
ماوەی مانگێك زیاترە بەرز بوونی نرخی نان لە ئێران بۆتە كێشەی سەرەكیی زۆرینەی خێزانەكان و گووتەبێژی حكومەتیش دەڵێت: بەرز بوونی نرخی نان ئاساییە.
بەپێی زانیاری ئەو هەواڵ و راپؤرتانەی لە كەناڵەكانی راگەیاندنی ئێران بڵاو بوونەتەوە، كێشەی كرینی و دەستخستنی نان بەڕۆكی زۆرینەی خێزانەكانی ئەم وڵاتەی گرتووە و ناتوانن وەك جاران نان بكرن ئەمەش بەهۆی بەرز بوونی نرخی نان.
لە بەرامبەر ئەم كێشەیەشدا فاتیمە موهاجرانی، گووتەبێژی حکوومەت، ئەمڕۆ ڕۆژی سێشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بە ئاماژەدان بە هۆکارەکانی گرانبوونی نرخی نان گووتی” کاتێک کە پێکهاتەی سەرەکی نان، كە ئاردە، گرانتر دەبێت و حەقدەستی کرێکارانی نانەواخانەكان و کۆمپانیاکانی دەستەبەری كۆمەڵایەتی بەرز دەبێتەوە، سروشتییە نرخی نان بەرزتر بێت”.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە باس لە گرانی نرخی نان و فشاری ئابووری لەسەر ماڵەکان بووەتە یەکێک لە بابەتەکانی سەرەکی لە فەزای گشتی و میدیایی وڵاتدا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا.

































































