شاخەوان ئەحمەد
1
لێکدانی پارچە لێکترازاوەکانی
گورز و
نەفخ و
مەزادخانەی مرۆڤە
شیعر.
2
سیماکان بزر دەکەم
جەریدەکان دەسووتێنم
لە جیاتیی گوڵ و ڕۆژ و کەروێشک
کوشتن و دزی و خیانەتن
3
تکانی شەو و دیلبوونی ڕۆژ
بەقوربانبوونی شاعیرە
لەپێناو چێژ و بیر
4
خانمێکی گەنج و ناسک بوو
بۆ دەوڵەمەندیی خەیاڵ و وشە
لەنێو زمان و جەستەی پیربوو
شیعر
5
کێڵگەی خەیاڵ و خەونەکانە
مەرەکەب بە جۆگەکانی ژیاندا دەڕژێنێت
شیعر
6
ژیان و دونیای مرۆڤ
سەدان ڕووی درۆزنی هەبوو
ئازار و
شەو
ڕاستگۆترینیان بوون
7
لە زەمان و زمانەکان ناترسم
بەتاقی تەنیا پیاسە بە ئەزموون و
ئازارەکان دەکەم
8
بۆ باڵابوونی قەسیدەیەکی درێژ
ئامادەیە پیر ببێت
شیعر
9
چاوی تۆ
تیشکێکی سیحرە
بەتیلە نیگایەک
شیعر دەڕژێنێت
10
جەنگ ساستمەکانی بەژیاندا دا
شیعر برینەکانی دەدوورێتەوە
11
ئاژاوەی سەدەی نوێ
خۆشەویستی و سیمبولی برد
کە نامۆیی بەرپا بوو
بیرەوەری لە شیعردا شێواند
12
خۆبوون
پارچە پارچە کات کۆ دەکاتەوە
بۆشایییەکانی بیر بەئاگایی پڕ دەکات
13
کە لە منداڵیدا
کابووسی شەوانی زستان نەڕاندیان،
بای ترس پێچیدام
کە گەورە بووم
ڕۆژ تەممووزی کردە دیاری
ئینجا
ئاسوودەیی لە باوەشی کردم
14
مادام جلکەکان ڕەش بوون بە تیشکی خەم
نامە و خەیاڵەکان بەرگی مردن دەپۆشن
15
شیعر تەقینەوەی پرسیارەکانی چارەنووسە
چونکە ژیان
لەخۆوە وێنە دەکێشێت
16
ژیان هەراسانبوونە بە قەرەباڵغی و سەرقاڵی
بۆیە غەمگینی
وەرزەکانی دروست کردن
17
شیعر
بەدوای شوێنزای وشەی ژیان گەڕا
هێڵی نەخشەکانی مێژوو ببوون بە خوێن
18
لە دژی دووبارەیی ڕۆژەکان
سروشت ململانێی دروست کرد
هەڵمی دەریا و تۆزی بیابان و لورەی شاخ
کودەتای ئەهریمەنیان بردەوە
19
شەوان تایەکانم هیندە گەرمن
بە وڕێنە و هەڵم و
ئارەقەی نیوچاوانم
هەتا نۆتەکانی ژیانیش دەسڕێنەوە
20
ڕۆحی شیعرەکانم ناسکن
بە خیانەتێکی گچکە و
نەمانی هیوایەکی گەورە
دەشکێن
21
شنەبایەکی هێمنە
وەک گوڵ شکۆفەم بۆ دەکات
شیعر
22
وەک ئاو شل و نەرم لەخۆم دەگرێت
تاکوو ژیانم وشک نەبێت
شیعر
23
لەبن کەپری شەونشینم
ویستم ببمە وێنەکێش
مرۆڤ و مێژووم تەڤلیهڤ کرد
تابلۆکان
ڕەشی شەویان کێشا
ئەستێرە و مانگ
لەبار چوون
شینی مرۆڤ لەناو جەنگەکاندا زا.
































































