کەریم کاوە کەریم
بەڕێوەبەری گشتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی سۆران
جەژنی لە دایک بوونی سەرۆک و رێبەر و مەرجەعی نەتەوەییمان سەرۆک بارزانی، و ساڵڕۆژی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەموومان و ماڵباتی سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان و پێشمەرگە قارەمانەکان پیرۆز بێت.
یادی دامەزراندنی پارتی، یادی ئەو پارتەیە کە لەسەردەمی قەیرانی ئازادی و نەبوونی مافی کورد دا دامەزرا و تەقییەوە بەڕووی مەترسیەکانی ئەوسا لە سەر کورد. ئەم ڕۆژە، تەنها یادی دامەزراندن نییە، بەڵکو میپاقێکی نوێیە بۆ بەردەوامی و مانەوەی کوردستان،و نەوەستان بەرەو ئامانجە گەورەکە.
پارتی لە تاریکترین سەردەمی میژوویی نەتەوەی کورد دا، لە کاتی قەیرانی ئازادی و نەبوونی سەرەتاییترین ماف بۆ کورد دا، لە خەون و خوێنی و فیداکاریی میللەتەوە دروست بوو. پارتی لە ڕێگای خەباتی خۆیدا بەڕووی مەترسیە گەورەکان وەستاوەتەوە و بە هەڵوێستەکانی و تێکۆشان و خۆنەچەماندنی توانیویەتی لە هەموو قۆناغەکاندا بەسەر ئاستەنگەکاندا سەرکەوێت و کورد و کوردستان لە مەترسی رزگار بکات و سەختیەکان تێپەڕێنێت. بۆیە دامەزراندنی پارتی لە سەر دەستی جەنابی بارزانی نەمر بۆ ئەوسا و ئێستاش میپاقێکی نوێیە بۆ بەردەوامبوون لە ڕێگای سەرکەوتنی کوردستان و پاراستنی ئەزموونەکەمان. ئەم میپاقە بۆ ئێمە و بۆ نەوەکانمان، گەرەنتییەکی مەزنە بۆ پاراستنی ئازادی و مافە نەتەوەییەکانمان و دوورخستنەوەی مەترسی لەناوبردنی گەلەکەمان و ئاشتی و تەبایی و پێکەوەژیان.
جەنابی سەرۆک بارزانی، هەمیشە بە هەڵوێستە نەتەوەییەکانی توانایەتی بەرگری لە خاک و نەتەوە و مافە نەتەوەییەکانمان بکات و رووبەڕووی گەورەترین دوژمنەکان بوەستێتەوە و لە کاتی نائومێدی دا ئومێد بە بەر گەل و نیشتیماندا بکاتەوە. پارتی هەمیشە بەرپرسیاریەتی خۆی بە شێوەیەکی بەرچاو لە پاراستنی سەروەری و دەستکەوتە نیشتمانییەکان بەجێهێناوە و تا دوا قۆناغی گەیشتن بە کەناری ئارام، بەردەوام دەبێت لە ڕێگای خەبات و هەڵوێست، بۆ پاراستنی ئەزموونەکەمان و ناوەستێت لە بەرامبەر هەموو مەترسیەکان، بۆ گەیشتن بە ئامانجی گەورەی نەتەوەییمان و یەکڕیزی و تەبایی و پێشخستن و پەرەپێدانی زیاتری کوردستان.
































































