕووی رەخنەی تووند بۆتەوە، هەمیش سوونەكان لە بواری خزمەتگوزارییەوە لێ رازی نین، هەر چی تایبەتیشە بە كوردەوە، بیانووەكانی حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی سوودانی بۆ سزادانی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان و نەناردنی مووچە و بە سیاسی كردنی كێشە تەكنیكییەكان شانسی بۆ پشتگیری كردنی لاواز كردووە.
لەلایە خۆشیەوە گووتەبێژی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند” محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، خولی دووەم سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بەدەستناهێنێتەوە.”
عەقیل فەتلاوی، لە دواین لێدوانیدا ئاماژەی بەوەداوە ” ئەو دەنگانەی سوودانی بەدەستی دەهێنێت هەر چەندێك بێت، زۆر كاریگەرییان نابێت لەبەر ئەوەی فاکتەری یەکلاکەرەوە، رێککەوتنی سیاسییە”.
گووتەبێژی دەوڵەتی یاسا زیاتر ئاماژەی بەوەکردووە” سوودانی خۆی كوشتووە بۆ خولی دووەمی سەرۆكایەتی و ئەوەش بەڕوونی لە كارەكانیدا دیارە، بەڵام رۆڵی چوارچێوەی هەماهەنگی و ئەوەی پێشكەشی كردووە پەراوێزی خستووە كە ئەوەی لێ چاوەڕوان نەدەکرا، وەك پیویست خزمەتی بە هاوڵاتی نەکردووە، گرفتی زۆر ماون”.































































