مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :

بەپێی ڕێكەوتنەكەی ئەمەریكا و عێراق، مانگی داهاتوو دوا وادەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكایە لە عێراق، بە پێی ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەی مەدا، ئەمەریكا لە بنكەی عەین ئەسەد سەرقاڵی خۆئامادەكردنە بۆ گواستنەوە بەرەو هەرێمی كوردستان.
هاوكات هەندێك لە شرۆڤەكارانی سیاسیی پێیان وایە ئەمریكا پابەندی ڕێككەوتنەكە دەبێت و هەندێكی دیكەش باس لەوە دەكەن ئەمریكا خۆی بۆ قۆناغێكی دیكەی ڕووبەڕووبوونەوە ئامادە دەكات.
لای خۆشییەوە سەباح نوعمان گوتەبێژی فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراق لەبارەی مانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە هەولێر ڕاگەیاند “جووڵەی هێزەكانی ئەمریكا بۆ هەولێر بڕیارێكی كتوپڕ نەبووە پێشووتر ڕێككەوتنی لەبارەوە كراوە.”
دەشڵێت “ئەو هێزانە كە كاریان ڕاوێژكارییە بە گوێڕەی ئەو ڕێككەوتنەی كە كراوە بۆ ماوەی ساڵێك لە هەولێر دەمێننەوە.”

































































