نزیكەی 500 ماڵی گوندی شیوان و نزاری لێی سودمەند دەبن
بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی سیدەكان: 70 گوندی دەڤەرەكەمان گرفتی ئاویان هەیە
مورڕشید برادۆستی – زاری كرمانجی :
بە مەبەستی چارەسەركردنی گرفتی ئاو، كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دوو پڕۆژەی ئاوی خواردنەوە لە دوو گوندی بەرفراوانی سنووری قەزای سیدەكان جێبەجێ دەكات و 50%ی كارەكان تەواو كراوە، بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی سیدەكانیش ئاماژەبەوەدەكات، جیا لەو دوو گوندە 70 گوندی دیكەش گرفتی ئاویان هەیە و سەرووی خۆمان لەو بابەتە ئاگادار كردۆتەوە .
گوندی نزاری و شیوان گەورەترین گوندی دەڤەری برادۆستن لە ڕووی ڕووبەری جوگرافیا و ژمارەی دانیشتوانەوە، ساڵانێكە بە دەست گرفتی ئاوی خواردنەوە دەناڵێنن، حكوومەتی هەرێم چارەسەری ڕیشەیی ئاوی خواردنەوە لە دوو گوندە دەكات .
سەدام حسێن موختاری گوندی شیوان لە سیدەكان، بەزاری كرمانجی گووت:” ماوەی چەند ساڵێكە گوندی شیوان دووچاری وشكە ساڵی بۆتەوە و سەروچاوەكانی ئاوی خواردنەوەی بە تەواوی وشك بوونە، لە ئێستادا ڕێژەی دانیشتوانی گوندەكەمان سەرووی 200 ماڵە، بەشی زۆری دانیشتوانان بێ ئاون و سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەیان نییە، ئەو بیرانەی پێشتریش لێدرابوون بەشی زۆریان وشك بوونە و دووچاری گرفتی زۆر بووینەتەوە .
موختاری گوندی شیوان، دەڵێت:” حكوومەتی هەرێمی كوردستان پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی لە گوندەكەمان دەستپێكردووە، بەڵام كارەكانیان بەخاوی بەڕێوەدەچێت، پێویستە پەلە بكرێت لە دروستكردن و ڕاكێشانی تۆڕی ئاو، لە هەمان كات كۆگا و خەزانەی ئاویش دروست بكرێت تا چارەسەری ئاو لە گوندەكەمان ببێتە یەكجاری و كۆتای پێ بهێندرێت، چونكە دانیشتوانی گوندەكەمان لە دەست كەمئاوی لە دۆخێكی خراپدان .
گووتیشی:” وەكو دانیشتوانی شیوان، سوپاسی حكوومەت و ئیدارەی سۆران وسیدەكان دەكەین بۆ هەوڵەكان و جێبەجێ كردنی ئەو پڕۆژەیە، بێگومان بە تەواو كردنی گرفتی چەندین ساڵەمان بۆ چارەسەر دەبێت .
عەبدوڵڵا شیخۆ موختاری گوندی نزاریە لە سیدەكان، بە زاری كرمانجی گووت:” ساڵانێك بوو كەمی و نەبوونی ئاوی خواردنەوە گرفتی سەرەكی بۆ دانیشتوانی نزاری لە دەشتی هێرت دروست كردبوو، ئەمەش هۆكارێك بوو بۆ ئەوەی هاووڵاتییان لەو گوندە كۆچ بكەن و بەرەوشوێنی دیكە بڕۆن یان لە دۆخێكی خراپدا بژین، خۆشبەختانە دوای داواكاری زۆر حكوومەتی هەرێم ڕەزامەندی نیشاندا بۆ جێبەجێ كردنی پڕۆژەی ئاو لە گوندەكەمان .
زیاتر گووتی:” پڕۆژەی ئاو یەكێكە لە پڕۆژە هەرە سەرەكییەكانی خزمەتگوزاری و لە زۆر بواری دیكە پێویسترە، بە تەواو كردنی ئەو پڕۆژەیە چیتر گرفتی ئاو لە گوندەكەمان نامێنێت و بە یەكسانی ئاو بۆ هەموو ماڵێكی نزاری دابەش دەكرێت .
گرفتی ئاوی خواردنەوەپڕۆژوە ئاوی خواردنەوەی گوندەكەمان لە واری جێبەجێ كردندایە، گرفتی ئاو لە گوندەكەمان بە تەواوی چارەسەر دەبێت،
لای خۆیەوە قارەمان شێخۆ، بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی سیدەكان، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” لە سنووری فەرمانگەكەمان 70 گوند گرفتی ئاویان هەیە، هۆكارەكەش بۆ كۆنی و خراپ بوونی تۆڕی ئاو، وشك بوونی سەرچاوەی ئاو، زیاد بوونی ژمارەی دانیشتوانان و بەرفراوان بوونی ئەو گوندانە دەگەڕێتەوە، هەموو هەوڵێكیش دەدەین بۆ چارەسەر كردنییان و سەرووی خۆشمان لەو بابەتە ئاگادار كردۆتەوە”.
بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی سیدەكان، دەڵێت:” لە چوارچێوەی ئەو گوندانەی گرفتیان هەیە، 20 گوندی سیدەكان بە تەواوی سەرچاوەی ئاویان لەم وەرزەی ساڵ وشكبووە و كێشەیان بۆ دروست بووە، پێویستی بە دروستكردن و دۆزینەوەی سەروچاوەیەكی دیكەی ئاو هەیە، بەڵام لە لایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان چارەسەری كاتییان بۆ كراوە و لە رێگەی تانكەر ئاویان بۆ دابین دەكرێت”.
دووپاتی لەوەكردەوە:” بەمەبەستی چارەسەری بێ ئاوی و رزگار بوون لەو دۆخە نەخوازراوە، دوو پڕۆژەی گرنگی ئاو بە گوژمەی زیاتر لە یەك ملیار دینار لە هەردوو گوندی شیوان و نزاری كەوتۆتە واری جێبەجێ كردن، پڕۆژەی گوندی نزاری 50%ی كارەكانی تەواو بووە كە خۆی لە لێدانی دوو بیر، دروستكردنی كۆگایەكی گەورەی ئاو ، تۆڕی دابەشكردنی ئاو، ڕاكێشانی كارەبا بۆ پڕۆژەكە دەبینێتەوە و كارەكان بەباشی بەڕێوەدەچن .
لەبارەی پڕۆژەی ئاوی گوندی شیوانیش، بەرپرسی فەرمانگەی ئاوە سیدەكان، ڕوونی كردەوە:” ئەو پڕۆژەیەش لەسەر ڕووبار بیرێكی ئاو لێدەدرێت و فلتەری بۆ دادەندرێت، كۆگایەكیش لەسەرووی گوند دروست دەكرێت، لەهەمان كات تۆڕی دابەشكردنی ئاویش بۆ كۆڵانەكان و سەرجەم ماڵان ڕادەكێشرێت، هەندێ لە كارەكانی جێبەجێ كراوە بە گشتی 20% كارەكانیان تەواو كراوە .
گووتیشی:” بە تەواو كردنی ئەو دوو پڕۆژەیە كێشەی تەواوی دانیشتوانی هەردوو گوندی نزاری و شیوان بە تەواو چارەسەر دەبێت .
جێگەی ئاماژەیە، دەڤەری برادۆست سەرباری ئەوەی ناوچەیەكی شاخاوی و سەرچاوەی باشی ئاوی وەك كانیاو و رووبار هەیە، بەڵام وەك پێویست سودی لێ وەرنەگیراوە و ئەمساڵ كەم و كوڕی تۆڕەكانی ئاو، وشكە ساڵیش بەشێوەیەكی بەرچاو ڕەنگیداوەتەوە و زۆربەی گوندەكانی ئەو دەڤەرە بێ ئاو بوونە وحكوومەت هەوڵیداوە لە رێگەی تانكەر ئاویان بۆ دابین بكات، دوو پڕۆەی گرنگیش لە هەردوو گوندی نزاری و شیوان لە جێبەجێ كردندان”.

































































