مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت، لە زاری ئەمینداری گشتی حیزبوڵڵای عێراق بڵاوی كردەوە كە حیزبوڵڵای عێراق بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەوەدا نییە كە حیزبوڵڵای لوبنان چەكەكانی ڕادەستی حكومەت بكات و دەشڵێت “ئامادەین چەكی پێشكەوتوویان بۆ بنێرن.”
دوای ئەوەی حكومەتی بەیرووت داوای لە حیزبوڵڵای لوبنان كرد چەكەكانیان ڕادەستی حكومەت بكەن، عەلی لاریجانی، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، بە بیانووی واژۆكردنی ڕێككەوتنێكی ئەمنی گەیشتە عێراق و بەشێك لە میدیاكانی عێراقیش ئاماژەیان بەو سەردانەی لاریجانی كرد كە زیاتر پەیوەست بووە بە بڕیاری چەكدانانی حیزبوڵڵای لوبنان.
ئەبوو حوسێن حەمیداوی ئەمینداری گشتی حیزبوڵڵای عێراق ڕاگەیاند “نەك هەر لەگەڵ ئەوەدا نین حیزبوڵڵای لوبنان چەكەكانی ڕادەستی حكومەت بكات، بەڵكوو ئامادەین چەكی پێشكەوتووشیان بۆ بنێرین.”
گوتیشی “كەوتنی ڕژێمەكەی ئەسەد و هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر یەمەن و جەنگی 12 ڕۆژەی سەپێنراو بە سەر ئێران بە هاوكاری ئەمریكا، بۆ ئەوەیە دەنگی بەرگریی گەلانی ئەم وڵاتانە كپ بكەنەوە و لەو چوارچێوەیەشدا داوای چەكدانان دەكرێت لە لوبنان و عێراق دەكرێت، كە ئەوەش داوایەكی پڕوپووچ و بێ مانایە.”

































































