ئا: گولستان بەهجەت
هیچ نەتەوەیەك لە جیهان نادۆزرێتەوە بەقەد ئافرەتی كورد لە پشت شۆڕشەكانی نیشتمانەكەیەوە بێت و بەرگەی ئازارەكانی نەتەوەكەی بگرێت، ئافرەتی كورد جگە لەوەی خۆی پێشمەرگە بووە لە هەمانكاتدا دایك و خوشك و هاوسەری پیشمەرگەش بووە.
ئافرەتی كورد لەگەڵ شەهیدی هاوسەر و كوڕ یا ئەندامێكی بنەماڵەی یا نەتەوەكەی تەنها تازییەبار نەبووە، بەڵكو هۆكارێكی سەركی بووە بۆ پەروەردە كردنی رۆڵەیەكی تۆڵە سێنی خوێنی تاكی كورد، ئەو بەخێوكار و مامۆستا بووە، پشت و پەنا و هیوای پێشمەرگەكان بووە. ئافرەتی كورد مێژوویەكی هەیە تەژی لە قوربانیدان و سەربەرزی.
لە كاتی ئاشتی هیچ مێینەیەك لە جیهان ناگاتە نەرم و نیانی و جوانی ژنی كورد، نووسەرە، شاعیرە، رومانسییە، حەزی بە ژیانە، پڕ لە خۆشەویستی بۆ ژیان، بۆیەش بۆچونێكی گشتی هەیە كە ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن ژنان دژی شەڕن و لەگەڵ ئاشتیدان. هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە ژنێک کە منداڵە بچووکەکەی کە بە سەختییەکی زۆرەوە پێگەیاندووە و پەروەردەی کردووە، دەنێرێتە شەڕێكەوە كە هاتنەوە و نەهاتنەوەی بەدەست قەدەرەێكەوەیە كە ئەوان دەستیان تێدا نەبووە و نییە، ئەو گەنجانە تێوەدەگڵێن لە کوشتن و خوێنڕشتن، یان ژیانی لەدەست دەدات یان گیانی کەسانی دیکە دەبات، ئەمەش بۆ ئەوان زۆر ناخۆش و ناڕەحەتکەرە و بێ ویستی ئەوانە.
بە لەبەرچاوگرتنی هەڵوێستی ئاشتیخوازانەی ژنان، زۆرجار باس لەوە دەکرێت کە ئەگەر ژنان حوکمڕانی چارەنووسی جیهان بکەن، ئەوا کۆتایی بە شەڕ و ئاڵۆزییەکان دێنن و ئاشتی جیهانی مسۆگەر دەکەن.
بەڵام بە پێچەوانەی ئەم هەڵوێستە، مێژوو چیرۆکێکی جیاواز دەگێڕێتەوە. لە کۆمەڵگای سەرەتاییدا شەڕ بە هێمای هێز و توانا دادەنرا و پیاوان بۆ نیشاندانی ئازایەتی و چاونەترسی خۆیان دەچوونە ناو شەڕەوە. بەو پێیەی ژنان لە ڕووی جەستەییەوە لاوازتر بوون لە پیاوان، ڕێگەیان پێنەدرا بەشداری شەڕەکان بکەن.
لە شارستانییەتی ئازتکەکانی ئەمریکای باشوور، ئەگەر ژنێک لە کاتی منداڵبووندا بمرێت، ئەوە بە نیشانەی ئازایەتییەکەی دادەنرا، و بە شەرەف و ڕێزەوە بە خاک دەسپێردرا و بەردێکی یادگاری لەسەر گۆڕەکەی دادەنرا.
لە مێژوودا نەریت و داب و نەریتی ڕابردوو لە نێو مرۆڤەکاندا هێندە دامەزراوەیی بوون کە ژنان بە پابەندبوونیانەوە ڕەفتاریان دەکرد. لە کاتی شەڕەکاندا یەکێک لە گەورەترین شەرمەزاری بۆ پیاوان هەڵاتن بوو لە شەڕ. لە ویلایەتی سپارتای یۆنانی، کاتێک کوڕێک دەچێتە شەڕەوە، تەنها ئاواتی دایکی ئەوە بوو کە کوڕەکەی یان بە سەرکەوتوویی لە شەڕ بگەڕێتەوە بە قەڵغانەکەیەوە یان جەستە بێ گیانەکەی لە بەرەکانی شەڕەوە بهێنرێتەوە.
شایانی باسە لە ڕووداوێکدا هەموو سەربازەکان کوژراون جگە لە سەربازێک کە بە زیندووی گەڕاوەتەوە ماڵەوە؛ دایکی لە توڕەیی کوڕەکەی کوشت و پرسی بۆچی لەگەڵ هەڤاڵەکانت نەمردیت؟
ڕاجپوتەکانی هیندستان داب و نەریتی هاوشێوەیان هەبوو، ئەگەر کەسێک لە شەڕ هەڵهات و بگەڕێتەوە ماڵەوە، دەرگای ماڵەکەیان لەسەر دادەخست.
داب و نەریتێکی تر ئەوە بوو کە ژنان لەگەڵ سوپادا بچنە بەرەکانی شەڕ. ئەرکی ئەوان پاسەوانی چادرەکان و ئاگاداری سەربازە بریندارەکان بوو.
لە شەڕی یارموک (٦٣٦ز)، سوپای عەرەب هەڵاتن و هاتنە سەر چادرەکان، بەڵام کاردانەوەی توندی ژنانی ئامادەبوویان بەرەوڕوو بووەوە، ئیستفزازی ژنەکان وای لێکرد بگەڕێنەوە بەرەکانی شەڕ و بەپێی بەڵگەنامەكانی مێژوو دواجار سەرکەوتوو بوون، لەبەر ئەوەی بەشداری ژنان لە بەرەكانی جەنگ ورە و ئازایەتییان پێ بەخشی.
بەڵام بە گشتی بە لێکۆڵینەوە لە مێژووی مرۆڤایەتی بۆمان دەردەکەوێت کە شەڕەکان بۆ ژنان وێرانکەر بوون. بە تایبەت کاتێک لایەنی بەرامبەر شکستی هێنا، ژنانیشیان لەگەڵ غەنیمەتەکانی تردا دەبرد. ژنان چ سەر بە بنەماڵەی شاهانە بن یان چینی خوارەوە، هەندێک جار بەسەر سەربازەکاندا دابەش دەکران یان لە بازاڕەکاندا دەفرۆشران، ئەمەش بە هەر شێوەیەک بێت ژیانی ئەوانی وێران دەکرد.
بەڵام لە لایەکی ترەوە؛ کاتێک بەشداریکردن لە شەڕدا بوو بە حەتمی، نموونەی ڕوونمان هەیە کە ژنان لە بەرەکانی شەڕدا بەشداری دەکەن، تەنانەت وەک ژەنەڕاڵێکی سەرەکیش.
بۆ نموونە لە مێژووی بەریتانیادا، شاژن بودیکا (٦١ی زایینی کۆچی دوایی کردووە) دەزانین کە چەند جارێک شەڕی لەگەڵ ڕۆمەکان کردووە و بەرەنگاری بووەتەوە، کاتێک بەشێک لە بەریتانیا لە ژێر دەسەڵاتی ئەواندا بووە.
کاتێک بۆدیکا بۆ یەکەمجار بەرامبەر ڕۆمەکان وەستایەوە، شکستی هێنا، لە ئەنجامدا دوو کچەکەی لەبەردەمیدا دەستدرێژی سێکسی کرایە سەر. ئەم ڕووداوە توڕەیی توند و هەستی تۆڵەسەندنەوەی وروژاند؛ ئەو هەنگاوی ناوە و هۆزە جیاوازەکانی بەریتانیای لە دژی ڕۆمەکان یەکخست و دواتر شەڕی ڕاگەیاند.
لە نێو ژنە و جەنگاوەرەکاندا، ڕازیە سوڵتان (کۆچی دوایی ١٢٤٠ی کۆچی) ناوێکی ئاشنایە؛ هەمیشە بە جل و بەرگی پیاوانەوە لە گۆڕەپانەکەدا دەرکەوت و سەرکردایەتی شەڕەکانی دەکرد بۆ وەرگرتنەوەی دەسەڵاتی لەدەستچووی خێزانەکەی، هەرچەندە لە کۆتاییدا ڕووبەڕووی شکست بووەوە؛ بەڵام ئەمڕۆ هەمووان وەک پاڵەوانێکی مێینە دەیناسن.
لە هیندستان نموونەی ژنە جەنگاوەرەکان زۆرن کە لە شەڕەکانی ئازادی ساڵی ١٨٥٧ و دواتردا بەشدارییان کردووە و بەشدارییەکی بەرچاویان کردووە. لە نێوانیاندا دەتوانین ئاماژە بە “لاکشمی بای” بکەین کە لە بەرامبەر سوپای بەریتانیادا ژیانی لەدەستدا.
شایانی باسە لە جەنگی جیهانی یەکەمدا کە پیاوان لە بەرەکانی شەڕدا ئامادەبوون، ژنان لە کارگە و کارەکانی تردا بەرپرسیارێتی پیاویان لە ئەستۆ دەگرت.
لە سەردەمی شەڕەکاندا، کاتێک ژنان ئازادییان بەدەستهێنا و خەریکی چالاکی جۆراوجۆر بوون لە بواری بازرگانی و کۆمەڵایەتیدا، دوای کۆتایی هاتنی شەڕ، نەگەڕانەوە ماڵەوە و دەستیان بە ململانێی سیاسی کرد بۆ مافەکانی خۆیان و لە ئەنجامدا مافی دەنگدانیان بەدەستهێنا. مافێک کە لە ڕابردوودا قوربانی زۆریان دابوو.
لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش كوردستانی مەزن خاوەن ئافرەتانی میهرەبان بۆ خێزانەكانیانە، ئافرەتانێك لە پەنای نەرم و نیانییەوە خاوەن هەستێكی بەرزی نیشتمان پەروەرین، ئەوان لە كاتی جەنگدا ئاواتەخوازی ئاشتین، بەڵام لە كاتی شەڕ پێفرۆشتن دەبنە شێرەژنی مەیدانی جەنگەكان.
مێژووی شۆرشی نەتەوەی كورد لە هەموو بەشە پارچەكراوەكانی لێوان لێون لە ناوی ئەو ئافرەتە ئازایانەی لە مەیدانەكان خەنجەر و شمشیریان هەڵگرتوو هێرشی سەر داگیركەرانیان كرد، هەروەها لە مێژووی نوێشدا زۆرن ئەو ئافرەتانەی بە چەكی جۆراوجۆر لە پێشەوەی مەیدانی شەڕەكانەوە چەكیان كردە شان و پەلاماری دووژمنانیاندا.
ئێستاش لە ناو هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە هەر چوار بەشی نیشتمان ئافرەتان خاوەن هێز و پێگەی تایبەتن و تەیار كراون بۆ هەر جۆرە رووبەڕووبوونەوەیەكی داگیركەران.
ئافرەتانی بارزان، گەرمیان، دەشتی هەوڵیر، بادینان، شارەزوو، لە هەموو دۆخەكانەوە ئامادەگی قوربانیدانیان هەبووە.
ئەگەر پیاوان لە بەرەكانی جەنگ بووبن، ئافرەتانیش جگە لە بەرەكانی جەنگ، لە ناو خیزان و كۆمەڵگە خەریكی بەخێو كردنی منداڵانی پیشمەرگە بوون، بە هەموو ئازار و ئەزیەتەكانەوە بە بەرگە گرتنی تەواوی سەختییەكانی ژیان هۆكاری سەركەوتنی پیاوەكانیان بوونە.
ئافرەتی كورد لە ناو تەواوی مرۆڤایەتی بە روو سووری و سەربەرزییەوە ناوی تۆمار كراوە و جێگەی شانازی هەموو نەتەوەی كورد و سەرسورمانی نەتەوەكانی دیكەی جیهانن.
































































