زاری كرمانجی – سۆران:
لەم چەند ڕۆژەی دواییدا (٣ تا ٦ / ١١/ ٢٠٢٢ )، کۆنگرەی ١٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک بەڕێوەچوو، کۆنگرەیەک کەچاوی نێوخۆ و دنیای لەسەربوو, یار و نەیار چاوەڕێی ئەنجامەکانیان دەکرد, بەڵام سوپاس بۆ خوا هێندە سەرکەوتوو بوو, یارانی دڵخۆش و نەیارانی دردۆنگ کرد.
وەک نەریتێکی دیموکراسی, هەمیشە لە کۆنگرەکاندا بەشێک لە کاندیدەکان ناتوانن ڕێژەی پێویستی دەنگەکان بەدەست بهێنن, ئەمجارەشیان بەشێک لە کاندیدانی بەڕێز نەیانتوانی، لە نێو ئەو بەشەشدا ژمارەیەک لەو تێکۆشەر و ئازیزانەی کە لە حزبەکانی ترەوە هاتووەنەتە نێو ریزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان, کە کەسایەتی دڵسۆز و بە ئەزموون و بە توانان,نەیانتوانی ڕێژەی پێویستی دەنگەکان بە دەست بهێنن, بەڵام دەبێ ئەوەش بڵێین، ئەو ئازیزانە جێی ڕێز و متمانەن، بۆیە زووتر پارتیمان پێگە و پۆستی شیاوی بۆ تەرخان کردبوون لە حکومەت و ژیانی حزبی, دیارە دەرنەچوونیشیان بۆ ئەم نەریتە دیموکراسییە دەگەڕێتەوە کە لە هەڵبژاردندا هەیە, خۆشیان لە روونکردنەوە و پەیامەکانیان ئەوەیان خستۆتەروو, کە ئەنجامەکانیان قبوڵە و لە جاران باشتریش بەردەوام دەبن لە خەبات و تێکۆشان له نێو پارتیدا.
لەبەر ئەوەی کۆنگرەکە سەرکەتوو بووە، نەیارانی پارتی ژان گرتوونی و دەیانەوێ بابەتی دەرنەچوونی ئەم بەڕێزانە بکەنە بابەتی سۆشیاڵ میدیا و شەڕی دەروونیان بکەن, بۆیە لێرەدا دەڵێین:
• بە درێژایی مێژوو کەسایەتیی زۆر لە نێو حزبەکانی تر هاتوونەتە نێو ریزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و لە کۆنگرەکان دەنگی زۆریان هێناوە و گەیشتونەتە پلەی ئەندامیەتی مەکتەبی سیاسی و پۆستی بالا لە حکومەتیشدا.
• لە کۆنگرەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان, تەنانەت لەم کۆنگرەیەشدا کەسایەتیی سیاسی زۆر کە خودان خەباتی شاخ و لە پلەی زۆر بەرز بوون دەرنەچوون, ئەویش بەشێکە لە نەریتە دیموکراسییەکەی هەڵبژاردن.
• ڕوونکردنەوەی ئەم چەند بەڕێزەی لە حزبەکانی تر هاتبوونە نێو پارتی و ئەمجارە دەرنەچوون, وەڵامێکی دەمکوتکەرە بۆ ناحەزان, کە تیایدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن بە ئەنجامەکان ڕازین و لە جاران گەرمتر بەردەوام دەبن لە خەبات لە نێو ریزەکانی پارتیماندا.
• کۆنگرەی ١٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان بە هەموو پێوەرێک کۆنگرەیەکی نەوعی پڕ دەسکەوت بوو, ناحەزان دەیانەوێ لە خاڵیکی نیگەتیڤ بگەڕێن , بەڵام خەیاڵیان خاوە و خەونی حوشتر دەبینن, ئێمە ڕێبوارانی رێبازی بارزانی, هەمووان بە وانەی دەرچوون و دەرنەچوون, ئەوانەی لە نێو کۆنگرەبوون یان لە دەڕەوەی کۆنگرە، وەک پێشمەرگەی جەنابی سەرۆک بارزانی بەردەوام دەبین لە خەباتکردن لەپێناو کوردستان و دۆزە ڕەواکەی.
بەشی رۆژنامەوانی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان