د. ئازا كامەڕان – زاری كرمانجی:
لە سنووری ئیدارەی سۆران تیپی لاوانی یانەكانی سۆران و ڕواندز بەشدار بوون لە خولی لاوانی كوردستان لە یاری تۆپی پێ، بە شاهێدی شارەزایانی وەرزشی یاریزانەكانی هەردوو یانە ئەگەر بەردەوام گرنگیان پێ بدرێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە لە داهاتوو بەرهەمی باشی لێ دەكەوێتەوە و دەتوانن ببن بە یاریزانی زۆرچاك و یارمەتی تیپی پێشكەوتووانی یانەكانیان بدەن و دەبن بە یاریزانی زۆر لێهاتوو.
بەڵام جێگای داخە لە ئێستادا ئەو تیپانە دوای ئەوەی خولی كوردستان تەواو دەبێت ئەوا دووچاری ئاڵەنگارییەك دەبنەوە، كاتێك یاریزانەكان واز لە مەشق و ڕاهێنان دێنن و دوور دەكەونەوە لە یاریگاكان و زۆرینەی یاریزانان ڕاهێنانەكانیان ڕادەگرن و دەگەڕێنەوە ماڵەوە، ئەمەش كاریگەری نەرێنی لەسەر ئاستی یاریكردن و پێشكەوتنیان دادەنێت و بەم شێوە نازانستییە یاریزان دروست نابێت و كاریگەری خەراپ لەسەر داهاتووی وەرزشی ئەم دەڤەرە دروست دەكات، چونكە بە شێوەیەكی زانستی نابێت یاریزان زیاد لە پێویست پشوو وەربگرێت چونكە ئاستی جارانی نامێنێت و بەرەو لاوازی دەچێت كاتێك پشووەكانی بە شێوەیەكی تەندروست نەبێت، چونكە ئەم دۆخە كاریگەری نێگەتیڤ لەسەر چەندین ڕەهەند دادەنێت، لە ڕووی جەستەییەوە، یاریزانان لێهاتوویی و توانای فیزیكییان لەدەست دەدەن، لە ڕووی دەروونییەوە، پشووی درێژخایەن بێزاری لێدەكەوێتەوە، هەروەها لە ڕووی تیمییەوە، هاوكاری و هەرەوەرزی نێوان یاریزانان كەم دەبێتەوە.
چارەسەری ئەم كێشەیە بێگومان پێویستە یاریزانەكان بە سەرپەرشتی ڕاهێنەری شایستە لە ڕاهێنان و مەشق بەردەوام بن، تەنانەت ئەگەر دوای تەواوبوونی خولەكانیش بێت، دوای وەرگرتنی پشوێكی كورت پێویستە یاریزانەكان بە شێوەیەكی بەرنامە بۆ داڕێژراو دەست بە مەشق و یاری دۆستانە بكەنەوە بۆ ئەوەی ئاستیان بە جێگیری بمێنێتەوە و بەرەو گەشەسەندنی جەستەیی و هزری بڕۆن.
هەروەها گرنگە تیپەكە بەرنامەی ساڵانەی درێژخایەن داڕێژێت كە پشووی كورت و ڕاهێنانی بەردەوامی تێدا بێت، ئەمە یارمەتی یاریزانان دەدات بۆ ئەوەی هەمیشە ئامادەبن و لە دۆخێكی تەندروستی جەستەیی و دەروونی باشدابن.
لە كۆتاییدا، بەردەوام بوون لە ڕاهێنان تەنها بۆ جێگیربوون و مانەوەی ئاستی یاریزان نیە، بەڵكو بە مەبەستی پێشكەوتن و گەشەكردنی یاریزانە لە وەرزش، بێگومان كاتێك یاریزانان واز لە ڕاهێنان دەهێنێت یاخود پشوێكی زیاد لە پێویست وەردەگرێت، ئەوا لەم حاڵەتە هەموو ماندووبوون و هەوڵی ڕابردووی بەهەدەر و بەفیڕۆ دەڕوات، هەروەها دەرفەتی بەدیهێنانی ئامانجەكانیشی لەدەست دەچێت و پێشناكەوێت.
































































