“تا ئێستا چەندین كەس دراونەتە دادگا و لێپێچینەوەی یاسایان لەگەڵ كراوە”
“ئامادەكاری بۆ وەرزی بەفر و باران كراوە و چەندین تیم پێكهێنراون”
محەمەد هەسنانی- سۆران:
ئەندازیار خوسرەت سادق، بەڕێوەبەری چاكردنەوە و پاراستنی رێگاوبانی ئیدارەی سۆران، لە دیدارێكی زاری كرمانجی، تیشكدەخاتە سەر كاروپڕۆژە خزمەتگوزارییەكان، دەشڵێت، لەگەڵ راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێم، دەڤەری سۆران بووژانەوەیەكی باشی بەخۆیەوە بینیوە، بەتایبەتی لە بواری رێگاوبان.
بەڕێوەبەری چاكردنەوە و پاراستنی رێگاوبانی ئیدارەی سۆران، راگەیاند، كارەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان جێگەی دەستخۆشین، بایەخێكی زۆری بە پڕۆژەكانی رێگاوبان داوە، وەك دەبینرێت لە شار و شارۆچكە و ناوچەكانی كوردستان خزمەتی زۆر پێشكەش بە هاووڵاتییان كراوە، هەمیشە سەرۆكی حكوومەت دووپاتی دەكاتەوە كە بەردەوام دەبێت لەسەر پێشكەشكردنی ئەو خزمەتگوزاریانە.
ئەندازیار خوسرەت سادق، گوتیشی:” لەگەڵ راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە لایەن مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و دەستبەكاربوونی هەڵگورد شێخ نەجیب، وەك سەرپەرشتیاری ئیدارە، دەڤەرەكە واتە سنووری هەر چوار قەزاكانی سۆران، مێرگەسۆر، رواندز و چۆمان، بووژانەوەی باشی بەخۆیەوە بینیوە، لەڕووی ئەنجامدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان لە بواری رێگاوبان و سێكتەرەكانی دیكە، كە تەنها ئەمساڵ دەیان پڕۆژەی ستراتیژی جێبەجێ كراون، لەگەڵ چەندین پڕۆژەی دیكەی جۆراوجۆر، هەروەها كاركردن لە چەندین پڕۆژە بەردەوامە و ژمارەیەك پڕۆژەی دیكەش لەپلان و بەرنامەدان.
دری، ئاشكراشی دەكات:” لە كابینەی نۆیەم، لەسەر بودجەی وەزارەتەكەمان، كە وەزارەتی ئاوەدان كردنەوەیە، هەروەها پەرپێدانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ملیاران دینار بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی ئیدارەی سۆران تەرخانكراوە، گەورەترین پڕۆژەش دووسایدكردنی رێگای سەرەكی خەلیفان-سپیلك كە زیاتر لە 64 ملیار دیناری بۆ تەرخانكراوە، هەروەها حەوت پڕۆژەی دیكە رەزامەندیان بۆ دەرچووە، لەوانە پێنج پڕۆژە بۆ ئیدارەی سۆران، گوژمەكەیان شەش ملیار دینارە، لەوانە چوار پڕۆژەیان دەكەونە سنووری ناحیەی سیدەكان و پڕۆژەیەكیش لە سنووری ناحیەی قەسرێ، رێكارە ئیدارەكانیان تەواو بوونە و لەقۆناخی تەندەراتدان، جگە لەوەی چەندین پڕۆژەی دیكە لە پلاندان، هەروەها پڕۆژەیەكی نوێ بۆ رێگای نێوان دۆرێ-رێزان، لە سنووری قەزای مێرگەسۆر بەگوژمەی نزیكەی 700 ملیۆن دینار رەزامەندی لەسەر دراوە و دەست بەكارەكانی دەكرێت.
بەڕێوەبەری چاكردنەوە و پاراستنی رێگاوبانی ئیدارەی سۆران، دەشڵێت:” پڕۆژەكانمان لەسەر بودجەی پەرەپێدانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەردەوامن، گەشبینین لە داهاتوودا پرۆژەی باشتر جێبەجێ بكرێن، ئەو هەموو خزمەتگوزاریانەش بەرهەمی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانن، كە ماوەی 17 ساڵە لە سنوورەكە وەك ئەندازیار و بەرپرسی فەرمانگە كارم كردووە، وەك ساڵی رابردوو پڕۆژە جێبەجێ نەكراون.
ئەندازیار خوسرەت سادق دری، ئاماژەی بەوەشكرد:” هەر كەس زێدەڕۆیی بكاتە سەر رێگاو شەقامە گشتییەكانی دەرەوەی شار، لێپێچینەوەی لەگەڵ دەكرێت، تەنانەت ئەو كۆمپانیا و ئەو كەسانەی لەكەرتی تایبەت كاردەكەن، نابێت زیان بە شەقام و رێگاكان بكەوێت، كە تائێستا بەم هۆیەوە چەندین كەس دراونەتە دادگا و لێپێچینەوەی یاسایان لەگەڵ كراوە، هەروەها چەندین زێدەڕۆی لابردراون و بەڵێننامە لە زێدەڕۆكاران وەرگیراوە، بەردەوامیش بە هاوكاری ئیدارەی شار و شارۆچكەكان، لەو جۆرە زێدەڕۆیانە دەكۆڵینەوە و هەوڵی نەهێشتنیان دەدەین.
بەڕێوەبەری چاكردنەوە و پاراستنی رێگاوبانی ئیدارەی سۆران، ئەوەشی خستەڕوو:” ئێستا لە وەرزی باران و بەفر بارین نزیك دەبینەوە، بەپێی ئەوەی ئیدارەی سۆران ناوچەیەكی شاخاوییە، ساڵانە لەم وەرزەدا بەرد و خۆڵی زۆر دێتە سەر رێگاو شەقامەكان و گیرانی پردو ئاوەڕۆكان..هتد، بەمەش تیمەكانمان لە ئامادەباشی دان، بۆ ئەوەی بەربەست لەبەردەم هاتووچۆی شۆفێران و هاووڵاتییان دروست نەبێت، هەروەها بەفر بارینیش بە هەمانشێوە پێویستی بەڕاماڵینی بەردەوام هەیە، بۆ ئەمەش سێ تیمان هەیە، ئەوانیش لە سۆران، مێرگەسۆر و چۆمان، بۆ ئەوەی زووتر بە ئیش و كارەكان رابگەن.
لەبارەی ئامێر و پێداویستییەكان، ئەندازیار خوسرەت، دیاركرد:” ئەو ئامێرانەی كاری راماڵینی بەفر دەكەن، هەمان ئامێری پێشترن توانیومانە بە هەر شێوەیەك بێت ئیش و كارەكانمان پێی راپەڕێنین، بەڵام داواشمان كردووە ئامێری زیاتر و پێداویستی باشترمان بۆ دابین بكرێت، بۆ ئەوەی خێراتر و باشتر بە ئیش و كارەكانمان رابگەین”.