ئیسماعیل ئیبڕاهیم
دواجار هەوڵ و ماندووبوونەكانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دەستەبەر كردنی مافی هەمە چەشنەی هاووڵاتییانی كوردستان كە لەلایەنی عێراقی فیدراڵییەوە دەستی بەسەر داگیراوە بە ئامانج دەگات.
بە دڵنیاییەوە هیچ سەركردەیەكی جیهان نایەوێت ببینێت یەك تاك لە نێو وڵاتەكەی و نەتەوەی لە ئازار و كەموكورتی بژێت، ئەو دۆخەشی ئێستا لە هەرێمی كوردستان دەگوزرێت زادەی بیری شۆفێنیزمی عەرەبییە بە پەرچەكداری و هاندانی وڵاتانی داگیركەر كوردستان، بە چاوساغی ئەو كەسانەی رقی سیاسییان لە ئاست پارتی و بنەماڵەی بارزانی و زۆر تایبەتتر لە كاك مەسرور بارزانی هەیە.
شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان بەو پێشكەوتنە خێرایە و بەدەستی هێنانی پێگەی بەهێزی نێودەوڵەتی شایەدی ئەوە دەدەن، كە ئەوەی لە توانا بووبێت كراوە.
ئەو كۆسپە مەزنانەی لە رووی ئابووری، ئیداری و سیاسییەوە خرانە سەر رێگەی كابینەی نۆیەم كە زادەی هزری شۆفێنیزمی عەرەبین، لە هەر وڵاتێكی دیكەی جیهان بوایە ئاڵای خۆرادەستكردنیان بەرز دەكردەوە. بەڵام سیاسەتی خۆ نەچەماندن و هەوڵ دان بۆ كوردستانێكی بەهێز، شكۆمەندی و رزگاری لێ بەرهەم دێت.
هیچ وڵاتێكیش لە جیهان نادۆزرێتەوە كە كەموكورتی لە بەڕیوەبردنی تێدا نەبێت، بەڵام نییەتی نەهێشتنی كێشەكان مەرجی سەركەوتنە، ئەگەر ئەم نییەتەش نەبایە ئێستا چەكدارانی حشدی شەعبی لە نێو كۆڵانەكانی شار و گوندەكانمان بە پۆستاڵەكانیان سووكایەتییان بە رۆڵەكانمان دەكرد.
هەرێمی كوردستان ساتە زۆر سەختەكانی بەرێ كرد، ئەم دۆخەی ئێستاش زۆری نەماوە كۆتایی دێت، نەك تەنها مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان دابین دەكرێت، بەڵكو رۆژ لە دوای رۆژ گەشەی نیشتمان دەبینین.
كورد نەتەوەیەكی داگیر كراوە، پیلانی ژەهراوی دوژمنان ئەوەندە ورد و كاریگەرن، تەنها عەقلی بەهێز و متمانە بەخۆ بوون دەتوانێت رووبەڕووی ئەم تەوژمە ژەهراوییە ببێتەوە.
بەڵام ئەوە كەسەی لە ئەلف و بێ دەوڵەتمەداری بزانێ تیدەگات، ئەو پڕۆژە ستراتیژیانەی ئەم چەند ساڵە لە كوردستان ئەنجام دران، بنیاد نانی ژێرخانێكی بەهێزن و ئاسانكارین بۆ ئەگەری هەر جۆرە گۆڕانكارییەكی سیاسی لە عێراق و ناوچەكە، باشترین و بەرچاوترینیان پڕۆژەكانی پیشە سازی، گرینگیدان بە كشتوكاڵ، پڕۆژەی رووناكی، ئاسایشی ئاو، هەژماری من و گەشپیدانی گەشتوگوزار لە هەموو شارەكانی هەرێمی كوردستان.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش بەهێز بوونی پێگەی هەرێمی كوردستان پتەوكردنی داهاتووی كوردستان و كردنەوەی دەرگای زیاترە بەرووی هەنگاوە دیپلۆماسییەكانی هەرێم.
هەمیشە شكست بێ ورەكان دەرووخێنێت، تەنها خاوەنە راستەقینەكانی نیشتمان ئامادەی چۆكدادان نابن.

































































