
ئەمیر حەیات موقەدەم، جێگری فەرماندەی هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران و ئەندامی ئێستای کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی ئەنجوومەنی شۆرای ئیسلامی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پێگەی ( دیدەبانی ئێران) رایگەیاند ” کۆماری ئیسلامی توانای ئەوەی هەیە شارەکانی وەک واشنتۆن و نیویۆرک بکاتە ئامانج”.
ئەم فەرماندەی بالایەی ئێران زیاتر گووتی ” سوپای پاسداران لە دوو دەیەی ڕابردوودا کاریان کردووە بۆ پەرەپێدانی هەڵدانی مووشەک لە سەر پاپۆر و کەشتییە دەریاییەکان و دەتوانێت بە نزیکبوونەوە لە دووری دوو هەزار کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی ئەمریکاوە شارە گەورەکانی ئەو وڵاتە بکاتە ئامانج”.
ئەو بەرپرسەی کۆماری ئیسلامی هەروەها جەختی لەوە کردەوە ” وڵاتانی ئورووپایی لەوان بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیاش لە مەودای مووشەکەکانی کۆماری ئیسلامیدان”.
ئەم هەڕەشەیە لە کاتێکدایە سێ وڵاتی ئورووپایی لە نامەیەکدا بۆ سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشدارییان داوە، ئەگەر کۆماری ئیسلامی تا کۆتایی مانگی ئابی ٢٠٢٥ نەگەڕێتەوە بۆ دانوستانە ئەتۆمییەکان، ئەوا پلانی سزاكان چالاک دەبێت.


































































